فەلسەفە وەک تاقە چارەسەری داخرانی مێژوویی

بە درێژایی 2500 ساڵ، ژمارەی فەیلەسوفە گەورەکان لە بیست فەیلەسوف تێناپەڕێت

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

 

شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی فەیلەسوف، بە مانای راستەقینەی وشەکە، ئەو کەسەیە مێژووی فیکری کوناودەر کردووە، یان درزێکی کردووەتە دیوارە داخراوەکەی مێژوو. فەیلەسوف ئەو بلیمەتەیە، چارەسەری کێشە چارەسەرنەکراوەکەی سەردەمەکەی دەکات. هەر کەسێک ئەوە نەکات، ناتوانین بە فەیلەسوفی راستەقینەی دابنێین. ئا لێرەوەیە بەدرێژایی مێژوو، فەیلەسوفە گەورەکان، زۆر دەگمەنن. فەیلەسوف بەو مانایەی مەبەستمانە، بریتییە لە هەڵەیەک لە هەڵەکانی رۆژگار (فلتە من فلتات الزمان). فەیلەسوف ئەو کەسەیە لەدایکبوونی رووداوێکی مەزنە یان دەرکەوتنێکی پرشنگدارە لەسەر لاپەڕەکانی مێژووو. بۆچی تا ئەم ئاستە فەیلەسوف بە مەزن دادەنێین؟ چونکە ئەو کێشەیە بۆ خەڵک چارەسەر دەکات کە پێیەوە گیرۆدە بوون و بەدەستییەوە دەناڵێنن. چونکە داخرانی مێژوویی دەکاتەوە.

ئاشکرایە لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو، کێشەیەکی بێچارەسەر هەیە، یان داخرانێکی فیکریی هەیە کە بە هیچ کەسێک ناکرێتەوە، تەنها فەیلەسوفی مەزن نەبێت. بەم مانایە، فەیلەسوفە گەورەکان، مەشخەڵە پرشنگدارەکانن یان ئەو تەقینەوانەن کە لەناو دڵی داخرانەکاندا روودەدەن. هەمو رۆژێک فەیلەسوفێکی گەورە دەرناککەوێت! بۆ نمونە، بە درێژایی 2500 ساڵ لە مێژووی فەلسەفە، ژمارەی ئەو فەیلەسوفانەی دەرکەوتوون، لە بیست دانە تێپەڕ ناکات. تەنانەت ئەو بیست دانەیەش، دەکرێت کەمیان بکەینەوە بۆ نۆ یان دە ناو: ئەفلاتون، ئەرستۆ، دیکارت، سپینۆزا، جان جاک رۆسۆ، کانت، هیگڵ، مارکس، نیتچە، هایدگەر. داوای لێبوردن لەم ناحەقیی و ناڕەواییە دەکەم. چونکە فەیلەسوفانێکی دیکەش هەیە، بلیمەتی و گرنگییان، هیچی لەوەی ئەوان کەمتر نییە. هەر یەکێک لەو فەیلەسوفانە، چارەسەری کێشە بێچارەسەرەکەی، سەردەمەکەی خۆی کردووە. هەر یەکێک لەوان، حەقیقەتی شاراوە یان داپۆشراوی، سەردەمەکەی دۆزیوەتەوە و ئاشکرای کردووە. لەبەر ئەوە، دوای خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان، هەست دەکەین گەردوون فراوانتر بووە، تاریکییەکان رەوینەتەوە، مۆتەکەکان نەماون.

بۆ نمونە سپینۆزا، چارەسەری کێشەی فێندەمێنیتاڵیزمی جوولەکە/ مەسیحی کرد. وەک دەزانین ئەوە گرفتە مێژووییە بێچارەسەرەکەی، سەردەکەمەکەی بوو. ئەم کێشەیە، تەواوی ئەو سەردەمەی نیگەران و تۆقاندبوو. بۆچی؟ چونکە گەلانی ئەوروپی، خستبووە نێو جەنگێکی ناوخۆیی، نە سەرەتای هەبوو نە کۆتایی. جەنگە تائیفییەکەی نێوان هەردوو مەزهەبە سەرەکییەکە: مەزهەبی کاسۆلیکی پاپاویەت و مەزهەبی پرۆتستانتی لۆسەریی. سپینۆزا بەشێوەیەکی فەلسەفی، چارەسەری کێشەکەی کرد، ئەویش لە رێگەی بە عەقڵانیکردنی ئاین و پاکردنەوەی ئاین لە هەمو خڵتە و خورافەتێک و تڕوهاتێک. هەمو ئەوانە بە درێژایی چەندین سەدە، بەسەر یەکدا کەڵەکە ببوون و کۆنترۆڵی عەقڵی گشتی میللەتیان کردبوو. لای سیپینۆزا، هەر هەمو ئاین، لە یەک تاقە پەرەگرافدا کورتکراوەتەوە: بڕواهێنان بە یەزدان، خۆشەویستی بۆ دادپەروەریی و کاری باشە، هاریکاریی راستەقینەی هەژار و نەدار و دەربەدەر. ئاین بریتییە لە سەوداو مامەڵەی باش و دەستپاکی و راستگۆیی و رەوشت بەرزیی. ئا ئەوەیە ئاین لە دیدی سپینۆزادا. ئا ئەمەیە کاکڵە و جەوهەری ئاین، بەردەر لەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە وردەکارییە. هەرچی رق لێبونەوەیە لەوی دی، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاین یان مەزهەبی تۆ نییە، هیچ پەیوەندییەکی بە ئاینەوە نییە، بەڵکو تەنها و تەنها دەمارگیرییەکی کوێرانەیە. ئەمە بوو لەسەردەمی سپینۆزادا بڵاوبوو، وەک چۆن لە ئێستادا لای ئێمەش بڵاووە. ئەوەی لەو رۆژگارەدا باو و بڵاوبووە، بریتی بوو لە زاراوە تائیفییەکان و فەتوا تەکفیرییەکان کە مێشک و عەقڵی میللەتی پڕ کردبوو، لە فیکری دەمارگیریی و هاندانی خەڵکی بۆ ئەوەی لە رووی تائیفی و مەزهەبییەوە، بچن بەگژ یەکتردا. ئا ئەمە بووە تێگەشتنە باو و بڵاوەکە بۆ ئاین، لەسەردەمی سپینۆزا. بەڵام خۆشبەختانە، لە ئێستادا، ئەوروپای مۆدێرنەی رۆشنگەر، بەفەزڵی سپینۆزا و گەورە فەیلەسوفانی دوای ئەو، لەو تێگەشتنە بۆ ئاین رزگاری بووە. بە دروستی سپینۆزا چی کرد؟ فریدریک لۆنرا لە کتێبەکەیدا “موعجیزەی سپینۆزا” و ئەوانی دیکەش کە لەسەر سپینۆزا-یان نووسیوە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

سپینۆزا بیروباوەڕە تائیفییەکان و فەتوا لاهوتییە تەکفیرییەکانی ئاین، یان فەتواکانی پیاوانی ئاینی، لەبەریەک هەڵوەشاندەوە. توانی لە میانەی کتێبە گرنگەکەیەوە “وتارێک سەبارەت بە لاهوتی سیاسی (مەسیحی- جوولەکە)”، بە تەواوی سەرکەوێت بەسەریاندا و لەناویانبەرێت. بەڵام کوا ئەو رۆشنبیرە عەرەبەی، بوێری و جورئەتی ئەوەی هەیە، ئەوەی سپینۆزا، بەدیاریکراوی پێش 350ساڵ لەمەوبەر ئەنجامیدا، ئەویش ئەنجامیبدات. سپینۆزا چەپڵەی بۆ بانگخوازە مەسیحییە سیاسییەکان یان بەسیاسیکراوەکان لێنەدا. لەبەردەم برایانی مەسیحی (الاخوان االمسیحییین) سەری شۆڕ نەکرد، وەک ئەوەی هەنووکە رۆشنبیرانی عەرەب، لەبەردەم ئیخوان موسلمین دەیکەن. بگرە سپینۆزا وتەکانیانی لە رەگ و ریشەوە، لەبەریەک هەڵوەشاندەوە و پرۆژە لاهوتییەکەیانی یان پرۆژە ئاینییەکەیانی هەرەسپێهێنا و رەوتوقوتی کردنەوە و حەقیقەتیانی خستەڕوو.

سپینۆزا ئاشکرای کرد، ئەوان چۆن ئاین، بەو پەڕی زیرەکی و لێزانی مایکاڤیلییەوە، بۆ مەبەست و ئامانجە کەسییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن کە لای هیچ کەسێک شاراوە نییە. بەڵام بەلای بەشی زۆری میللەتە ئیماندارەکەوە، یان ئەوەی لەمڕۆدا پێی دەڵێن شەقامی عەرەبی یان تورکی، شاراوەیە. هەر بۆیە ئەو میللەتە، بێ هیچ گفتۆگۆ و قسەکردنێک، دوایان کەوتوون و وادەکەن زۆر بە ئاسانی لە هەڵبژاردنەکادا بیبەنەوە. چونکە نابێت و ناکرێت دژ بە ئاین بیت. براکەم تۆ دژ بە ئاینیت؟ پەنا بەخوا و خوا ئاگای لێمانبێت. ئێ کەواتە دەنگ بە من بدە! لەبەر ئەوەیە لە مەغریب، رێگەنادرێت مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان، بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەسیاسیکراو بەکاربهێنرێت. بۆچی؟ چونکە ئەو کەسەی ئەو شوێنانە بەکاردەهێنێت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەیباتەوە، تەنانەت بەبێ هەڵبژاردنیش هەر سەردەکەوێت! سپینۆزا بەم رەخنە رادیکاڵییەی بۆ پیاوانی ئاینی، دەرگای لەبەردەم پێکهێنانی دەوڵەتی مەدەنی عەلمانی مۆدرێن کردەوە، دەوڵەتێک بە یەکسانی ماامەڵە لەگەڵ سەرجەم هاوڵاتیاندا دەکات، بێ لەبەرچاوگرتنی بن و بنەچە و رەگەز و ئاینیان. ئەمە مانای ئەوەیە، سپینۆزا کێشەی سەردەمەکەی چارەسەرکرد. چونکە کلیلی هزری، بەخشییە گەلانی ئەوروپا کە لە نێوان خۆیاندا ناکۆک و ناجۆربوون، تاکو لە رێگەی ئەو کلیلەوە، عەقڵیەتی تائیفی و جەنگە مەزهەبییەکان تێپەڕێنن. ئەو لەسەر خاک و سەرزەمینی خۆیان، روبەڕویان بوەوە و شڕو شیتاڵیانی دەرهێنا. سپینۆزا وەک “دیکارت”ی مامۆستای، پاڵەوانی فیکرە. بۆچی وا دەڵێین؟ چونکە رۆحی، لە مۆتەکە و دێوەزمەی لاهوتی تاریکبین و بەئاینکراوی کوشندە/ التدین االقاتل، ئازاد کرد. ئەوە بوو سپینۆزا ئەنجامیدا. لەبەر ئەم هۆکارەیە دەڵێین لەدایکبوونی، دەرکەوتنێکە یان رووداوێکی گرنگە لە مێژووی فەلسەفەدا. ئەو هەرچەندە تەمەنی لە 45 ساڵ تێنەپەڕی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، توانی میژووی فیکری مرۆڤایەتی کوناودەر بکات. جا بۆ ئەمە کەمە؟ لەبەر ئەوەیە فەندەمێنیتاڵیستەکان، تا ئەم ساتەوەختەی ئێستاش، نەفرەتی لێدەکەن. تا ئەم چرکە ساتەی ئێستاش، فەتوای تەکفیکردنی هەر بەدواوەیە. کەچی دوای هەمو ئەوانە، دێن و پێت دەڵێن: براکەم فەلسەفە چ کەڵکێکی هەیە؟ رۆشنبیریی و رۆشنبیر چ سودێکیان هەیە؟ سودەکەیان تابڵێ مەزنە، وشە لای ئەوان، لە گوولە بەهێزترە! بەو مەرجەی بە قەبارەی سپینۆزا یان دیکارت یا کانت یاخود هیگڵ…هتد، بلیمەتبن.

 

قوتابییەکانی سپینۆزا

هەنووکە دەگوازینەوە بۆ سەردەمی رۆشنگەریی، واتە سەردەمی ڤۆڵتێر و دیدرۆ و جان جاک رۆسۆ و کانت و فەیلەسوفانی رۆشنگەریی دوای ئەوان. ئەوانە هەر هەمویان، بەشێوەیەک لە شێوەکان، قوتابی سپینۆزا بوون. ئەگەرچی سپینۆزایان تێپەڕاند و کۆمەڵێ زیادەی گرنگیان بۆ سەربارخست. ئەوان بە شێوەیەکی رادیکاڵ، دیدگای ئێمەیان بۆ تێگەشتن لە حەقیقەت یان بۆ وێناکردنی حەقیقەت، گۆڕیی. هیچ گومانی تێدا نییە سپینۆزا، پێش ئەوان، باسی لەو مەسەلەیە کردبوو. بەڵام سپینۆزا لەسەردەمەکەی خۆیدا، واتە سەدەی حەڤدەهەم، بە تەنها بوو. بەڵام ئەوان، لە سەدەی هەژدەهەم، رەوتێکی درێژ و پان و پۆڕیان پێکهێنابوو. حەقیقەت لەیەککاتدا، هەم رەخنەی لێدەگیرا و هەم ئازاد کرا. بەو مانایەی، چیتر سەرجەم وتە و لێدوانەکانی پیاوانی ئاینی، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، بە راست دانەدەنرا، تەنانەت ئەگەر ئەو وتە و لێدوانانە هی خودی “پاپا”ش بێت! بەڵکو پێش ئەوەی قسەکانیان، قبوڵبکرێت یان رەتبکرێتەوە، دەبێت یەکەمجار لە بێژنگ بدرێت و بخرێتە تای تەرازوی عەقڵەوە. لێرەوە حەقیقەت بە پلەی یەکەم، رەخنە بوو، لە خورافاتی فەندەمێنیتاڵیستە تەکفیرییەکان و رقە تائیفی و مەزهەبییەکەیان، کە وەک ژەهر دەرخواردی میللەتی داماو و بەستەزمان و نەزانیان دەدا، بگرە دەرخواردی میللەتێکیان دەدا کە لەو رۆژگارەدا، بەشی هەرە زۆری نەخوێندەوار بوو.

بەڵام فەیلەسوفەکان بوێری و جورئەتی ئەوەیان کرد، بڵێن ناتەواوییەکە لە خودی میللەت خۆیدایە! لەبەر ئەوە، پێویستە میللەت، لە زەلکاوی نەزنین و دواکەوتن و شوێنکەوتنی کوێرانەی پیاوانی ئاینی، دەربهێنرێت. بەمانایەکی دی، بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە رووبدات کە داواکراوە و چاوەڕوان دەکرێت، پێویستە لە خاڵی سەرەتاوە دەست پێبکەین: واتە رۆشنبیرکردن و خوێندەوارکردن و پەروەردەکردنی میللەت، بە تایبەتی رۆشنکردنەوەی. بۆ بەدیهێنانی ئەوە، فەیلەسوفانی رۆشنگەریی، جەنگێکی بێئامانیان لەگەڵ پیاوانی ئاینی بەرپاکرد کە کۆنترۆڵی عەقڵی میللەتیان کردبوو، وەک چۆن شێخ و مەشایخەکانی شاشەکان، لە حاڵی حازردا، کۆنترۆڵی جەماوەری موسڵمانیان کردووە. ئیدی ئا لەو چرکەساتەوە، بەرهەمە گەورەکان دەرکەوتن، وەک نامە فەلسەفییەکان، نامەیەک دەربارەی لێبوردەیی، فەرهەنگە فەلسەفییەکەی ڤۆڵتێر. بێگومان نابێت کتێبەکانی جان جاک رۆس-مان لەبیربچێت کە تێگەشتنی ئوسوڵی تائیفەگەریی کۆنی بۆ ئاینی مەسیحی، لەبەریەک هەڵوەشاندەوە. لەبری ئەوە، لەیەککاتدا، تێگەشتنێکی عەقڵانی و رزگاریخوازانەی نایابی خستەڕوو.

ئەمەیە جیهانی عەرەبی، بەشێوەیەکی ئازاربەخش لێی بێبەشە. دواتر رۆسۆ، دابەزییە نێو جەرگەی ئەو هەراو زەنایەوە و رووبەڕووی مەترانی پاریس راوەستا، کە پێشتر هێرشی کردبووە سەر رۆسۆ و تەکفیریی کردبوو. رۆسۆ بەو پەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە، وەڵامی دایەوە، بگرە نووسینێکی زۆر بەهێز و نەمری لەسەر نووسی. نازانم چۆن چۆنی بوێری ئەو نووسینەی هەبووە، لەکاتێکدا رۆسۆ سەر بە کەمینەی پرۆتستانت بوو، کەچی بەو شێوەیە لەبەردەم گەورەترین کەسایەتی کاسۆلیکی فەرەنسا راوەستا! مەزنی رۆسۆ ئا لێرەدایە. ناوکی کەلتووری رەقی چەقبەستوی، لەناوجەرگەی داخرانە ئاینییەکان، تەقاندەوە و کردی بە دوو لەتەوە. ئیدی ئا لەو کات و ساتەدا، تاڤگەکانی روناکی هەڵقوڵین و داخرانی مێژویی کرایەوە و خەڵکی هەناسەیەکی خۆشی و شادیان هەڵمژی. خەڵکی لەو کاتەدا، زانییان گەیشتوونەتە کەناری ئارام و فیکری رۆشنگەریی چاوەڕوانکراو، وا لە دەرکەوتندایە.(لە نێوان دوو کەوانەدا، لە دوای دەرکەوتنی دیکارت، فەرەنسییەکان هەستیان بە هەمان شت کرد. ئەڵمانەکان دوای دەرکەوتنی کانت یان هیگڵ، هەمان هەستیان هەبوو. تەنها عەرەب نەبێت کەس نییە بۆ حاڵی بگری). رۆسۆ بەو کارەی، وزە شاراوە یان خەفەکراوەکەی گەلانی ئەوروپای رزگار کرد. بە مانایەکی دی، گەلانی ئەوروپی لەو مۆتەکە تاریکەی ئاین دەرهێنا کە لەو رۆژگارەدا، باڵی بەسەر ئەوروپادا کێشابوو. مۆتەکەیەک دەستی خستبووە بینەقاقای و خەریکبوو دەیخنکاند و لە رێگەی ململانێ تائیفییەکان و جەنگە مەزهەبییەکانەوە، ئیفلیجی کردبوو. لای ئەوروپییەکان، تێگەشتنی تاریکبینانەی کۆن بۆ ئاین، گەورەترین داخران بوو یان گەورەترین کێشەی بێچارەسەری مێژوویی بوو. وەک حاڵی ئێمە لە ئێستادا. لەم لایەنەوە، ماوەی مێژویی نێوان ئێمە و ئەوان، نزیکەی دوو سەد ساڵ، یان بگرە سێ سەد ساڵە.

 

پەتای فەندەمێنیتاڵیزم

تێگەشتنی فەندەمێنیتڵیزمی تەکفیریی، سەدان ساڵ بوو، هەژمونی خۆی سەپاندبوو بەسەر عەقڵی دەستەجەمعیدا. لەبەر ئەوە، خاوەنی رەوایەتییەکی مێژوویی بوو. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، فەیلەسوفەکان توانیان بیهەژێنن یان بیلەرزێنن یاخود لە ناوەوە بیتەقێننەوە. لەو رۆژگارەدا، تائیفییەت، دەردە درێژخایەنەکە بوو، هەناوی ئەوروپای داڕزاندبوو. وایکرد بوو خەڵکی رەقیان لەیەکتر بێت، بگرە لەسەر شوناس، یەکتریان سەردەبڕی. هیچ دراوسێیەک حەزی بە چارەی دراوسێکەی نەبوو، ئەگەر سەر بەتائیفەکەی یان مەزهەبەکەی خۆی نەبوایە. لەبەر ئەوە، گەڕەکەکانی کاسۆلیکەکان، بە تەواوی دابڕابوون لەگەڕەکەکانی پرۆتستانتەکان. پاشان رۆسۆ دەرکەوت و ئەم رستە بنچینەییەی وت: “هەر کەسێک ئەوانی دیکە تەکفیر بکات، پێویستە لە دەوڵەت و لە کۆمەڵگا دەربکرێت”. مەبەستی لەوە، پارتی ئیخوان مەسیحی پاپاویەت بوو کە لە رووی ژمارەوە، زۆرینەیان پێکهێنابوو. بەمەش هەڕەشەیان لەوانی دیکە دەکرد. ئەوان لەو بڕوایەدا بوون، نوێنەری رەهای حەقیقەتی ئیلاهی یان مەسیحین، تەنها لەبەر ئەوەی زۆرینەن، ئەوا ئەوانی دی، زەندیق و کافرن و دەبێت لە رەگ و ریشەوە لەناوببرێن.

لێرەوە بیرکردنەوەی لاهوتیانە یان فقهی تەکفیر، هۆکاری وێرانبوونی ئەوروپای جاران و جیهانی عەرەبی ئێستایە. لە راستیدا، ئەوە گروپە تەکفیرییەکانن کە دەبێت لە رەگ و ریشەوە دەربهێنرێن، نەک بە پێچەوانەوە. بۆچی؟ چونکە مەترسییەکی زۆر گەورەن بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکێتی نیشتیمانی لە وڵاتدا.

لە کۆتایدا دەڵێن مەزنی فەیلەسوفەکانی ئەوروپا، لەوەدایە توانیان تێگەشتنی تەکفیریی تاریکبینی جێگیر، وەک جێگیریی شاخەکان، لە عەقڵیەتی دەستەجەمیدا لەبەریەک هەڵوەشێننەوە. لە شوێنیدا تێگەیشتنی رۆشنگەرانەی لێبوردەیی، جێگیر بکەن. ئەم شتە تاکو ئێستا، لە جیهانی عەرەبیدا رووینەداوە. بگرە هەنووکە تەواو پێچەوانەی ئەوە روودەدات!

سەرچاوە

الاوان، سێ شەممە، 8 ئەیلول، 2020

 

ناردن: