سازکردن و وەرگێڕانی: بابەک سەحرانەوەرد/ تاران


عەلی ئەشرەف دەروێشیان، ڕۆماننووس و ڕووناکبیری هاوچەرخ، ساڵی 1941 لە شاری کرماشان لە خێزانێکی کورد لەدایک بووە. لە سەرەتای پەنجاکانهوه بە نووسینی چەند کۆمەڵەچیرۆکێك، وەک (لەم گوندەوە، ئابشووران)، هاتووەتە نێو دونیای ئافراندن و ئێستاکە یەکێکە لە ڕووە گەشەکانی جیهانی چیرۆک و ڕۆمانی فارسی. بەناوبانگترین بەرهەمی دەروێشیان ڕۆمانی (ساڵیانی هەوری)یە، کە لە سەردەمی خۆیدا بایەخی فرەزۆری پێدرا و وتار و ڕەخنەگەلی زۆریشی بۆ تەرخان کرا. هەرچەنده ئەم ڕووناکبیرە بە ڕەچەڵەک کوردە، بەڵام تەواوی بەرهەمەکانی بە فارسی نووسیوە و لە واقیعدا بە نووسەرێکی فارسزمان ناسراوە. تەنها کتێبێک کە لەمەڕ ئەدەبی کوردی لە ئێران چاپی کردووە، کۆمەڵەچیرۆکی نووسەرانی کوردستانی باشوورە، کە چەند ساڵ لەمەوبەر لە لایەن دەزگای بەناوبانگی (چشمە) بڵاو کرایەوە.

ناوبراو لەم گفتوگۆیەدا پتر لەمەڕ ڕوانگە و هەڵوێستە تاکەکەسییەکانی خۆی لە بواری نووسین و پرۆسەی داهێنان و بارودۆخ و ئاستەنگەکانی ڕۆشبیریی لە جیهانی مۆدێرندا بە زمانێکی خۆمانە دەپەیڤێت.

بابەک: مامۆستای بەڕێز، سەرەڕای سپاس لە ئێوە بۆ ئەم دیمانەیه، وا باشترە ئەم گوتوبێژە بە چەند پرسیاری نائاسایی دەست پێبکەین تا بگەینە پرسیارە سەرەکی و گرینگەکان. ئاخۆ هەر لە منداڵییەوە پێتان خۆش بوو ببن بە نووسەر؟
عەلی ئەشرەف: نا، ئەو کاتە قەت بیرم لەوە نەدهکردهوە ڕۆژێ دێ و دەبمە نووسەر. لەبەر ئەوەیه كە ڕەنگە نووسەری وەک هەر شتێکی دیکە تەنها یەک پێشهات بووبێت. بڕوانە، من لە خێزانێکدا پەروەردە بووم و ژیانم بردووەتە سەر، کە هەر لە ڕۆمانی چواربەرگیی (ساڵیانی هەوری)دا وەسفم کردووە. خێزانی من خێزانێکی کرێکار و ڕەنجدەر بوون، چونکە لەم خێزانە من کوڕەگەورەی ماڵەوە بووم، بۆ قوتابخانە ناردویانم. ئەو دۆخە بە جۆرێ بووە، کە نەمتوانی درێژە بە خوێندەواریم بدەم. بە ناچار هاریکاری باوکم بووم، بەڵام لەولایشەوە حەزی زۆرم لە خوێندن بوو.

بابەک: مامۆستا، هۆکاری نووسەربوونت چی بوو؟
عەلی ئەشرەف: ڕووداوەکانی چاخی سەرۆکوەزیران واتە (دکتۆر موسەدیق) و ئەو شەوقوزەوقە کە خوێندن بە گوڕوتینەوە لە مندا ڕیشەوڕەگەزی چەقاندبوو، لە واقیعدا هانی دەدام شوێن ئەم شتانە بکەوم. لە حاڵێکدا کە من تەنیا 12-13 ساڵم زێتر تێنەپەڕاندبوو و لە لایەکی ترەوە لالۆیەکم بوو، کە کارمەندی بەشدارگەی نەوت بوو، لەو چاخەدا لە ئەندامانی سەر بە پارتی توودە بوو و چاپەمەنییەکانی ئەو حیزبەی بۆ دەهێنام و منیش بە تامەزرۆییەوە دەمخوێندنەوە، بە جۆرێ، کە دواتر تاسەی من لە لالۆکەم زێتر بوو و دەچووم و هەموو بڵاڤۆكەکانی ئەو چاخەم دەکڕی و ئەمخوێندنەوە. کتێبگەلی زۆرم دەخوێند و بەرلەمەش لە ماڵی ئێمە کتێبێک وەک (ئەمیر ئەرسەلانی ناودار) دەخوێندرایەوە یا باوکم شێعری ئەوت، کە من بۆم ئەنووسی. تەواوی ئەم ڕووداوانە منیان بە لای خۆیان بە مەبەستی نووسین و خوێندنەوە هەڵدەخراند. بەڵام چ کاتێ ئامانجم نەبوو ببمە نووسەر. تەنیا کاتێ ڕووم هێنایە نووسین، کە قوتابیی دواناوەندی لە پۆلی سێهەم بووم و ڕۆژنامەی دیواریمان دروست دەکرد. ئەم کارە بووە هۆی ئەوە کە خۆم هێڵکاری و نووسینی تێکستەکانی ڕوژنامەکە بگرمە ئەستۆ. دواتر تەنانەت بە یارمەتیی هاوڕێکانم گۆڤارێکمان دەرکرد. واتە گۆڤارێک کە دەکرا بیدەینە دەست هاوڕێکانی دیکەمان بە مەبەستی خوێندنەوە. لەسەر ڕووبەرگی هەوەڵین ژمارەی ئەو گۆڤارەدا وێنەی (ئەمیر کەبیر)مان نەخشاندبوو و هەروا کە ئاماژەم پێدا، خۆم گشت کارەکانم لە ئەستۆ گرتبوو. ئەم گۆڤارە لە نێوان قوتابیان دەست بە دەست دەگەڕا و دەخوێندرایەوە. دواتر هەر لەو تافەدا دەستم کرد بە نووسینی ڕۆمانێک، کە یەکەم بەشی لە سێ چوار لاپەڕەدا نووسیبووم و دواتر هاوڕێکانم دەیانگوت: دوایییەکەی بوو بە چی؟

بابەک: لە ئەنجامدا هەوەڵین بەرهەمی خۆتان لە چ تەمەنێك و لە کوێدا چاپ کردووە؟
عەلی ئەشرەف: من بۆ چاپی بەرهەمەکانم هەر خۆم دەپاڕاست، دەمگوت دەبێ کاتێ بەرهەمێک لە قەوارەی کتێبدا ئاڕاستەی خوێنەر بکەم، کە بە کەڵکی خوێندنەوە بێت. لە حاڵێکدا کە نووسراوەی زۆریشم بە دەست بوو، بەڵام لە بڵاوکردنەوەیان خۆم زۆر دەپاراست. هەوەڵین بەرهەمم بە شێوەیەکی جیددی لە بەندیخانەی کرماشان نووسیوە. واتە هەر ئەو کاتەی کە لە پرسینەوە و ئیفادەکان ڕزگار بووم و ڕەوانەی بەندیخانە کرام، کاغهز و پێنووسیان پێداین و قۆڵم هەڵماڵی بۆ نووسینی چیرۆکی (ئێران)، کە هەر چیرۆکی (نییەتی) بوو، کە وەک دوایین ئەزموونی من لەو هەڕەتەدا دەهاتە ئەژمار و تازە ببوومە مامۆستای قوتابیان. هەڵبەت مەسەلەیەک لەسەر من لە بۆ مامۆستابوونم هەرە کاریگەر بوو، ئەوەش خوێندنی زنجیرە تێکستێک بە سەردێڕی (یاداشەکانی مامۆستایەک) بە پێنووسی (محەمەد عاسمی) بوو و لە گۆڤاری (ئۆمیدی ئێران)ی ئەو سەردەمە چاپ دەبوو. ئەم زنجیرە تێکستە ڕۆڵێکی کارای لەسەر من هەبوو تا ببم بە مامۆستا. ئەو تێکستە لێشاوی چەرمەسەری و مەینەتییەکانی مامۆستایەکی دەخستە بەرچاوم، مامۆستایەک کە بە هۆی هەژارییەوە، لە وەرزی هاوین ناچارەکی مێوەی دەفرۆشت. بەڵام بە تەواوی ئەو کێشە و ئاستەنگانە، تامەزرۆیی و حەزێکی زۆرم لە مامۆستایی بوو. لە حاڵێکدا کە مامۆستایی و ڕۆیشتن بەرەو گوندەکان زۆر یارمەتیدەرم بوو تا ڕوانگەیەکی نوێ بۆ ژیان دابین بکەم و لە نزیکەوە لەگەڵ مەینەتی و هەژاریی خەڵکانی وڵاتەکەم ئاشنا ببم. ئەوە بوو لە ساڵی 50ی هەتاوی کاتێ کە دەستبەسەر و لە ئەنجامدا بەندی بووم، زۆربەی چیرۆکەکانی کۆمەڵەچیرۆکی (لەم گوندەوە)م لە زەینمدا داڕشت. چونکە نەمتوانی ئەو تێکستانە لەوێ بێنمە دەرێ. بۆیە هەر ئەو کاتەی ڕزگار بووم، تەواوم ڕشتە سەر ڕووپەلی کاغهز و هەوەڵین چیرۆکێک کە لە چاپم دا، ناوی (باخچە چکۆلەکەی ئێمە) بوو کە لە گۆڤاری (فردۆسی)ی ئەو چاخە بڵاو کرایەوە.

بابەک: مامۆستا، دەتوانم لێتان بپرسم کە نووسەرە خۆشەویستەکانی ئێوە کێن؟
عەلی ئەشرەف: من وای بۆ دەچم بە درێژایی ژیانی مرۆڤ نووسەرە خۆشەویستەکانی هەر کەسێک ئەگۆڕێ. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ئێمە چیمان لە نووسەران ئەوێ و چۆنچۆنی بەرسڤی هیوا و خولیاکانمان ئەدەنەوە. ئەگەر چۆنیەتیی سەرەتای ڕەوتی نووسینم بۆ ئێوە بخەمە ڕوو، پێتان سەیر دەبێت. من پتر ئەو بنووسانە کە چیرۆکی ئاساییان دەنووسی و بە نووسەرانی (پاوهرەقینووس)  یاخود بە (پەراوێزی) ناسراو بوون، بە نووسەرە خۆشەویستەکانی خۆمم دەزانی، چونکە لەو تافەدا کە 13 ساڵانە بووم، کاتێ گۆڤارەکانم دەخوێندەوە، بە زۆری حەزم لەو جۆره ئەدەبە ئەکرد، بۆ نموونە، لە هەرەتی جەحێڵیدا بەرهەمەکانی (ئیبراهیم مودەڕەسی)م دەخوێندەوە، کە دەقەکانی لە گۆڤاری (تەرەقی) چاپ دەبوون. ئەمە سەرەتای چێژ و لەززەتە ئەدەبییەکانی من بوون، بەڵام هەروا کە گەورەتر ئەبووم و بەرەبەرە خوێندەوارییەکەم پەرەی دەسەند، لەززەتم لە بەرهەمەکانی هەندێ نووسەری دیکەش ئەبرد هەتا گەیشتمە خوێندنی بەرهەمەکانی (سادق هیدایەت). شایانی باسە هەوەڵین دەقێ کە لەم نووسەرەم خوێندهوە، چیرۆکێک بوو کە داپیرەم بۆی گێڕابوومەوە. داپیرەم لەسەر نیگا و ڕوانینم بۆ چیرۆک زۆر کارتێکەر بوو. هەم لە بواری چیرۆکبێژی و هەم لە دەڤەری چیرۆکخوێندن. ئەو چیرۆکەش کە ئاماژەم پێدا، ناوی (داوای لێبوردن) بوو. وێدەچێ چ کاتێ نەبوو ئەم پرسە ئاڕاستەی داپیرم بکەم کە ئاخۆ ئەم چیرۆکەی لە کەسێ بیستووە یا کەسێک بۆی خوێندووهتەوە یان هەر چیرۆکی ڕەمەکی و عەوامانە بووە، کە لەو چاخەدا سەرزاری خەڵکی کەوتووە. بەر لەمە، چیرۆک بۆ من ببووە هەرامەیەکی هەرە سەیروسەمەرە. وردەوردە لە کاتێکی دیکەدا چاوم کەوتە سەر بەرهەمەکانی (سادق چووبەک) و لێی ورد بوومەوە. کە گەورەتر بووم، ئاوڕم لە بەرهەمەکانی (ئەحمەد مەحمود)، کە ئێستاکەش چێژێکی زۆر لە بەرهەمەکانی ئەبەم، دایەوە. دواییش خوێندنهوهی بەرهەمی نووسەرە بیانییەکانم لە ڕێچکەی وەرگێڕانەوە دەست پێکرد، لەم نێوانەدا (ماکسیم گورکی)م زۆر بەدڵ بوو و زۆریشم تاسە ئەکرد. چونکە بە ژیانی من و ئەو بارودۆخەی کە تێیدا ئەژیام، نزیکایەتییەکی هەرە سەیری بوو. بەم هۆیە، بەرهەمێن (گورکی)م پەسەند دەکرد و دوای ئەویش گەیشتمە خوێندنی بەرهەمێن (شۆڵۆخۆف)، کە (دۆنی ئارام)م چەنها جار خوێندووهتەوە، هەروەتر ڕۆمانی (شەڕ و ئاشتی)ی تۆڵستۆی و چەنها ڕۆمانی دیکەش.

بابەک: ئەمڕۆکە و لەم تەمەنەدا بەرهەمی کام نووسەرانت بەدڵە و کام بەرهەمیان دەخوێنیتەوە؟
عەلی ئەشرەف: ئیمڕۆکە ئەگەر بمەوێ پێڕستێک لە نووسەرە دڵخوازەکانم بە دەستهوه بدەم، دەبێتە پێڕستێکی هەرە درێژ، کە ڕەنگە کەسانێ جێ بهێڵم و پێم جوان نییە ئەم شتە ڕوو بدات.

بابەک: لەم پرسیارانەوه بە نووسەرە ناوخۆیییەکان واتە (ئێرانییەکان) دەگەین. مەبەستم لە پرسیاری پێشوو، بەرهەمی نووسەرە بیانییەکانە.
عەلی ئەشرەف: ئیستاکە بەرهەمەکانی (مارکێز)م فره خۆش ئەوێ و هەروا ڕۆمانەکانی (تۆنی مۆریسۆن)، (یۆسا) و … هتد. هەڵبەت (میلان کۆندێرا)ش دەخوێنمەوە، بەڵام لەمەڕ بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە هەڵوەستەیەکی تایبەتیم هەیە، کە لە دەرفەتێکی دی ئاڕاستەی دەکەم.

بابەک: وا دەزانن باشترین ڕەخنەیەک کە بۆ بەرهەمەکانی ئێوە تەرخان بووە، کام ڕەخنەیە و تا چ ڕادەیەک بەدڵتان بووە و پێی قایل بوون؟
عەلی ئەشرەف: لە ڕاستیدا بەرهەمەکانم کاتێکی درێژخایەن بە بێدەنگی بەرامبەر بوون. ڕەنگە بۆ بەرهەمەکانی من چ بایەخ و گرینگایەتییان تەرخان نەکردبوو تا بێن و ڕەخنەیەکی ئاڕاستە بکەن. بەڵام دواتر بیستم کە هەر لە ساڵانی بەر له ڕاپەڕینی 57، چەند کەس بۆ کۆمەڵەچیرۆکی (لەم گوندەوە) ڕەخنەیان نووسیبوو، بەڵام ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە چاپیان نەکردبوو. دوای ڕاپەڕین لەملاولا لەمەڕ بەرهەمەکانم شتیان دەنووسی و باشترین ڕەخنەیەک کە خۆم خوێندوومەتهوه و بەدڵیشم بووە، ڕەخنەی ڕێزدار (حەسەن فەڕوخ سرێشت)بوو، کە لەمەڕ کۆی بەرهەمەکانم ئاڕاستەی کردبوو و لە گۆڤاری (فەرهەنگی تەوسەعە) چاپ بوو.

بابەک: لە کاتی نووسیندا ئاوڕت لە چ شتگەلێک ئەدایەوە، پتر لە هەر شتێکی دی؟
عەلی ئەشرەف: لەو شتانەی کە پتر ئیشم پێیان بوو و بەردەوام لە داڵغەمدا لە هاتوچۆدا بوون. بە ژان و کوێرەوەریی خەڵکی عەوام، بەو هەمووە زوڵمە کە لێیان دەکرێ. زۆر بیر لە بەتاڵبوونی ژیانیان دەکەمەوە. ئاوڕ لە تەواوی ئەم شتانە ئەدەمهوه و زۆریش لێیان ڕادەمێنم.

بابەک: ئاخۆ بیروباوەڕتان بە شتێک بە ناوی (ئیلهام) هەیە؟
عەلی ئەشرەف: نا، هەتا ئێستا شتێک بە من ئیلهام نەبووە.

بابەک: ئایا بەر لە نووسینی ڕۆمانێک، پێشتر گەڵاڵەی ئەو ڕۆمانە لە زەینی خۆتاندا دائەڕێژن؟
عەلی ئەشرەف: نووسەر هەندێ جار وێنەگەلێکی فرەزۆری لە زەیندایە. ئەمن ئێستا لە ژوورەکەم دەچمە دەرێ، ڕەنگە ئەم دیمەنە بێتە بەرچاوم کە دایکێک دەستی منداڵەکەی گرتووە و چاوەڕێی پاسە یان وای دابنێ، دایکێ کە منداڵەکەی بە دزییەوە لە سەوەتەی میوەفرۆش میوە هەڵدەگرێ و دوور لە چاوی دایکی دەیخوات. زۆر جار لەم وێنەگەلە ورد دەبمەوە و هەمیشە لە زەینمدا جێ خۆش دەکەن. دوای ئەمە، کاتێ دەمەوێ چیرۆکێک بنووسم، لە زۆر جێگەی دەقەکانم کەڵک لەم وێنەگەلە وەردەگرم. واتە دەتوانم بە ئاوێتەکاری و چێکردنی ئەم وێنەگەلە لە ڕێی ئەو ئامانج و بیروبڕوایەم زۆر شت بێنمە سەر ڕووپەلی کاغهز. بەم شێوە زۆربەی وێنەگەلی ڕۆمانی (ساڵیانی هەوری)م لە بەندیخانەی (قەسروئەوین)  نووسیوە. لە بیرمە لە کاتی خویندنی ڕۆمانی (گیانی شیفتە)ی ڕۆمەن ڕۆڵان یەکێک لە هاوڕێکان پێی وتم ئاخۆ تا ئێستا هەوڵت داوە ڕۆمانێ بنووسی؟ منیش هەر زوو قۆڵم هەڵماڵی بۆ نووسینی ڕۆمان و هەستم ئەکرد دەتوانم بەرهەمێ بەو شێوەیە بنووسم، کە هاوشێوەی ژیانی خۆم بێت. لە تەنیاییدا بیرم دەکردەوە و وردەوردە وێنەگەلێک لە بەرچاوم گیانیان دەگرت، وەک کەسێتیی و هەندێ شتی دی. ئەوە بوو کاتێک لە زیندان ڕزگار بووم، دەستم بە نووسین کرد. یاداشتی زۆرم هەڵگرت و هەموویانم کۆ کردنەوە. وێنەگەلێکی زۆرم بە دەستەوە بوون. قسەگەلێکی زۆرم لە جەماوەری عەوام کۆ کردبوونەوە و زۆرشتی دیکەش لە زەینمدا بوون، کە هەر لە هاتوچۆدا بوون.

بابەک: ڕێزدار دەروێشیان، ئاخۆ لە کاتی نووسیندا، بایەخ بە خوێنەر و بەردەنگیش ئەدەن؟
عەلی ئەشرەف: بەڵێ، لە بنەڕەتەوە یەکێک لەو پرسە سەرەکییانە کە منی بە لای خۆیەوە هەڵخراندووە و منیش زۆری لێ ورد بوومەوە و بۆم بووەتە مەسەلەیەکی هەرە جیددی و دیار، مەسەلەی خوێنەرە. لە ڕاستیدا باوەڕم بەوە نییە ئێستا بێم شتێ بنووسم، کە سەد ساڵ یاخود دووسەد ساڵی تر بێن و بەرهەمەکانم بخوێننەوە و بڵێن بڕوانن، ئەم بنووسە چ شاکارێکی داهێناوە. هەر لە بنەڕەتەوە ئیمانم بەم قسە پووچ و بێکەڵکانە نەبووە. لەبەر ئەوەی کە من بۆ سەردەمی خۆم دەنووسم و زۆریش داخوازم کە ژان و مەینەتی و کێشەکانی ئەم چاخە بگێڕمەوە و ئاوڕێکی تەواوهتییان لێبدەمەوە. مەگین زۆر نووسەرمان ئا بەم شێوەیە نەبووە. سادق هیدایەت مەگین بۆ ڕۆژگاری خۆی نەینووسیوە.

بابەک: بە بڕوای خۆتان، کام کتێب لە پرۆسێسی نووسەریتان لەسەر ئێوە کارلێکەر بووە؟
عەلی ئەشرەف: لەمەڕ نووسەربوونی خۆم دەبێ بڵێم کتێبە وەرگێڕدراوەکانی سەر زمانی فارسی و هەروا بەرهەمێن نووسەرانی ناوخۆیی بەگشتی لە مندا کارتێکەر بوون. هەروەتر، ئەو کتێبانە کە لە نووسەرە کۆنەکانی ئێران بوو، ئێستا چ لە دەڤەری شێعر یاکوو پەخشان، بەگشتی لە مندا کارتێکەر بوون. بۆ نموونە، لە بیرمە ئەو کاتەی کە مامۆستای قوتابخانە بووم، تەواوی سێ مانگەکەی هاوینم بۆ خوێندنەوەی (شانامە)ی فێردۆسیی مەزن تەرخان کردبوو. واتە لە هەوەڵەوە تا ئەنجامی ئەم کتێبەم تێکڕا خوێندووهتەوە. ئەمە ئەو کاتە بوو، کە دەرچووی كۆلێژی ئەدەب بووم و دیارە گەنجیش بووم. دواتر (مەسنەویی مەولەوی)م تەواو کرد. (خەمسەی نیزامی)شم هەر لەو تافەدا خوێندووهتەوە. بڕوانە، من هێشتا نەچووبوومە زانکۆ، کە زۆربەی ئەدەبی کلاسیکی ئێرانم خوێندبووەوە، بەرهەمگەلی (سەعدی)م خوێندبوو. لە یادمە ئەو کاتە (شانامە)م دەخوێندەوە، هێندە کەوتبوومە ژێرپەنجە بەهێزوگوڕەکەی فێردۆسی، کە شێعرم وەکو ئەو ئەنووسی و کاتێ ئەمویست قسەش بکەم، قسەکانم وەزنی هەبوو. بەگشتی، تەواوی ئەو کتێبانە تەئسیرێکی زۆروزەوهندیان لەسەر من دانابوو.

بابەک: دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانت، ئاخۆ بۆ دواهەمین جار دەیانخوێنیتەوە و بەسەریاندا دێیتەوە؟
عەلی ئەشرەف: بەڵێ دەیانخوێنمەوە. بە ڕای من، نیوەی ئیشەکەی من دەبێ خوێندنەوە بێت. ئێستاش دەبێ زۆر شت فێر بم.

بابەک: نا، نا مەبەستم شتێکی دیکە بوو. بۆ نموونە ڕۆمانی (ساڵیانی هەوری)ت دوای چاپ خوێندووهتەوە؟

عەلی ئەشرەف: بەڵێ، خوێندوومەتەوە.

بابەک: تا ئێستا بۆت هەڵکەوتووە دەستێک بەسەر بەرهەمەکانی خۆت بکێشی و بەشێکیانی لێبگۆڕی یا پێ زیاد بکەی؟
عەلی ئەشرەف: لە خوێندنەوەکانمدا هەندێک جار وا هاتووهتە بەرچاوم، کە چەندە باش ئەبوو کە ئەو بەشەم دەقرتاند یان لەو بەشەدا فڵان ڕووداوم بۆ دائەتاشی. قسەکەت جوانە. زۆرجار دانیشتووم و نوسینەکەم بە وردی خوێندووهتەوە.

بابەک: ئاخۆ تا ئێستا پێش هاتووە گۆڕانکارییەک لە چاپە تازەکانی کتێبەکانت بە ئەنجام بگەیەنیت؟
عەلی ئەشرەف: بڕوانە، من لە چاپی سێهەمی ڕۆمانی (ساڵیانی هەوری)دا، بڕێ گۆڕانکاریم ئەنجام دا. واتە یەکجاری تەواوم خوێندەوە، کە زۆریش بە پێویستم دەزانی. واتە دەهاتم و ئەو شوێنانە، کە هەم زۆر و هەم درێژیش بوون، دەمقرتاندن. نەک ئەوەی کەسێک بێت و بە زۆرەملێ ئەم جۆرە ئەرکەم بەسەردا بسەپێنێت. کتێبی من لە ساڵی 1991دا چاپ بوو و هەر لەو ساڵەدا بۆ دووهەمین جار هەمیسان لە چاپ درا. هەرچەند ماوەیەک لە ئیدارەی سانسۆری وەزارەتی فەرهەنگی ئێران مابووهوە، بەڵام دوای ساڵی 1991، تا ساڵی 1997 ئیزنی چاپی ئەم ڕۆمانەم وەرنەگرت. هەر ئا لەم ساڵگەلەدا بوو کە بە هاتنەسەرکاری (دەوڵەتی خاتەمی)ی سەرۆککۆمار و موهاجیرانی (وەزیری فەرهەنگ) جۆرە ئاسانکارییەک لە وەزارەتی فەرهەنگ هاتە گۆڕێ. هەڵبەت نە تا ڕادەیەکی گونجاو و ئارمانی. ڕۆمانی (ساڵیانی هەوری) کە بڕیار بوو لەو 2300 لاپەڕەی، دەبێ 700 لاپەڕەی بقرترێ، منیش بەم زوڵمە هەرە کەشەنگ بووم و پێی قایل نەبووم و هیوای چاپەکانی دیکەشم هەر نەبوو. لە ئەنجامدا ناچارەکی قرتاندم و هەمیسان ڕۆمانەکە چاپ بوو، کە شیاوی باسە پێشوازییەکی فرەزۆری لێکرا. ئاماژەش بەم مەسەلەیە، من هەشت کتێبی دیکەم نووسیوە، کە تا ئێستا ئیزنی چاپیان نەداون، واتە شتاقیان چاپ نەبوون و هەروا لەسەر دەستم ماسیون.

بابەک: یەکێک لە گیروگرفتەکانی کۆمەڵگەی ئەدەبیی ئێران، کە زۆریش ڕەنگی داوەتەوە، نەبوونی هەڵوەستە و ڕوانگەیەکی تایبەتیی هەر نووسەرێكه لەمەڕ بەرهەمێن نووسەرانی دیکە. بە داخەوە بەم جۆرە کە دیارە ئێوەش خۆتان تووشی ئەم گرفت و تەنگژەیە کردووە. پرسیاری من ئەمەیە: ئاخۆ فەزای ڕەخنە لە کۆمەڵگەی ئەدەبیی ئێران هێندە ڕەچاو نەکراوە، گەندەڵ و ناخاوێنە، کە ئێوەش ناوێرن هەڵوێست و بیروبۆچوونی شەخسیی خوتان بخەنە ڕوو؟
عەلی ئەشرەف: یەکەمین مەسەلە کە لێرەدا شیاوی باسە، ئەوەیە کە بە داخەوە، بەگشتی، ئێمە خۆمان فێری ڕەخنەگەری نەکردووە. بە هۆی ئەوە کە ڕۆحییەیەکی زۆر زاڵمانە و دکتاتۆریمان هەیە. هەڵبەت ڕەخنەی گونجاو و شیاویشمان هەر بوونی نەبووە. زۆربەی ئەو ڕەخنەگەلە کە دەیانبینم، بەجێی ئەوەی بێت و لە خودی دەق و بەرهەم ورد بێتەوە، زەمەنی خۆی بە کەسێتیی بنووسەکە زەوت دەکا و بە لەونێک خۆیشی فریو دەدا. دەبێ ئەم کێشەیە بە لای چارەسەرکردن پەلکێش بکەین و هەوڵ بدەین تا فەزایەکی خاوێن و گونجاو بەسەر ڕەخنەدا زاڵ بێ. پێوەندیی بە منی ڕەخنەکار نییە ژیانی شەخسیی فڵان نووسەر چۆنە. ئەگەرچی ژیانی شەخسیی نووسەر لە بەرهەمەکەیدا بە جۆرێک ڕەنگ دەداتەوە. ئێمە دەبێ تەنها چاومان لە دەق ورد بمێنێتەوە و ڕەخنەی باشی ئاڕاستەی بکەین، نەک بۆ خودی بنووسەکەی.

بابەک: ئێمە ڕەخنەکاری پرۆفشناڵ و لێهاتوومان نییە، کە ئەگەر بەرهەمێ لە چاپ درا، بێت و پسپۆڕانە و ڕاشکاوانە بیروبۆچوونەکانی بەرەوڕووی بەردەنگەکانی بکاتەوە. لەولاوە چەندین قۆناغی ئەدەبیمان تێپەڕاندووە، کە لەوانەدا ڕەخنەنووسی پرۆفشناڵمان بووە و گۆڤارە ئەدەبییەکان هەریەکە ڕەخنەگەرێکی تەواوکاتیان بۆ خۆیان دابین کردبوو. بەڵام ئیمڕۆکە بە داخەوە وا نییە.
عەلی ئەشرەف: بە بڕوای من، ئەم باسە تا ڕادەیەک بۆ بارودۆخی ئێمەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا دەگەڕێتەوە. لەمەڕ ئەم مەسەلەیه، لە واقیعدا سانسۆریش بەرپرسیارە. ئێمە لە وڵاتێکدا ژیان دەبەینە سەر، کە ناتوانین بە ئازایەتی باسی هەر شتێک بکەین. بە بڕوای من زێترین کێشە لە لایەن خودی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەدی هاتووە، کە کتێب بە مەیل و ئیشتیای خۆیان سانسۆر دەکەن، بۆیە ئەدەبیاتی ئێران پەرەی نەسەندووە. ئەگەر ڕەخنەکارێک بیهەوێ قۆل هەڵماڵێ و و لەم بوارەدا دەستبەکار بێت، پێویستی بە دۆخێکی تایبەتییە. کاتێکی درێژخایەنی پێویستە، کە ڕەخنەگەری شیاو بێتە گۆڕێ. هەڵبەت بەبێ مەترسی لە بیستن. بە درێژایی زەمەن، ڕەخنەگەری باش دەبێ ئاڵاهەڵگری هەموو نووسەر و شاعیران بێت و لەوان پێشکەوتووتر خۆی نیشان بدات. ڕەخنەگەرێکی باش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبێ بە زمانی زگماگی و بیانی ئاشنایەتی تەواوی ههبێت و بەرهەمی هەموو نووسەرە بیانییەکان بخوێنێتەوە و ئاگاداریی بەسەر هەموو ڕووداو و دیاردەکانی ڕەخنە و گۆڕانکارییەکانی جیهانی وێژەوانی هەبێت و ئاوڕێکی تەواوهتییان لێبداتەوە. بە داخەوە، بەتایبەت دوای ڕاپەڕینی مەشروتە، ئێمە بەگشتی لەژێر زەبری سانسۆردا ژیانمان کردووە. بەردەوام بە کوشتن و خنکاندن و لێودوورینی شاعیر و نووسەران و بەگشتی جەماوەری ڕۆشنبیر بەرانبەر بووین و ئیدی پەرەمان نەسەندووە و بە داخەوە کۆمەڵگەمان بەم چەشنە کڵۆڵە و بە چەرمەسەرییەوە هەڵکەوتووە.

بابەک: دیدگای ئێوە لەبارەی ئەو ڕۆمانگەلە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا چاپ بوون، چییە، بەتایبەت ڕۆمانی (ئازادە خانم) ی دکتۆر ڕەزا بەراهەنی، کە تاقمێک لەو باوەڕەدان ئەم بەرهەمە سەرەڕای ئەوەی لەمەڕ ستایل و تەکنیکەوە زۆر بەنرخە، جۆرە سەرکەوتنێک بۆ ئێمەیە لە مەیدانی بەرینی ڕۆماننووسیندا. هەر بۆ ئەمەیە کە پەسەندیش کراوە.
عەلی ئەشرەف: ئەگەر بڕوام پێدەکەن، من تا ئێستا ئەم ڕۆمانەم نەخوێندووهتهوە، بەڵام لەمەڕ ڕۆمانەکانی ئیمڕۆ، دیارە نووسەر دەبێ هەوڵێکی زۆر بدات. هەڵبەت هەر هونەرمەندێ ئازادە بە ڕەوشتگەل و گرەوشتی تایبەت و جۆراوجۆرەوە لەم کارەدا ڕچەشکێن بێت. ئەمە کێشە نییە، بەڵام کەسێکی وەک من بایەخی زۆر بە خوێنەرەکەم ئەدەم و پێم باشترە جۆرێ بنووسم، کە خوێنەر لە ڕۆمان و دەقەکەم تێبگا. من وای بۆ دەچم گۆڕانکارییە ئەدەبییەکان کە لەم کۆمەڵگهیە ڕهخساون، لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، یان لەگەڵ گۆڕانکارییە پیشەسازییەکانی ئەو کۆمەڵگهیە هەروا لەگەڵ گۆڕانکارییە ڕامیارییەکان، پەیوەندییەکی هەرە سفتوسۆڵی ڕهخساندووە. تەنانەت پەیوەندییەکی سەرڕاستیشی هەیە. لە کۆمەڵگەدا دەبێ ئاڵوگۆڕێکی گونجاو بڕهخسێت و نووسەر و هونەرمەند دەبێ لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕە خۆی هاوتا بکات. شێوازی جۆراوجۆر چەشنی (شەپۆلی هۆش) بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی پێویسـتە. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەبدا ڕێ دەخرێت. بەڵام شرۆڤەکانی ئێمە هەمیشە و بە تەواوی کتوپڕی و بە ڕێکەوت بووە. واتە ئاوای بۆ دانێین کۆمەڵگە لە قۆناغی دەرەبەگایەتیدایە، بەڵام ئێمە ئەمانەوێت وەک نووسەرێک لەمەڕ کۆمەڵگەی پیشەسازی و مۆدێرن بنووسین. بەم هۆکارەیە کە ئێمە تێك شکاوین و هەستكردن بە داڕماوی تەواوی ژیانی ئێمەی گرتووهتەوە و لەم دەڤەرە بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نەبووین.

بابەک: بەڕێز دەروێشیان، مەگین ئێمە چەند نووسەری سەرمان هەیە. ئەمە چۆنە کە نووسەرێ وەک ئێوە دەڵێت ئەو ڕۆمانەم نەخوێندووهتهوە، کە لە ڕۆمانە تاقوتهراکانی ئەم چەند ساڵەیە؟
عەلی ئەشرەف: ڕاستەکەی بڵێم، من وەختم نەبووە. بڕوانە، ئەم ڕۆمانە لە دۆخێکدا بڵاو بووهوه، کە دەزانن بارودۆخی کۆمەڵگە بەو هەموو ڕووداوە هەرە ناخۆش و دڵتەزێنە  کە بۆ نووسەران ڕووی دا، چۆن بوو. لەولاوە زۆریش سەرقاڵ بووم. ئەگەرچی سەرپەرژانی دیکەشم هەبوو. بۆ خوێندنی ڕۆمان دەبێ بتوانی هۆشوگۆشت کۆ بکەیتەوە هەتا لە سەروبەری ڕۆمانەکە تێبگەی. دواییش سەفەرێکی دوورودرێژ هاتە بەر و ئێستاکە دەبێ دانیشم و بیخوێنمەوە.

بابەک: بە ڕای ئێوە کەی دەتوانین لە ئەدەبی پۆستمۆدێرن ببینە خاوەن ئەزموون یاخود بەم شێوە بنووسین؟
عەلی ئەشرەف: ئەو کاتەی کە کۆمەڵگەی ئێمە نیشانەکانی پیشەسازیی تێدا هاتبێته كایهوه. ئەو کاتەی گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگهی ئێمە ڕوو بدا و هەموو شتێک، بگرە لە مۆسیقاوە کە دیارە لە هەموو هونەرەکان ناسکتر و بەهەستترە، ئاڵوگۆڕی بەسەریدا بێت. لە مۆسیقای ئێمەدا ئەم ئاڵوگۆڕە نەڕهخساوە تا لە ئەدەبیشدا بڕهخسێت. دەبێ دوای ئەمە لە ئەلفوبێی نیگارکێشان و هونەری شێوەکاریدا، کە زۆر سۆزمەندانە و بەهەستترە، خۆی بەرجەستە بکاتەوە و ئینجا لە شانۆدا بێتە ئاراوە، لە دوایین قۆناغدا بێتە نێو خانەی ئەدەبەوە.

بابەک: لە جیهانی مۆدێرندا وا هەڵکەوتووە کە ئەم گۆڕانکارییە سەرەتا لە مۆسیقا و هونەری شێوەکاریدا ڕووی داوە، ئینجا دێتە نێو دەڤەری ئەدەبەوە، بەڵام ئێمە لە بواری مۆسیقا و نیگارکێشیدا هەمیشە تووشی کەموکوڕی و گیروگرفت بووین، بۆیە دەبێ ئەم ئاڵوگۆڕییە لە یەکەم پلەدا لە ئەدەبهوه سەرچاوە بگرێت.
عەلی ئەشرەف: بە بڕوای من، ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەبی وڵاتانێک چەشنی وڵاتی خۆمان (ئێران) زۆر ساختەیی و ناڕاستەوخۆیە. لێ یەکێک دێ و چیرۆکێک دەنووسێ، ئێمەش لەبەر ئەوەی لەو دوا نەکەوین، دێین و وەک ئەو ئەنووسین، کە لە واقیعدا ئەم شتە لە ناخی ئەو نووسەرەوه هەڵنەقوڵاوە. لە ناخی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکەی ئێمەدا بەرهەم نەهاتووە و چ پێشینەیەکی بۆ ڕەچاو نەبووە. واتە چ بنچینە و کۆڵەکەیەکی بۆ دابین نەکراوە، کە هەڵبەت دەبێ دابین بکرێت.

بابەک: ئیمڕۆکە گۆڕانکارییەک لە گۆڕەپانی ڕۆماننووسین لە هەموو جیهاندا وەدی هاتووە. ئیدی ئەو ڕۆمانگەلە کە بە شێوازی کلاسیک و کۆنەوە ئاڕاستە دەبوون، پەسەند ناکرێن و بایەخیان پێنادرێ. ئەم گۆڕانکارییە وەکو ئەو شێواز و ڕێکارەن کە (میلان کۆندێرا) لە ڕۆمانەکانی بەکاری هێناوە. ئێوە چلۆن ئەم مەسەلە ڕاڤە دەکەن؟
عەلی ئەشرەف: بە ڕای من، میلان کۆندێرا نووسەرێکی تایبەت نییە. نازانم بۆچی؟ بڕێ جار وا هەست ئەکەم کە چونکە لە پارتی کۆمۆنیست دەرکراوە، هەموو ئەو شتانە کە لە دەقەکانیدا باسیان دەکا، بە هۆی گرێیەکە، کە لە جەماعەت و جەماوەری کۆمۆنیست بوویەتی و بەم چەشنە لە ڕۆمانەکانیدا دەری خستوون. بە هەر ڕووی، منیش مافی خۆمە ڕوانگە و هەڵوەستەی شەخسیی خۆم ئاڕاستەی خوێنەر و بەردەنگ بکەم. پێشوازییەک کە لە ئێران لە دەقەکانی کوندێرا دەکرێ، بە ڕای من پێشوازییەکی ڕاستەکی و حەقیقیی لە پشتەوە نییە، لێ ئەو کەسانەی کە دەقگەلی کۆندێرا دەخوێننەوە، تەنها دەیانەوێت کتیبێکیان خوێندبێتەوە. ئەمەش بە جۆرێک بۆ خوێنەر دڵخۆشکەرەیە. ئێمەیش لەو سەردەمەدا وابووین. بەڵام با ئەم قسە لێرە دەربڕم کە دەقەکانی کۆندێرا بەدڵم نین. نازانم بۆ؟ بە جۆرێک هەست بە نامۆیی دەکەم لەگەڵیاندا. هەموو بەرهەمەکانیم خوێندووهتەوە، بەڵام چ چێژێکم لێنەبردوون.

بابەک: ئەو پێشنیازە کە میلان کۆندێرا لە ڕۆماندا هێمای بۆ کردووە، بە چ شێوەیەک دەنرخێنن؟
عەلی ئەشرەف: ئەم گرەوشت و شێوازگەلە بە هەر ڕووی، ڕێ و ڕەوشتێکی نوێیە، کە دەبێ کاری لەسەر بکەین. بڕوانە، ئەگەر بڕیار وابێت کە هەموو ڕۆماننووسەکانی دونیا، هەموو نووسەران هەریەکە و بە یەک شێوە بنووسن، دیارە ئێمەیش تەنها دەچین و بەرهەمی یەکێک لەو نووسەرانە دەخوێنینەوە. بەڵام زاتی هونەر ئەوەیە کە جۆراوجۆرە. هونەر واتە جۆراوجۆری. واتە بە شێوەی جۆراوجۆر تەماشای جیهان بکەین و لێی ورد ببینەوە. واتە ئەو قسەی کە من بە شێوەیەک دەری دەبڕم، ئێوە بە چەشنێکی دی سەیری بکەن. هونەر واتە کەسێتیی خودی مرۆڤ؛ چونکە کەسێتییەکان جیاوازن، دیارە هونەریش دەبێ جیاواز بێت. هەر کەسێک دەتوانێت و ئەو مافەی هەیە کە شێوازگەل و ڕێکاری چەشناوچەشن بخاتە بەر ئەزموونکردن، بەڵام من دەڵێم دەبێ شێوازێک بەدی بێنم، کە لەگەڵ خوێنەرەکەم هاوتا بێت و لێی حاڵی بێت. واتە بتوانم پەیوەندییەکی سفتوسۆڵ و لێهاتوو و ئینسانی لەگەڵ خوێنەر چێبکەم. ئامانجی من ئەوەیە. چونکە کێشەی گەورەی کۆمەڵگەی خۆمان بە جۆرێک لە کەمتەرخەمی بۆ خوێندنهوه دەبینم. پێم خۆشە ئەم کولتوورە پەرە بسێنێ. من دژ بەو کەسانەم، کە دەڵێن تاقە بەرهەمێک بە تەنهایی ناتوانێت جیهان بگۆڕێت. بە پێچەوانەی ئەوان، دەڵێم ئەم شتە دەگونجێ. تەنها یەک بەرهەمیش دەتوانێ تا ڕادەیەکی کەم لەسەر ئەم جیهانە کارتێکەریی خۆی بقەبڵێنێت.

بابەک: کەواتە هێرشی کۆمەڵگەی ڕووناکبیری یاخود نووسەرە ڕۆشنبیرەکانی خۆمان بۆ سهر بەرهەمگەلی نووسەرانێک وەک فەتانە حاج سەید جەوادی لە ڕۆمانی (بەیانیی خومار)  و نووسەرانێکی دیی وەک (فەهیمە ڕەحیمی)  چۆن هەڵئەسەنگێنن؟
عەلی ئەشرەف: من دژ بەو بەرهەمانە نیم. تەنانەت لەگەڵ ئەو شێعرانە کە لەسەر دەستی شاعیرە گەنجەکان دێنە ئاراوە، چ جۆرە دژایەتیم نییە. هەڵبەت لە کەسێکیش ناو نابەم. ئەگەرچی فرۆشی ئەم جۆره بەرهەمگەلە کەم بووە، بەڵام هەروا کە ئاماژەم پێدا، چ دژایەتییەکم لەگەڵیاندا نییە. من لە کاتی خۆیدا کتێبەکانی (محەمەد حیجازی و جەواد فازڵ) م خوێندوونهتەوە. پێمان خۆش بێ یا نەبێ، ئەم جۆره بەرهەمانە لە وڵاتی ئێمە بوونیان هەیە. لە وڵاتانی دیکەش هەموو جۆره دەقێک بۆ ویستی خوێنەران چاپ دەبێت. لە فێرکاریی سەرەتاییەوە بگرە تا دوایین قۆناغ، لە جەماوەری عەوامەوە بگرە تا جەماوەری ڕۆشنبیر. هەرکەسە و بەقەد زەوق و لەززەتی خۆی دەچێ ئەو کتێبانە کە پێی خۆشه، دەکڕێت و دەیخوێنێتەوە و کەسیش پێی ناڵێت تۆ بۆ ئەم کتێبەت نووسیوە یا بۆچی ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە. بە هیچ لەونێک وانییە.

بابەک: کەواتە، باسی (ئەدەبی پابەند) چیی بەسەر دێ؟ یان ئەم ڕوانگەیە کە دەڵێت نووسەر نابێ شوێنگری هەستە زووپەڕەکەی خوێنەر بێت؟ یاخود ئەو ڕوانگەیە کە دەڵێت نووسەر دەبێ خوێنەرەکانی هەڵکێشێتە بان. بۆ ئەم مەسەلەگەلە دەبێ چی بکەین؟
عەلی ئەشرەف: پابەندی لە وێژە و ئەدەبدا بابەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە. من چاوەڕێی ئەمە نیم هەموو نووسەران بڕوایان بە (وێژەی پابەند) هەبێت. چ کەسێک وەهای نەوتووە. بەهەرحاڵ، پێم خۆشە نووسەران پابەند بن. بەڵام ئەگەر نووسەرێک پابەند نەبێت، چ دەسەڵاتێک نابێت بەرگری بکات. لە واقیعدا ئەزموون و ژیان و تایبەتمەندیی سروشتی و ڕۆحی ئەو نووسەرە دەبێتە هۆی ئەوە کە بەو شێوە تایبەتییە بنووسێت. بەڵام من ناتوانم ئەوان بگۆڕم. ڕەنگە بتوانم ئاڵوگۆڕێک لە نووسینەکانمدا بڕهخسێنم. ئەو نووسەرە ئازادە کە بە هەر چەشنێک دەیەوێت بنووسێت. ڕوانگەی من ئەمەیە کە ئەو نووسەرە، ڕزگار لە هەر ئاستەنگێ، چیی پێ خۆشە، دەبێ بنووسێت. لە ڕاستیدا بە ڕای من هەموو کەسێک بۆ نووسین ئازادە. مەبەستم ئازادیی لە دەربڕین و لە ئەندێشەدا. من دەتوانم ڕەخنەی لێبگرم، بەڵام ناتوانم پێی بڵێم ناتوانێ بنووسێت. دەبێ بنووسێت و بڵاوی بکاتەوە. هەڵبەت دوای چاپ و پێش بڵاوبوونەوە، نابێت هیچ بەرهەمێک سانسۆر بکرێت. نووسەر ئەگەر دوای چاپیش تاوانبار بێ، دەبێ بچێتە دادگا و لە واقیعدا ئەوە خودی نووسەرە، کە لە بەرانبەر دەقەکەی بەرپرسیارە.

بابەک: کەواتە لەو بڕوایەدان کە ئەدەب لە بنەڕەتەوە دەبێ بەرهەڵست و نەیار و ڕەخنەگەر بێت؟
عەلی ئەشرەف: هونەر و ئەدەب لە بنەڕەتەوە واتە ڕەخنەگەری و لاساری و بەرهەڵستبوون. دەبێ ئەم دیدە لە ئەدەبدا بەردەوام بێت. هونەرمەندان دەبێ دژ بە بێدادی و زوڵموزۆر ڕابوەستن و سەرکێشانە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن. بۆچی؟ چونکە هونەرمەند دەتوانێت فامی ئەم شتانە بکات. چونکە هونەرمەند لە کۆمەڵگەدا دەژی. لەگەڵ جەماوەری عەوامدا ژیان دەباتە سەر و لە چاوی خۆیەوە لە هەموو شتێک دەڕوانێت و ورد دەبێتەوە.

بابەک: بەڕێز دەروێشیان، دەتوانین هەموو ئەم ڕەخنە و بەرهەڵستبوونە لە بەیاننامەیەکدا داتاشین. بە ڕای من، ئەدەبی ئیمڕۆ لەم باسوخواسە جیا نییە؟
عەلی ئەشرەف: هەڵبەت دەبێت ڕەسەنیەتیی هونەر لە دەربڕینی ئەم مەسەلەیهدا فەرامۆش نەکەین. ئەم مەسەلەیه دەبێ لە ڕێچکەی هونەرەوە ئاوێتە بێت. چونکە لە ئەدەبدا تەئسیرەکەی فرە قووڵترە تا ئەو ئاگادارنامەیە، کە ڕەنگە کارتێکەرییەکی زووتێپەڕی هەبێت. بەڵام چیرۆکێکی لێهاتوو و شیاو تەئسیرێکی درێژخایەنتر ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکات و لەگەڵیان ژیان دەباتە سەر و ڕێچکەیەکی ڕەسەنیان بۆ دەڕهخسێنێ. هەر کاتێ ئەم چیرۆکە دەخوێنینهوه، ئەو دۆخەی کە تێیدا ژیاوین، هەمیسان بۆمان ئەژێتەوە. لەم چل ساڵەی ڕابردوودا تاقمێک نووسەر ههبوون، کە بەرهەمی هەرمانی و بەکەڵک و بایەخداریان داهێناوە، بەڵام ئیمڕۆکە بگرە هیچ نیشانەیەک لە دەقەکانیان نییە. دەیانویست تێکستێکی هەرمانی داهێنن، بەڵام لە ئاساییترین مەسەلە ڕۆژانەییەکانی خۆیان دوا کەوتن و بە تەواوی فەرامۆشیان کردووە. باشتر ئەوەیە بڵێم تووشی مەترسی بوون، کە بێن و بە ناخی کێشەکانی خۆیان بچنەوە. چونکە نووسین لەمەڕ کێشەکانی خەڵکی هاوچەرخ، گیروگرفت دەخولقێنێت. بەڵێن دەدەم لە 30-40 ساڵی داهاتوودا، هێندە ئاڵوگۆڕ دێتە ئاراوە، کە کەسێک ناوێک لە مرۆڤە بلیمەت و بەناوبانگەکان نابات. ئیمڕۆکە ئەم نیشانگەلە لە کۆمەڵگەی خۆمان بە زۆری دیارن.

بابەک: دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1357ی ئێران، نووسەرانی ژن لە کۆمەڵگەی ئێراندا چالاکییەکی ئەوتۆیان گرتە بەر و بەرهەمی گرینگ و بایەخداریان لەم بوارەدا وەدی هێناوە. پێمان خۆشە بزانین ڕوانگەی ئێوە لەمەڕ ئەدەبی ژنانە چییە؟
عەلی ئەشرەف: نە تەنیا لە وێژە و ئەدەب، بەڵکو لە هونەرگەلی جۆراوجۆر ژنان گەشەیان بە زۆر شت داوە. بەهەرحاڵ، ژنان هەستیان بەم شتە کردووە، کە لە کۆمەڵگەدا بڕێ کەموکوڕی و گیروگرفت هەن و لە ڕێچکەیەکی دییەوە دەستیان داوەته ئەزموونکردنی نووسین و کەوتنە شوێنی هونەری خۆیان. لە دەرهێنانی فیلم، لە شانۆگەری، لە نیگارکێشی و فیلمنامەنووسین و لە شێعردا زۆر تێکۆشەرانە چوونەتە پێشەوە. بە تایبەت لە ئەدەبی چیرۆک، خۆیان باش وەدەرخستووە، کە ئێستاکە دەتوانم چەند کەسیان ناو بەرم: (زۆیا پیرزاد، فەریدە ڕازی، فەرخوندە ئاغایی، ناهید تەباتەبایی). من ڕەخنەم ئاڕاستەی بەرهەمی چەند ژنە نووسەریش کردووە. لە دەقگەلی ئەوان زۆر ورد بوومەوە و بە ڕای من کەسێتیی سەرکەوتووی باشیان تێدا هەڵکەوتووە.

بابەک: تۆزێک لەبارهی کتێبی (کولتووری ئەفسانەگەلی نەتەوەی ئێران)یش بڵێن. بەشەکانی دیکەی ئەم پەرتووکە چۆن بە ئەنجام گەیشتوون و چی بووە هۆی ئەوەی قۆڵ بۆ ئەم پەرتووکە هەڵماڵی و چۆنت کۆ کردنەوە؟
عەلی ئەشرەف: لە منداڵیدا داپیرێم ئەفسانەی زۆری لە سەرزار بوو و بۆ ئێمەی دەگێڕایەوە. دوای ڕاپەڕینی 57ی ئێران، ئەو کاتە کتێبەکانم ئێزنی چاپیان وەرنەدەگرت، قۆڵم هەڵکرد بۆ نووسینی ڕۆمانی (ساڵیانی هەوری). هەڵبەت منیش وەک هەر کەسێک دەبا ژیانم بکردایه. نەمدەویست بەر لە نووسین ئیشێکی دی بکەم. بەڵام ژیانم بە دەستەنگی تێدەپەڕی. بۆیە بڕیارم دا ئەو ئەفسانەگەلە لە قەوارەی کتێبێکی سەربەخۆدا داڕێژم. کتێبی هەوەڵ نزیکەی 135 ئەفسانەی دەگرتەوە و لەولایشەوە بۆ چاپکردنی، گیروگرفتی زۆرمان لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ ههبوو. هەتا ئەوەی کە توانیمان لە دەوڵەتی بەڕێز خاتەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیزنی چاپ وەرگرین و دەرەنجام بڵاو بووەوە. کتێبی دووهەمیش بڵاو بووهوه. ئەم کتێبە ڕەنگە ببێتە پانزە بەرگ و زۆربەشی تەواو بووە.

بابەک: دوای هەڵوەشاندنەوەی کەمپی سۆشیالیزم یاخود (ستالینیزم)، ئاخۆ تیۆری ڕاستەوخوازی سۆشیالیزم لە ئەدەبدا تێکڕا داخرا و بوونی نەما؟ بۆ نموونە لە وڵاتی خۆمان دیارە کەسێک شوێنی بەرهەمەکانی (ماکسیم گورکی) نەکەوتووە.
عەلی ئەشرەف: مەگین لەم کۆمەڵگەیهدا بەرهەمی (گورکی) بە درێژایی ئەم ساڵانە چاپ بووە کە ئێوە وا دەڵێن؟ بە درێژایی ئەم بیست ساڵە کام بەرهەمی (گورکی) ئیزنی چاپی وەرگرتووە؟ من لە بیرمە تەنها کۆمەڵەچیرۆکێکی (گورکی) لە لایەن (عەبدوڵڵا تەوەکول)هوه وەرگێردرا و لەم دواییەشدا چاپ بوو. کتێبێ کە چاپ نەبێ، چۆن نەوەی گەنجی ئێمە بزانێت گورگی چۆن نووسەرێک بووە و چۆن ڕوانگەیەکی بە نیسبەت جیهان هەڵبژاردووە تا شوێنی بەرهەمی بکەوێت؟ نەوەی گەنج تا چاو هەڵێنێت، ڕۆمانی بێبایەخ دەبینێ، کە لە دەوراندەوری هەڵچنراوە. ئەو بەرهەمە کە لە چاخی ئێمە چاپ دەبوون، بە ڕاستی ئێمەی دواخست، ئێستا تیرێژێکی سەیروسەمەرەی هەیە. بۆچی وای لێهاتووە؟ بۆچی بەرهەمی گورکی چاپ نابێت؟ بۆچی کارەکانی (شۆخۆڵۆڤ) چاپ نابن؟ ئیزنی چاپ بەم جۆره کتێبگەلە نەدراوە. منداڵانی ئێمە لەگەڵ ئەم جۆر بەرهەمگەلە ئاشنا نین. بڕوانە، لە ڕووی کارەکانی گورکی چەنها فیلم دروست کراون.

بابەک: بەڕێز، تیۆرزانی لە ئافراندندا تا چ ڕادەیەک دەتوانێت یارمەتیدەری نووسەر بێت؟
عەلی ئەشرەف: ئەگەر لە سەد نووسەر بپرسن کە ئاخۆ ئێوە لە سەرەتاوە تیۆری چیرۆکنووسینتان خوێندووهتەوە یان ئەوەی دوای نووسەربوون ئەم تیۆرگەلە فێربوون، بە ڕای من نەوەدوپێنج کەسیان دەڵێن لە پلەی یەکەمدا نووسەرییان دەست پێکردووە و دوایی لە ڕێچکەی خوێندنەوە و ئەزموون و حەزەوە فێری تیۆری بوون. من خۆم یەکێک لەوانەم. پاش ئەوەی چەند چیرۆکم نووسی، دەستم کرد بە خوێندنهوهی تیۆری ئەدەبی. بە بڕوای من، خوێندنی ئەم تیۆرگەلە ڕەنگە ئێمە بە جۆراوجۆرییە ئەدەبی و ڕێبازە بەرفراوانەکان و پێکهاتەی چیرۆک ئاشنا بکات، بەڵام کەسێک کە ئەمانەی خوێندووە، ڕاستەوخۆ نابێتە نووسەرێکی لێهاتوو. ئەزموونکردنی ژیان، بە بڕوای من، لە هەر شتێکی دی گرینگترە.

بابەک: تا چ ڕادەیەک بایەخ بۆ ستایل و فۆرمی چیرۆک دادەنێن؟
عەلی ئەشرەف: ئاگاداری لە فۆرم، ستایل و تەکنیکی چیرۆک زۆر باشە. بەڵام دەبێ بزانین ئەم فوڕمە بۆچییە و لە کوێ بەکار دێ؟ فۆرم بەکاری ئەوە دێت، کە من بتوانم بههۆیهوه ئەو شتەی کە هەستی پێدەکەم، بە شێوەیەکی شیاو و لێهاتووتر بۆ خوێنەر بگێڕمەوە. فۆرم لێرەدا بۆ گواستنەوەی چەمک و هەستەکان بایەخدارە. بەڵام ئەگەر من بتوانم بەو هەستە کە هەمە، ئەم چەمکانە ئاڕاستەی خوێنەر بکەم چی؟! تەنانەت ئەگەر باشتر لەو کەسەی کە بە تەکنیکی گونجاوترەوە دەنووسێت، ئێوە چی دەڵێن، ڕەنگە ڕەخنەم لێبگرن. نووسەرمان هەیە وەک (چیخۆف) کە خۆی لەژێر پەنجە بەهێزەکەی تەکنیک ڕزگار کردووە، بەڵام بەرهەمگەلی ئەو ئێستاش بۆ خوێنەر سەیر و تازەیە، هەڵبەت من ئاماژەم بەم مەسەلە کرد و ئەوەیشم وت، کە زانیاری لەمەڕ تەکنیک زۆر باشە و زۆریش یارمەتیدەرە. بەڵام ئەگەر ئێستا ئاوڕێ لە چیرۆکەکانی (چیخۆف) بدەنەوە و ناوی کەسایەتییەکانی بگۆڕن و ناوێکی ئێرانیی بۆ داتاشن، هەست دەکەن کە خەریکە چاخی ئێوە وەسف دەکات. چیخۆف هێندە بایەخ و گرینگایەتیی بە فۆرم نەداوە. ئەمە کێشە نییە و نابێت ڕەخنە لە نووسراوەکەی بگرن.

بابەک: ئێوە لەم چەند ساڵەی دوایییەدا هەژماردەیەک لە کۆبەرهەمی (سەمەد بێهڕەنگی)تان لە چاپ داوە. پەیوەندی و هاوڕێیەتیی ئێوە لەگەڵ ئەم نووسەرە تا چ ئاستێک بوو؟
عەلی ئەشرەف: منیش میناکی (سەمەد بێهڕەنگی)  لەو تافە بوومە مامۆستا، کە ئەویش ببوو و کەمتاکورت ژیانێکی هاوشێوەمان بوو. هەردوومان دەرچووی پەیمانگه بووین. ئەو بەرەو گوندەکانی ئازەربایجان ڕۆیشت و منیش بۆ گوندەکانی کوردستان. یەک ساڵ لە من بەتەمەنتر بوو. کاتێ چوومە زانسگه، لەو کەسانە کە زۆر لەسەر من تەئسیریان هەبوو، یەکیان (جەلال ئال ئەحمەد)  بوو، گەرچی دژی بە بیروبۆچوونەکەی بووم. جەلال لە پەیمانگه وەکو ئاگر بوو. هەروەتر دوکتۆر (ئاریانپوور) و (سیمین دانشوەر)  لە مندا هەرە کاریگەر بوون. ئەگەر نەچووبوومایە پەیمانگه، دیارە ئەم گۆڕانکارییەم بەسەردا نەدەهات.

پەراوێزەکان:
ڕوونکردنەوەی گشت پەراوێزەکان لە لایەن وەرگێڕەوە بەم وتووێژە زیاد بووە.

ناردن: