سەعید لاوەندی

سەعید لاوەندی، رۆشنبیرێکی رۆشنفکری عەرەب بوو، لەسەر رێچکەی باپیرە گەورەکانی رۆیشت و خۆی لەواندا دەبینییەوە.

بەم دوایانە، بەهۆی کۆچی دوایی هاوڕێی ئازیز و بیرمەندی درەوشاوە دکتۆر سەعید لاوەندی، زۆر دڵتەنگ و خەمبار بووم. رۆژگارێک لەمەوبەر لە پاریس ناسیم، لەو کاتەدا هەردووکمان پێکەوە خۆمان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا ئامادە دەکرد. ئەو لە هەمان ئەو کاتەدا، بەڕێوەبەری نوسینگەی رۆژنامەی “ئەهرام” بوو، لەو شەقامەی راستەوخۆ دەکەوتە پشت شەقامی شانزئەلیزێ، ئەگەر یادەوەریم خیانەتم لێنەکات. من زۆر سەرسام بووم پێی، نەک تەنها لەبەری ئەوەی وەک ئێمە قوتابی بوو. بەڵکو لەبەر ئەوەی بەرپرسی سەرپەرشتیکردنی نووسینگەی رۆشنبیریی رەسەنترین رۆژنامەی میسر، بگرە رەسەنترین رۆژنامەی عەرەبی بوو. لەو رۆژگارەدا پێموابوو سەعید لاوەندی، جۆرێکە لە رەفاعە رافیع تەهتاوی نوێ، یان تەنانەت جۆرێکە لە تەها حسێن و تۆفیق حەکیم. هەمو ئەوانە لە پاریسەوە، رۆشنبیریی عەرەبییان تازەکردەوە، بەشێوەیەک تازەیان کردەوە کە پێشتر شتی لەو جۆرە رووینەدابوو. لەو بڕوایەدام ئەمە خەونی سەعید لاوەندی بوو، ئەو لەسەر رێچکەی باپیرە گەورەکانی پێش خۆی رۆشت و خۆی لەواندا دەبینییەوە.

من تەنها سەرسام نەبووم بە رۆشنبیرییە بەرفراوانەکەی، بەڵکو سەرسامیش بووم بە کەسایەتییە خۆشەویست و لە هەمان کاتدا بەهێزەکەشی. رووخۆش و دەم بە پێکەنین و گەشبین بوو بە ژیان و بوون، کەچی من کەسێکی عەبوس و روگرژ بووم. وەک دەزانن هاودژەکان پێکدەگەن و یەکتر تەواو دەکەن. ئەو کۆمەڵێ خواستی فیکری روون و ئاشکرای هەبوو، بەشێکی گەورەی ئەو خواستە فیکریانەی بەدیهێنا، ئەمە پێش ئەوەی مەرگ بێت و زەفەری پێ ببات و زەفەر بە هەموشمان دەبات. ئەوە سونەتی پەروەردگارە لە مەخلوقەکانی: کل نفس ذائقە الموت. هەرچەندە من هیواداربووم تەمەنی کەمەکێک درێژتر بوایە. کۆچی ئەو لە تەمەنی شەست و چوار ساڵیدا، جێگای داغ و ئەسەفێکی گەورەیە. بێگومان ئەگەر کۆچی دوایی نەکردایە، بەرهەمی زیاتری دەبەخشی، بە دڵنیاییەوە کتێب و تێزەی تازەی دەخستە بەردەستمان. بەڵام ئیدی ئەمە ویست و چارەنووسی خودایە و لەگەڵ ئەو چارەنووسەدا هیچ ناکرێت. من لەم لایەنەوە بە راستی موسڵمان و ئیماندارم.

لە کاتی یەکتربینینمان لە نووسینگەکەی یان لە یەکێک لە چاخانە پاریسییەکانی تەنیشت نووسینگەکەی، قسەوباسمان سەبارەت بە خوێندنەکەمان و توێژینەوەکانمان و مامۆستاکانمان، دەکرد. ئێمە لەو ساتەوەختەدا،  لەسەرەتای ژیانە پاریسییەکەماندا بووین، پڕ پڕ بووین لە چالاکی و زیندویەتی و هیوا و ئاواتی پان و پۆڕ. قسەمان لەسەر پێشەنگەکانی فیکر و شیعری عەرەبی دەکرد، لە نمونەی ئەدۆنیس و ئەحمەد عبدالمعطی حیجازی و زەکی نەجیب مەحمود و ئەوانی دیکە. بیرمە محەمەد ئارکۆن و جاک بێرک، تەوەرەی سەرەکی قسەکردنەکانمان بوون. ئێمە زۆر سەرسامبووین پێیان، ئەو پەیوەندییەکی تا بڵێی بە هێزی لەگەڵ ئەو دوو بیرمەندە گەورەیە هەبوو. بەڵام من، پەیوەندیم تەنها لەگەڵ محەمەد ئارکۆن هەبوو کە مامۆستای سەرپەرشتیارم بوو.

دکتۆر سەعید لاوەندی دوای ئەوەی لە فەرەنساوە گەڕایەوە بۆ میسر، چەندین کتێبی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە، بگرە کۆمەڵێ کتێبی جوان و رازاوەی بڵاوکردەوە، تەنانەت ناونیشانی کتێبەکانیشی جوان و سەرنجڕاکێشن، لەوانە “چەنەبازی لەژێر بورجی ئیڤڵ”، “عبدالرحمن بدوی- فەیلەسوفی بوونگەرایی کە بەرەو ئیسلام رایکرد”، “ئیسلامۆفۆبیا- بۆچی خۆرئاوا لە ئیسلام دەترسێت”…هتد. ناونیشانی یەکەم رۆمانەکەی نەجیب مەحفوزمان بیردەخاتەوە “چەنەبازی لەسەر نیل”، ناونیشانی دووەم رێچکەی عەبدالرحمان بدوی-مان بۆ کورت دەکاتەوە کە ژیانی وەک فەیلەسوفێکی وجودی لە دەرەوەی ئاین دەستپێکرد، بەڵام دواتر ژیانی بە گەڕانەوە بۆ ئامێزی ئاین و ئیمان کۆتایی پێهێنا.

هەرچی کتێبی سێیەمە، ئاماژە بۆ کێشەیەکی گەورە دەکات کە لە ئێستادا فەرەنسا و تەواوی ئەوروپای سەرقاڵ کردووە. ئەویش کێشەی: ترسە لە ئیسلام، وەک ئەوەی ئیسلام دێوێکی مەترسیداربێت. هەر هەمو ئەوەش بەهۆی ئەو تەقینەوە تاوانکاریانەیە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، سەدان کەسی بێتاوانی لە شەقامەکانی پاریس و نیس و شوێنانی دیکە، کردە ئامانج. ئەو تەقینەوانە فەرەنسایان خوێناوی کرد و ئازاری زۆریان پێگەیاد. بەڵام من باس لە وردەکاری ئەو سێ کتێبە گرنگە ناکەم. بەڵکو بە درێژی باس لە دواهەمین کتێبی دەکەم کە ساڵی 2018 بەم ناونیشانە فرە دەلالەتە بڵاویکردەوە: “تهافت المثقفین”، ئەمە ناونیشانێکی رەسەنی ناو مێژومانە، چونکە کتێبە بەناوبانگەکەی غەزالی-مان بیردەخاتەوە: “تهافت الفلاسفە”، یان کتێبە بەناوبانگەکەی ئیبن روشد-مان بیردەخاتەوە کە لەوەی غەزالی بەناوبانگترە: “تهافت التهافت”. بەڵام سەروەختێک دکتۆر لاوەندی، سەرقاڵی نووسینی ئەم کتێبەی بووە، پێناچێت بیری لەم دوو کتێبە کردبێتەوە، بەڵکو بیری لە کایەی رۆشنبیریی فەرەنسا کردووەتەوە.

ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەوەدا لاوەندی، ئەو کاتەی لە وڵاتی ڤۆڵتێر و مۆلێر بوو، تا چ ئاستێک لەژێر کاریگەری رۆشنیریی فەرەنسادا بوو. هەروەها ئەمە حاڵی نووسەری ئەم چەند دێڕەش بوو. ئاشکرایە لەم ساڵانەی دوایدا، گۆڕەپانی رۆشنبیریی فەرەنسا، بۆ نموونە پڕ بووە لەم جۆرە ناونیشانانە: بێدەنگی رۆشنبیران یان کۆتایی رۆشنبیران یا ماڵئاوا رۆشنبیران… هتد. ئەمە بێ ئەوەی کتێبە کۆنەکەی “جۆلیان بندا” لەیاد بکەین: ناپاکی رۆشنبیران کە ساڵی 1927 بڵاوکراوەتەوە. هەروەها بێ ئەوەی کتێبەکەی “ریمۆن ئارۆن”یش لەیاد بکەین: “تلیاکی رۆشنبیران” کە ساڵی 1955 بڵاوبووەتەوە، (مەبەست لەوە ئالودەبوونی رۆشنبیرانی فەرەنسی بوو بە ئایدۆلۆژیای مارکسیزمی کۆمۆنیستی. ئەو ئایدۆلۆژیایە وەک تلیاک گەمەی پێکردن و عەقڵیانی لەدەستدابوو). جگە لەوانە ناکرێت کتێبەکەی “فرانسوا لوتار”یش لەیاد بکەین: گۆڕی رۆشنبیران!

ژمارەیەکی زۆری رۆشنبیرانی عەرەب، کەم تا زۆر، کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو کتێبانە، لەوانە سەعیدی لاوەندی. بەڵام ئەو خۆی ئاماژە بەوە دەکات بەتایبەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەری رێجیس دۆبرێ و تێزەکەی دەربارەی مەرگی رۆشنبیرە فەرەنسییەکان. جا باشە ئەگەر رۆشنبیرە فەرەنسییەکان مردبن، ئاخۆ حاڵی ئێمە دەبێت چۆن بێت؟ ئەگەر پاریسی پایتەختی رۆشنبیریی جیهان مردبێت، ئەی دەبێت ئومەی عەرەبی چیان بەسەرهاتبێت؟

سەعید لاوەندی پێیوایە میسر، دوای کۆچی دوایی رابەرانی وەک تەهتاوی و ئیمام محەمەد عەبدە و عەباس مەحمود عەقاد و دکتۆر تەها حسێن و سەلامە موسا و تۆفیق حەکیم و زەکی نەجیب مەحمود و لویس عوض، هێزە نەرمەکەی خۆی لەدەستداوە، واتە مەشخەڵە کەلتووری و رۆشنبیرییەکەی. چیتر لە میسر و لە دەرەوەی میسر، رۆشنبیرێک نەماوە، شان لە شانی ئەوانە بدات. بەڵام فەرەنسییەکانیش هەمان شت لەسەر خۆیان دەڵێن، چیتر بیرمەندانێک بە قەبارەی جان پۆل سارتەر و میشێل فۆکۆ و جیل دۆڵۆز و پییر بۆردیۆ و جاک دێریدا و پۆل ریکۆر…هتد نەماون. جگە لە رێجس دۆبرێ، چیتر یەک تاقە بیرمەند لای فەرەنسییەکان نەماوە، قورساییەکی جیهانی هەبێت. بەڵام وەک ئەوەی دکتۆر لاوەندی دەیڵێت، هەمان ئەم حاڵەتە لە یۆنانیشدا روویداوە. وڵاتی بلیمەتە گەورەکان، لە نمونەی سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ، بچوکبووەتەوە و نەزۆک کەوتووە و دوای ئەوان، هیچ فەیلەسوفێکی گەورەی نەهێناوەتە دونیاوە. رەنگە ئەمە یاسای مێژوو بێت: گەورەیی تاسەر بۆ کەس نییە. شارستانییەت پێچدەخوات و لای کەس نامێنێتەوە. وەلێ لاوەندی تەنها بەم قسانەوە ناوەستێت، بەڵکو بەرپرسیارەتییەکە دەخاتە ئەستۆی گەورە رۆشنبیران کە وازیان لە رۆڵە مێژوییەکەی خۆیان هێناوە. بە گوێرەی تێڕوانینی لاوەندی، رۆشنبیرانی میسر، رۆڵە رۆشنگەرییەکەیان یان رۆڵە ئاگادارکردنەوەکەیان لەدەستداوە و بە دەستی ئەنقسەت چوونەتە پاڵ نوخبەی دەسەڵاتدار، رۆڵیان کورتبووەتەوە بۆ پاساوهێنانەوە یان بەرگریکردن لە دەسەڵات. لەبیریانچووە (یان لەوانەیە لەبیریان کردبێت) ئەرکیان بریتییە لە جاڕسکردنی هەموان، نەک دڵنیایکردنیان و دەستدان لەسەر شانیان.

دواتر دکتۆر لاوەندی بەرپرسیارەتیەکە دەخاتە سەر بانگخوازە تازەکانی ئاین، چونکە ئەوە ئەوانن کۆمەڵگا وەک رانە مەڕ لێدەخوڕن، ئیدی ئەم کەسە بە لادەر و ئەوی دیکەیان بە زەندیق تۆمەتبار دەکەن. خۆیان وەک دادوەر دادەنێن و فەرمانی لە سێدارەدان بۆ ئەم و ملپەڕاندن بۆ ئەوی دیکە و دەسترێژکردن لەوی سێیەم دەردەکەن. ئێمە لە قسەکانییەوە تێدەگەین، ئەم گەلە پێویستی بەوەیە بە قۆناغی رۆشنگەریدا تێپەڕێت، وەک ئەوەی بەسەر گەلە پێشکەوتووەکانی ئەوروپادا هاتووە. بە راست و دروستی ئێمە لەوەمان کەمە و پێویستمان بەوەیە. هێندە بەسە سەیرێکی کەناڵە ئاسمانییەکان بکەین، بانگخوازە تازەکان بە خۆیان و ریشە چڕو ترسناکەکەیانەوە ببینین، تاکو لە راستی و دروستی قسەکانی لاوەندی دڵنیاببین. من کاتێک ئەو بانگخوازە تازانە دەبینم، باوکی خۆم بیردەکەوێتەوە، بۆیە شۆک دەبم و تووشی تۆقین دەبم. من ئەمە دەڵێم و داوا دەکەم خودا لە من و لە ئێوەش خۆشبێت. مەشایخە نەریتخوازەکان بوون بە رۆشنبیرە راستەقینەکانی ئەم گەلە، نەک تەها حسێن و عەقاد، نەک جابری و محەمەد ئارکۆن، ئەوە کارەساتە راستەقینەکەیە. لەبەر ئەوە دکتۆر لاوەندی لەم کتێبە گرنگ و چێژبەخشەیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە رۆشنبیری میسری یان عەرەبی، پێویستە بە رۆڵی خۆی هەستێت کە بریتییە لە گەڵاڵەکردنی گوتارێکی رۆشنگەر، گوتارێک توانای هەبێت کاریگەری لەسەر نەوەی گەنجان و عەقڵیەتیان جێبێڵێت. بەو هیوایەی بتوانێت لە چنگی ئەم ئاقارە تاریکبینانە رزگاریان بکات کە خەریکە میسر و تەواوی ناوچەی عەرەبی وێران دەکات. ئەمە مانای وایە بەهاری عەرەبی، بێ بوونی رۆشنگەرییەکی عەرەبی بوونی نییە، نوقتە سەری دێڕ.

رەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بێت، دکتۆر لاوەندی، پێگەیەکی ئەلیکترۆنی رۆشنبیریی پرشنگداری بەم ناونیشانە دامەزراندووە: پەراوێزەکانی رۆشنگەریی/ هوامش التنویر. ئەمە ئەو پێگە ئەلیکترۆنییەیە کە هاوسەرە رۆشنبیرەکەی “فاتمە الحصی” سەرپەرشتی دەکات، ئەو خانمە بیرمەندێکی سەنگین و نووسەرێکی پلە یەکە. بەم دوایانە کتێبێکی سەرنجڕاکێشی بەم ناونیشانە بڵاوکردەوە: “بەسەرهاتی ئارکۆنی گەنج- گەشتی ژیان لە نامۆبوونەوە بۆ ریفۆرم”. دواجار کە دکتۆر لاوەندی-م بینی لە ریاز بوو، پایتەختی شانشینی عەرەبی سعودییە. ئەمە لە پەراوێزی کۆنگرە بەناوبانگەکەی “الجنادریە” بوو. لەو کات و ساتەدا، بە درێژایی رۆژانی کۆنگرەکە، دەرفەتێکی زۆری یەکتربینینمان بۆ رەخسا. هەمیشە من و ئەو پێکەوە بووین: لە چێشتخانە گشتییەکان، هۆڵەکانی کۆنگرەکە، هۆڵی ئوتێلەکە، لەوێدا چێژمان لە قاوەی بەناوبانگی عەرەبی و میوانداری عەرەبی وەرگرت کە نمونەیان نییە. بەم دوایانە لە ئەبو زەبی، پایتەختی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، چێژم لە هەمان قاوە و هەمان میوانداری وەرگرت. لە هیچ شوێنێکی جیهانی عەرەبی و ناعەرەبیدا، نمونەیان نییە. بە راستی تۆ لێرە لە ماڵی حاتەمی تائیت! تۆ لێرە تەنها و تەنها قاوەی عەرەبی دەخۆیتەوە: خۆشترین قاوەی جیهان! ئا لەو چرکەساتەدا، باو و باپیرانت و ڕەگ و ریشە مێژوییە قووڵەکەت بیر دەکەیتەوە. تێدەگەیت ئەوانە بەس لێرە بوونیان هەیە، ئەوە دورگە نەمرەکەی عەرەبە.

لە پەراوێزی دانیشتنە لاوەکییەکانی کۆنگرەی “الجاندریە”دا، من و دکتۆر لاوەندی، قسەوباسێکی زۆرمان سەبارەت بە یادگارییە کۆنەکانمان لە پاریس کرد، باسی خوێندنەوە و بایەخدانە هاوبەش و لە هەمان کاتدا جیاوازەکانی نێوانمان کرد. دەگریان و پێدەکەنین، بیرمە من زۆرجار ئەوم دەخستە پێکەنین، چونکە من بلیمەتم لە هونەری تەنزئامێزی تاڵ. رەنگە ئەو بەم سیفەتە شاراوەیەی من شۆک بووبێت، سیفەتێک دەرناکەوێت تەنها لەگەڵ هاوڕێ دڵسۆزەکاندا نەبێت. من بە سروشتی خۆم زۆر شەرمنم، بەڵام کاتێک جڵەوی خۆم لەدەست دەدەم، ئەوا مەسەلەکە لە رادە دەردەچێت و دەبمە کەسێکی دی. لەوبڕوایەدام دکتۆر لاوەندی زۆر دڵخۆش بوو بەوەی لەو کاتەدا لەگەڵ مندایە. ئێستا دوای مردنی، هەست بە خۆشی دەکەم، چونکە رۆژگارێک و بە درێژایی چەند رۆژێکی کەم، لەپەراوێزی کۆنگرەیەکی گەورە و لە بەهاری وڵاتێکی عەرەبی گەورەدا، دڵخۆشم کرد.

سەرچاوە: الشرق الاوسط، دوو شەممە، 28 ئۆکتۆبەر، 2019.

ناردن: