شۆڕشی فەرەنسی؛ کاتێک نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕوخساری جیهانی گۆڕی

بەبۆنەی تێپەڕبونی 231 ساڵ بەسەر شۆڕشی فەرەنسی 1789

نووسینی تارق الحایک

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

 

شۆڕشی فەرەنسی یەکێکە لە گرنگترین رووداوەکانی مێژوی مرۆڤایەتی، چونکە رێڕەوی مێژوی نوێی گۆڕی، ئەویش لەو کاتەدا بوو کە شۆڕشەکە، هۆکارێکی راستەوخۆ بوو بۆ هەرەسهێنانی پاشایەتی رەها و دامەزراندنی سیستمە کۆمارییەکان و هەڵکشانی بۆرجوازییەت و کۆتاییهێنان بە سیستمی حوکمی دیکتاتۆری و داننان بە مافەکانی چینی کرێکار. جگە لەوە کاریگەرییەکەی تەواوی ئەوروپای گرتەوە، بەهاری شۆڕشگێڕانەی ئەوروپا لە ساڵی 1848، ئیلهامی لە شۆڕشی فەرەنسییەوە وەرگرتبوو.

ئەم شۆڕشیە،واتە شۆڕشی فەرەنسی، لە مێژوی نوێدا چەمکە سیاسییەکانی گۆڕی، لە سەرتاپای جیهاندا سەرلەنوێ نەخشەی جیۆسیاسی داڕشتەوە. کاتێک فیشەکی رەحمەتی گرتە سیستمی دەرەبەگایەتی، بەم کارەی، بووە نموونە بۆ کۆتاییهێنانی راستەقینەی سەردەمە تاریکەکان و دامەزراندنی سیستمێکی تازە، تێیدا یەکسانی نێوان کۆی هاوڵاتیان رەچاوکرا. هەر ئەمەش بوو وایکرد ببێتە نموونە بۆ شۆڕشەکانی سەردەمی نوێ و پرنسیپەکانی بوونە مەرجەع بۆ زۆرێک لە سیستمە سیاسییەکانی دواتر.

شۆڕشی فەرەنسی نزیکەی دە ساڵی خایاند، لە ساڵی 1789 بۆ ساڵی 1799، لەو ساڵەدا ناپلیۆن بۆناپارت لە رێگەی کودەتایەکەوە بەسەر هاوڕێکانی خەباتیدا، کۆتایی بە شۆڕشەکە هێنا و پۆستی کونسوڵی یەکەمی بۆ خۆی داتاشی، پاشان دەبێت بەو ئیمپراتۆرەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا داگیر دەکات. فەرەنسییەکان لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا، جارێکی دی کایەی سیاسی وڵاتەکەیان دروستکردەوە، کۆتاییان بەو سیستمە سیاسییە هێنا کە لە وڵاتەکەیاندا لە ئارادا بوو. دامودەزگا کۆنەکانیان لەبەریەک هەڵوەشاندەوە کە تەمەنییان چەندین سەدە بوو، وەک سیستمی دەرەبەگایەتی و پاشایەتی رەها.

داگیرکردنی باستیل سەرەتای دەستپێکی راستەقینەی شۆڕشەکە بوو، شۆڕشگێڕەکان لە پێناو دوو ماددەدا دەستیان بەسەر باستیلدا گرت، باروت بۆ چەکەکانیان و گەنم بۆ دروستکردنی نان. پێدەچێت نان داینەمۆی سەرەکی جووڵەی شۆڕش بووبێت. چونکە بەهۆی نەبوونی ماددە سەرەکییەکانی وەک نان و بەرزبوونەوەی نرخی بەروبوومەکان، برسییەتی لەنێو ریزەکانی زۆرینەی گەلی فەرەنسیدا بڵاوببوەوە. لەبەر ئەوە هەندێک پێیانوایە ئەو پاشایەتییەی چەندین سەدە بەردەوام بوو، برسیەتی کۆتایی پێهێنا.

نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دیارترین هۆکار بوو وایکرد شۆڕشی فەرەنسی بەرپاببێت. لەو رۆژگارەدا کۆمەڵگای فەرەنسی لە سێ چین پێکهاتبوو: چینی خانەدانەکان، چینی پیاوانی ئاینی، ئەمە ئەو دوو چینە بوون کە هەمو دەستکەوتەکانیان بۆ خۆیان قۆرغکردبوو، وەک نەدانی باج، دامەزراندن و وەرگرتنی پلەو پۆستە وەزیفییەکان، خاوەنی زەوی و زارەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بوون. بەڵام چینی سێیەم کە بریتی بوو لە چینی کرێکاران یان چینی خەڵکە رەش و رووتەکە و بەشی زۆری کۆمەڵگای فەرەنسی پێکهێنابوو، لە هەمو جۆرە دەستکەوتێک/ ئیمتیازێک بێبەش بوو. کوڕوکاڵی ئەم چینە، باجیان دەدا، کاری بەخۆڕایی و سوخرەیان پێدەکرا، بەزۆری زۆرداری ناچار دەکران بەشداری لە  جەنگەکاندا بکەن. لەبەر ئەوە ئەندامانی ئەم چینە، تا خوا حەز بکات لە خانەدانەکان و پیاوانی ئاینی داخ لەدڵ و بێزار بوون. ئیدی وەک دەوترێت جام کە پڕ بوو لێیدەڕژێت، بەم شێوەیە ئەندامانی چینی کرێکار، چیتر بەرگەی ئەو جیاکارییەیان نەگرت، سکاڵای خۆیان گەیاندە لای پاشا لویسی شانزەهەم، بەڵام ئەو سکاڵایانە هیچ سودێکی نەبوو. پاشا مرۆڤێکی راڕابوو، کەسایەتییەکی لاوازی هەبوو، ئیرادەی بەدەست خۆیەوە نەبوو، بەڵکو لە لایەکەوە بە دەست ماری ئەنتوانێت-ی هاوسەریەوە بوو کە نوقمی بەزم و کەیف و سەفا ببوو، لەلایەکی دیکەوە بەدەست خانەدانەکانەوە بوو. خانەدانەکان ئەو دژە هێزە بوون کە بەرامبەر بە هەمو پرۆسەیەکی چاکسازی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا رادەوەستان. چونکە چاکسازی بە مانای لێسەندنەوەی دەستکەوتەکانیان و سنوردارکردنی دەسەڵاتیان بوو. ئەم پێکهاتەیە لە سیستمی حوکمڕانیدا، ئەویش هۆکارێک بوو لە هۆکارەکانی بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسی.

وڵات لە سەردەمی حوکمڕانی لویسی شانزەهەم، بەهۆی پشتگیری و کۆمەک کردنی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا، دووچاری قەیرانێکی گەورەی ئابوری ببوو، ئەوەی قەیرانەکەی قووڵتر کردبوو، سیستمی نادادپەروەرانەی باج بوو. هەروەها دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە توێژی بیرمەندان و رۆشنبیران، وایکرد خەڵک زیاتر لە سیستمە حوکمڕانییەکە بێزارببن. ساڵی 1789 ئەنجومەنی چینەکانی گەل کۆبوونەوە، تاکو قسەوباس لەسەر مەسەلەی باجەکان بکەن. خانەدانەکان کە تەنها لە 2% دانیشتوانی گەلی فەرەنسایان پێکدەهێنا، تەگەرەیان خستە بەردەم کارەکانی ئەنجومەن. لەبەر ئەوە بۆ کۆتایی هێنان بە سیستمی دەرەبەگایەتی و کارکردن بۆ دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی موڵکایەتی زەوی و زار و رەتکردنەوەی دەستکەوتەکانی خانەدانەدان، هیچ دەرفەتێکی دیکە نەبوو جگە لە بەرپاکردنی شۆڕش نەبێت. بە تایبەتی دوای بڕیارێکی کۆشکی پاشایەتی کە وەک دوا بزمار وابوو لە تابوتی پاشەیەتی درا، لویسی شانزەهەم بڕیاری زیادکردنی باجی دەرکرد، ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانییەوە رەتکردایەوە، ئەنجومەن جێبەجێکردنی هەمو مەرسومێکی پاشایەتی رەتکردەوە، ئەگەر ئەنجومەن رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕێت. هەر بۆیە پاشا رێگەی نەدا نوێنەرانی ئەنجومەن، بێنە ناو بارەگای ئەنجومەنەوە. بەڵام نوێنەرانی چینی سێیەم، لە هۆڵی یاری تێنس کە لە هەمان باڵەخانە بوو کۆبوونەوە. وەلێ پاشا بۆ رۆژی دوایی، دەرگای ئەو هۆڵەشی داخست. ئیدی خۆپیشاندان لە تەواوی فەرەنسا دەستی پێکرد، دوای ئەوەی کاری تێکدەرانە لە هەمو لایەکەوە تاویسەند، کۆشکی دەرەبەگەکان بووە ئامانجی خۆپیشاندەران. پاشان دوای زیادبوون و  تەشەنەکردنی کاری تێکدەرانە، ئەنجومەنی نیشتیمانی “بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیبوونی” دەرکرد، ئەم بەیاننامەیە دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەمو دەستورە مۆدێرنەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، پشتی بەو بەیاننامەیەی شۆرشی فەرەنسی بەست. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئازادی و ئەمن و ئاسایش بۆ هەموان وەک یەکە، هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسانن و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموانە. جگە لەوە بەیاننامەکە جەخت لە حکومەتی نوێنەرایەتی و سەروەری گەل دەکات، واتە سەروەری بۆ گەلە نەک بۆ پاشا. ئەنجومەنی نیشتیمانی دەستیکرد بە کۆتاییهێنان بە دەستکەوتەکانی دەرەبەگەکان، بڕیاریدا باج بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر تاکەکانی گەلدا دابەشبکرێت، بێ هیچ جیاوازییەکی چینایەتی. دەستگیرا بەسەر سەروەت و سامان و زەوی و زاری کڵێسادا، بەو پێودانگەی ئەوانە موڵکی میللەتە. ئەنجومەن ساڵی 1791 دەستورێکی تازەی بڵاوکردەوە، تێیدا زامنی ئازادییە گشتییەکان کراوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەیە و جەخت لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر کراوە، هێشتنەوەی سیستمی پاشایەتی لەگەڵ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی لویسی شانزەهەم. پاشان ئەنجومەن خۆیهەڵوەشاندەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تازەی راگەیاند.

بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک، پەشێوی و ئاژاوە کەوتە ریزەکانی ئەنجومەنەکە، ململانێ لەنێوان بەرەیەک کە لایەنگری پاشایەتی دەستوری بوو، لەگەڵ بەرەیەکی دیکە کە سیستمی پاشایەتی رەتدەکردەوە هاتەئارا. دواجارمەسەلەکە بە پەلاماردانی کۆشی پاشایەتی و دەستگیر کردنی پاشا و خێزانەکەی کۆتاییهات. دواتر سیستمی پاشایەتی رەتکرایەوەو لە شوێنیدا سیستمی کۆماری راگەیەنرا. دوای چەند مانگێک لەم روداوە، لویسی شانزەهەم دادگاییکرا، بە تۆمەتی پیلاندانان دژ بە ئازادی و ئاشتی گشتی تۆمەتبار کرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. ساڵی 1793 لە گۆڕەپانی شۆڕش (هەنووکە پێیدەوترێت گۆڕەپانی کۆنکۆرد) لویسی شانزەهەم لەسێدارە دەدرێت، دوای ئەوەی سیفەتی پاشایەتی لێوەرگیرایەوە، پێیدەوترا هاوڵاتی “لویس کابیت”. لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، ماری ئەنتوانێت-ی هاوسەریشی لەسێدارەدرا. لەسێدارەدانی ماری ئەنتواێت زۆر تراژیتر بوو، خرایە گالیسکەیەکی سەر کراوەوە، بە شەقامەکانی پاریسدا سوڕاندیانەوە، خەڵکی شتی پیسیان تێدەگرت، پاشان قژە درێژەکەیان بڕی، ئینجا ملیان خستە ژێر مەقسەڵەکە کە دواتر سەری لە لاشەی دەکاتەوە.

نابێت ئەو شێوازی مامەڵەیەی لەبەرامبەر ماری ئەنتوانێت گیرایەبەر، بەلامانەوە سەیر بێت، کاتێک رۆڵی ئەو لە هەڵگیرساندنی شۆڕشدا دەزانین. ئەو رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە وروژاندنی تووڕەیی خەڵک. ئەم شاژنە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو، شانازی بەوەوە دەکرد سەر بە نەتەوەی ئەڵمانیا و خێزانێکی پاشایەتی نەمسایە. هیچ خەم و خەفەتێکی نەبوو جگە لە خۆشی و رابواردن و دەسەڵات، ئەو حاکمی راستەقینەی دەوڵەت بوو. چونکە لویسی شانزەهەم- وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا- کەسایەتییەکی لاوازی هەبوو. ئەمەش دەرفەتی لەبەردەم شاژن رەخساند لە فەرەنسا، تەنها قسەی ئەو بخوات و کەس قسە لە قسەیدا نەکات. خەڵکی بەسەرهات و قسەڵۆکی زۆریان لەبارەی ماری ئەنتوانێت دەگێڕایەوە، دەرچوو هەندێک لەو بەسەرهات و قسەڵۆکانە راست نین. بەڵام هۆکاری دروستکردنی ئەو قسە و قسەڵۆکانە، بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە فەرەنسییەکان، هەرگیز ئەوەیان لەبیر نەچوەوە کە شاژن فەرەنسی ئەسڵ نییە، بەڵکو نەمساییە و دەستوەردەداتە کاروبارەکانیانەوە. بەڵام تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و سامانی وڵات لەلایەن شاژنەوە، لە کاتێکدا خەڵک لەبەر برسییەتی دەیناڵاند، مەسەلەیەکی راستە و بەشێوەیەکی گەورە بەشدار بوو لە بەرپاکردنی شۆڕش. ئەم شاژنە بچکۆلانەیە، حەزی لە ژیانی فەرمی کۆشک نەبوو، بۆیە دوور لە کۆشک، خەریکی دڵدانەوەی خۆی بوو، ئەویش لە رێگەی سازدانی ئاهەنگی گەورەی شاهانە و نواندنی شانۆگەریی و پێشبڕکێی ئەسپسواری و قومارەوە. پارەیەکی زۆری دەدا بە ژمێریارەکانی کۆشک، هەمو ئەو وەزیرانەشی لادەبرد کە هەوڵیاندەدا خەرجییەکانی کۆشک کەمبکەنەوە و هەڕەشەبوون بۆ سەر ژیانە شاهانەییە پڕ کەیف و سەفاکەی.

سەرچاوە: الجزیرە نیت، 16-6- 2020

ناردن: