رۆژنامەکانی تورکیا لە یادی 57 ساڵەی کۆچی دوایی نازم حیکمەت دا، ژمارەیەک لە دێڕە شیعرییەکانی ئەدیبی تورکیا و چالاکوانی سیاسی نازم حیکمەت-یان بڵاوکردەوە، وەک ئاشکرایە ئەم شاعیرە رۆژی 3 حوزەیرانی ساڵی 1963 لە مۆسکۆ، کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێ و دوور لە وڵاتەکەی خۆی، تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت. هەرچەندە فۆرمی شیعری ئەم شاعیرە، جۆراو جۆرە و لە نێوان فۆرمی تەقلیدی و تازەگەریدایە. بەڵام ئەو بەوە بەناوبانگە کە بایەخی بە شیعری ئازاد/ حر داوە. شیعری نازم بەوە جیادەکرێتەوە شیعرێکی سادە و ڕوون و راستەوخۆیە. ئەو بەهۆی گەڕانە زۆرەکانی و هاوڕێیەتی لەگەڵ چەندین ئەدیبی تورک و روس و عەرەب و ئەوروپی، خاوەنی زمانێکی شیعری دەوڵەمەند بوو، ئەم زمانە دەوڵەمەندە پاشخانێکی کولتووری فرە رەنگی لە پشتەوە بوو کە کاریگەرییان لەسەر نازم حیکمەت هەبوو. هەر ئەمەش وایکرد ببێتە شاعیرێکی تورکی خاوەن ناوبانگێکی جیهانی.

نازم حیکمەت لە سەرەتادا، لایەنگری بزوتنەوەی مستەفا کەمال ئەتا تورک بوو، بۆ دامەزراندنی کۆماری تورکیا. بەڵام دواتر دژ بەو سیستمە سیاسییە راوەستا کە ئەو بزوتنەوەیە هێنایە ئارا. ئەمە بووە هۆی زیندانی کردنی بۆ چەندین ساڵ و دوورخستنەوەی بۆ تاراوگە و شیعرەکانیشی لە وڵاتی دایک قەدەغەکرا، بەشێکی شیعرەکانی بە ناوی خواستراوەوە نووسیوە. ئەم شاعیر و ئەدیبە تورکە بەناوبانگە، بەشێکی زۆری قۆناغەکانی ژیانی، لەو شیعرانەدا باسکردووە کە بە تورکی نووسیویەتی، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا قۆناغی پیری، بە تێپەڕبوون بە ئەزمونی زیندانیکردنی و گواستنەوە و گەڕانی بە نێو وڵاتاندا. لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت:

ساڵی 1902 لەدایکبووم

هەرگیز نەگەڕامەوە بۆ زادگای لەدایکبوونم

من حەز ناکەم بگەڕێمەوە بۆ دواوە

لە تەمەنی سێ ساڵیدا، نەوەیەی یەکێک لە پاشاکانی حەڵەب بووم

لە نۆزدە ساڵیدا، لە زانکۆی شیوعی لە مۆسکۆ خوێندکار بووم

لە چل و نۆ ساڵیدا، وەک میوانی حیزبی “التشیکا” گەڕامەوە بۆ مۆسکۆ

لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە شاعیر بووم

حیکمەت وەک گێڕەرەوەیەک، بە کورتی لە شیعرەکەیدا ژیاننامەی خۆی دەگێڕێتەوە، لەوێدا باس لە وەرچەرخانە سیاسییەکانی و ئەزمونی دوانزە ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ تاراوگە و راکردن و پەناهەندەیی و گەڕان بە نێو وڵاتاندا دەکات. لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە بەرلینی خۆرهەڵات دەنووسێت و دەڵێت:

لە تەمەنی سی ساڵیدا ویستیان لەسێدارەم بدەن

لە تەمەنی چل و هەشت ساڵیدا ویستیان خەڵاتی ئاشتیم پێبدەن و

هەر ئەوەشیان کرد

لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا، بۆ ماوەی شەش مانگ، لەسەر چوار مەتر دوجا لە کۆنکرێت، دانیشتم.

لە تەمەنی پەنجاو نۆ ساڵیدا لە پراگەوە فڕیم بۆ هاڤانا و ماوەی هەژدە کاتژمێرم پێچوو.

هەرگیز لینین-م نەبینی، لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا راوەستام و چاودێری تابووتەکەیم دەکرد

لە تەمەنی شەست و یەک ساڵیدا ئەو گۆڕەی سەردانم کرد کتێبەکانی بوو

هەوڵیاندا لە حیزبەکەم دوورمخەنەوە

لێ سەرکەوتوو نەبوون

من لەژێر بتەکاندا تێکنەشکام

لە تەمەنی پەنجاو یەک ساڵیدا لەگەڵ هاوڕێیەکی گەنجدا بەناو ددانەکانی مەرگدا تێپەڕیم

لە تەمەنی پەنجاو دوو ساڵیدا، بۆ ماوەی چوار مانگ، بە دڵێکی شکاوەوە لەسەر پشت راکشام

چاوەڕێی مەرگ بووم

من پەرۆشی ئەو ژنانە بووم کە خۆشمدەویستن

هەرگیز ئیرەیم بە چارلی چاپلن نەبردووە

فێڵم لە ژنەکانم کرد

هەرگیز خراپەی هاوڕێکانم باس نەکردووە

خواردومەتەوە بەڵام هەمو رۆژێ نا

پارەی نانەکەمم بە دەستپاکی پەیدا کردووە، وای لەو خۆشییە

رۆژنامەی “هابر ترک” کە رۆژنامەیەکی تورکییە، هەندێک دیمەنی ژیانی نازم حیکمەت-ی خستووەتەڕوو، لەم بارەیەوە رۆژنامەکە دەڵێت نازم لە رۆژی 15 کانونی دووەمی ساڵی 1902، لە سالۆنیک (لە ئێستادا دەکەوێتە خۆرهەڵاتی یۆنان)، لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایک بووە. ژیانی لە زیندان و تاراوگە بەسەر بردووە، لە تەمەنی 61 ساڵی و لە بەرواری 3 حوزەیرانی 1963 لە کۆتا تاراوگەی لە مۆسکۆ کۆچی دوایی دەکات. باپیری ناوی “نڤیم پاشا المولوی”بوو کە هاوڕێیەکی نزیکی سیاسی ناسراوی عوسمانی مەدحەت پاشا بوو. باوکی حیکمەت بەگ دەرچووی ناوەندی گەڵاتە سەرای و ئەندامی دیوانی قەڵەمی بیانی و ئەفسەر لە وەزارەتی دەرەوەی عەسمانی بوو. دایکی جەلیلە خانم کچی مامۆستا ئەنوەر پاشا بوو. نازم سەروەختێک دەست بە شیعر نووسین دەکات، لەژێر کاریگەری باپیری نڤیم پاشا بوو. ساڵی 1917لە دورگەی “هێبلی ئادا”دەڕواتە قوتابخانەی دەریایی و ساڵی 1919 خوێندنی ئەو قوتابخانەیە تەواو دەکات. پاشان وەک ئەفسەرێکی هێزی دەریایی لەسەر کەشتی “الحمیدیە” دادەمەزرێت. لە هەمان سااڵیدا دووچاری هەوکردنی سییەکان دەبێت، بۆیە بەناچاری لە ساڵی 1920 واز لە سوپا دەهێنێت. لەو سەروبەندەدا، لەناو شاعیرە گەنجەکاندا، دەبێتە ناوێکی دیار و ناسراو. یەحیا کەمال بەیاتی مامۆستا لە قوتابخانەی دەریایی، پێی سەرسام دەبێت. ساڵی 1920 لەو پێشبڕکێیەدا کە رۆژنامەی “عەلەمدار” رێکیخستبوو، پلەی یەکەم بەدەست دێنێت و بەمەش لەناو شاعیرەکاندا ناوبانگی زیاتر پەیدادەکات.

ئەو رۆژگارەی ئەستەنبوڵ داگیر کرابوو، نازم حیکمەت لە شیعرەکانیدا هانی بەرگری دەدا. ساڵی 1921 لەگەڵ “ڤالا نورالدین” دەڕۆن بۆ ئەنقەرە، پێکەوە شیعرێکیان نووسی و تێیدا داوایان لە گەنجانی ئەستەمبوڵ کرد تێکۆشن، شیعرەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی نایەوە. هەردوکیان لەشاری بۆلۆ کە دەکەوێتە نێوان ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە، بە مامۆستا دامەزران. بەپێی راپۆرتەکان بێت، نازم حیکمەت و هاوڕێی تەمەنی، لەو کاتەدا ژیانی خەبات و تێکۆشانیان پێکەوە دەست پێکرد کە زانیان پۆلیسی شاری بۆلۆ، بە شوێن هەردوکیاندا دەگەڕێت. ئەمە وایکرد پێکەوە بڕۆن بۆ مۆسکۆ. سەروەختێک دەگەنە ئەوێ، پەیوەندی بە زانکۆی شیوعی بۆ کرێکارە خۆرهەڵاتییەکان دەکەن و فێری شیعری ئازاد دەبن. نازم حیکمەت لە ساڵی 1923 یەکەم شیعری ئازاد دەنووسێت، هەندێک لە شیعرەکانی لە چەند گۆڤارێکدا بڵاودەکاتەوە، لەوانە “یەنی حەیات” و “ئایدنلک”، ساڵی 1924 خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات و بەنهێنی لە سنورەوە و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا، دەست دەکات بە کارکردن لە گۆڤاری ئایدنلک. دوای ئەوەی وەک پێشتر زانی لەژێر چاودێریدا، رۆشت بۆ ئەزمیر. ساڵی 1925 لەسەروبەندی بەرپابوونی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا، نازم حیکمەت لە میانەی ئەو لێکۆڵینەوانەی بێ ئامادەبوونی خۆی، لەسەری ئەنجامدرابوون، پانزە ساڵ حوکمی زیندانی کردنی بۆ دەردەچێت. هەر بۆیە جارێکی دی بەرەو دەرەوەی وڵات رادەکات. پاشان بە تۆمەتی پەیوەنیکردن بە رێخراوێکی نهێنییەوە، بڕیاری سێ مانگ زیندانیکردنی دیکەی بۆ دەردەچێت.

ساڵی 1928 لە باکۆ، یەکەم کتێبی بە ناونیشانی “گۆرانییە میللییەکە بۆ عاشقانی خۆر” بڵاودەکاتەوە. دواتر لە هەمان ساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا. بەڵام ئەمجارە دەستگیر دەکرێت و رەوانەی ئەنقەرە دەکرێت. دوای ماوەیەکی کورت ئازاد دەکرێت و پەیوەندی بە نووسەرانی گۆڤاری “القمر المصور” دەکات کە لە ئەستەنبوڵ بڵاودەکرایەوە. نازم حیکمەت لە هەندێک دێڕیدا دەڵێت:

جوانتر دەریا

ئەوەیە کە جارێ نەڕۆشتووین بۆ لای

جوانترین منداڵ

ئەوەیە  گەورە نەبووە

جوانترینی رۆژەکانمان

ئەوەیە نەمانبینیوە

جوانترین شتێک کە دەمەوێت بە تۆی بڵێم

ئەوەیە جارێ پێم نەوتووی

ساڵی 1929 وتارێکی بە ناونیشانی “ئێمە بتەکان تێکدەشکێنین” دەنووسێت، تێیدا بەرگری لە شاعیرە تورکەکان دەکات کە لەو قۆناغەدا کاریگەربوون، لەوانە “عبدالحق حامد گرهان” و “محەمەد ئەمین یوردگول”، وتارەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە. لە هەمان ساڵدا دوو کتێبی بڵاوکردەوە: “835 دێڕ” و “La Joconde et Si- Ya- Ou”، ساڵی دواتر ” فاران 3+1+1= 1″ بڵاوکردەوە. ساڵی 1930 بە سپۆنسەری کۆمپانیای کۆلۆمبیا، شیعرەکانی “سالکیم سوگوت” و “بحری هازر” تۆمار دەکرێت، ئەم تۆمارکردنە لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییەکی گەورەی لێدەکرێت. کەچی داوای یاسایی لە دژی تۆمار کرا. بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشان و هەردوو کتێبی “بۆچی بانارجی خۆی کوشت” و “خانوی مردووەکە”ی بڵاوکردەوە. ساڵی 1933 بە پێنج ساڵ زیندانی حوکم دەدرێت. پاشان ئازاد دەکرێت و لە ساڵی 1935 هاوسەرگیری لەگەڵ “بیرایا ئالتین” ئەنجامدەدات. دوای ئەوە بە ناوێکی خواستراو لە رۆژنامەی “ئەکشام” دەست دەکات بە نووسینی شیعری گاڵتەئامێز. ساڵی 1936 بە تۆمەتی هاندانی خوێندکاران دژ بە دەسەڵاتداران، دیسانەوە دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانی ئەنقەرە و حوکمی پانزە ساڵ زیندانی بۆ دەردەکەن. پاشان دەیهێنن بۆ زیندانی ئەستەنبوڵ و لە دادگایەکی سەربازیدا، حوکمی بیست ساڵ زیندانی بۆ دەردەکەن. ساڵی 1940 دەگوێزرێتەوە بۆ زیندانی تشانکیری، دوای ئەویش دەیگوێزنەوە بۆ زیندانی بورسە.

نازم حیکمەت سەبارەت بە ئەزموونی زیندانیکردنی دەڵێت:

پێیان زانین

ئێمە، هەردووکمان، لە زیندانین

من لەنێو چوار دیواردا

تۆ لە دەرەوەی دیوارەکان

وەلێ لە هەمو ئەوانە خراپتر

ئەوەیە زیندانمان لەناخی خۆماندا هەڵگرتووە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات نازم حیکمەت، بەردەوام بووە لەسەر نووسینی شیعر و بەرهەمهێنانی کتێب، هەرچەندە توانای بڵاوکردنەوەی نەبووە. ساڵی 1950 لە خواردن ماندەگرێت، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی “جەڕاح پاشا” دەکرێت. هەر لەو ساڵەدا، سود لە یاسای لێبوردنی گشتی وەردەگرێت و لە زیندان دێتە دەرەوە. لە “برایا هانم”ی هاوسەری جیادەبێتەوە و لەگەڵ کچی مامەکەی “مونفر ئەنداش” هاوسەرگیری دەکات کە بەردەوام لە زیندان سەردانی نازم حیکمەت-ی کردووە. نازم کاتێک هەستی کردووە دیسانەوە چاودێری دەکرێت، بڕیار دەدات بڕوات بۆ دەرەوەی وڵات، بۆیە ساڵی 1951 لە میانەی بولگاریا و رۆمانیاو لە رێگەی دەریای رەش دەگاتە مۆسکۆ.

لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو، بە بڕیارێکی وەزاری رەگەزنامەی تورکی لێوەردەگیرێتەوە. کەچی لە دەرەوەی تورکیا، بەو سیفەتەی شاعیر و ئەدیبێکی تورکیایە، رێزێکی زۆری لێ دەگیرا. لە دەرەوەی تورکیا بەشداری لە چەندین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کردووە و کتێبەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون. ساڵی 2009 بە بڕیارێکی فەرمی حکومەتەکەی حیزبی دادو گەشەپێدان، رەگەزنامەکەی بۆ گەڕێنرایەوە. ساڵی 1959 هاوسەرگیری لەگەڵ خانمی روسی “ڤیرا تۆلیاکۆڤا” ئەنجامدەدات کە نزیکەی سی ساڵ لەخۆی بچوکتر بووە. ساڵی 1963 بە جەڵتەی دڵ، کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە گۆڕستانی نۆڤۆدیفیشی لە مۆسکۆ بەخاک دەسپێردرێت.

کاتێک دیوانە شیعرییەکەی “835 دێڕ” بڵاودەکاتەوە، دەبێت جێگای سەرسوڕمانی چەندین شاعیری گەورەو ناسراوی ئەو رۆژگارەی تورکیا، لەوانە “ئەحمەد هاشم” و “یەعقوب قادری”، هەروەها کاریگەری لەسەر ژمارەیەک شاعیری گەنج هەبوو کە شوێن پێی ئەویان هەڵگرت و دەستیان کرد بە نووسینی شیعری ئازاد.

 

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: باوکی رەهەند

سەرچاوە:

الجزیرە نیت

ar.wikipedia.org

www.marefa.org

6-6-2020

ناردن: