سڤێتلانە ئەلیکسیڤیچ؛ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ هەڕەشەی لێ ئەکرێت

ڕۆژی سێشەممە ٨/٩/٢٠٢٠ ڕۆژنامەی ئەفتۆنبلادتی سویدی بڵاوی کردەوە کە خاتوو سڤێتلانە ئەلیکسیڤیچی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ٢٠١٥ لەلایەن چەند پیاوێکی دەمامکدارەوە لە ماڵەکەی خۆی لە مینسک هەڕەشەی لێ کراوە. لە ئێستادا سێ دیبلۆماتکار  لە سێ وڵاتی جیاوازەوە لە ماڵەکەیدان بۆ پشتگیری کردن و پارێزگاریکردنی، بۆ ئەوەی چارەنووسی وەک خەڵکە بەرهەڵستکارەکانی ئەو وڵاتەی لێ نەیەت کە لەماوەی ڕابردوودا سەرەونگون کراون و کوژراون.

بۆ ڕۆژی دواتریش چەندان خوێنەر و کەسایەتی ناسراو لەبەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەتەوە بۆ پیشاندانی پشتگیری و هاویاری لەگەڵیدا. لە ئێستادا سڤێتلانە هیچ پلانێکی نییە بۆ بەجێهێشتنی بەلەڕوسیا. سڤێتلانە وتوێتی: “ئەو کەسە بەرهەڵستکارانەی لەلایەن ڕژێمەوە ئەگیرێن و دیارنامێنن سەدانی تر دێنە جێگایان”. 

سڤێتلانە ئەلیکسیڤیچ خاوەنی کتێبەکانی وەک “جەنگ هیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نییە، نزایەک بۆ چەرنۆبڵ، دواهەمین شاهید، کۆتایی پیاوی سوور و زەمەنی دەستی دوو” و چەندانی ترە.

ناسراوترین کتێبیان “جەنگ هیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نییە” لەلایەن هیوا قادرەوە کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە زنجیرەی کتێبەکانی نۆبڵدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. لێرەدا وەک بە بیرهێنانەوەیەک بەشێکی کەم لە وتەی سڤێتلانە ئەلیکسیڤیچ لە ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ جارێکی تر بڵاو ئەکەینەوە:

سەبارەت بە چەپەری جەنگێکی دۆڕاو

٧ی دیسەمبەری ٢٠١٥

 و. لە سویدییەوە: هیوا قادر

من بە تەنیا هەر خۆم لە پشتی ئەم مینبەرەوە نەوەستاوم… لە چواردەورمدا دەنگگەلێک هەن، سەدان دەنگ، بەردەوام لەگەڵمدان. هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە، لە لادێیەک ئەژیام. ئێمەی منداڵ حەزمان لە چوونە دەرەوە و یاریکردن بوو، بەڵام شەوانە وەک ئەوەی موگناتیسێک بەکێشمان بکات، بەرەو ئەو کورسییانە ئەڕۆیشتین کە پیرێژنە پەککەوتەکان ـ وەک ئەوەی لای خۆمان پێی ئەوترێت ـ لەسەریان دائەنیشتن. عادەتەن لە نزیک ماڵ و کوخەکانیان کۆئەبووینەوە. هیچ کام لەو ژنانە مێرد، باوک یان برایان نەبوو، من هیچ پیاوێکم دوای جەنگ لە دێکەی خۆمان بیر نییە ـ لە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووهەمدا لە هەر چوار پیاوێک، پیاوێکیان لە بەرەی جەنگ لە ڕووسیا یاخود لە ڕیزی پارتیزانەکاندا کوژرابوو.

دنیای منداڵی ئێمە لەدوای جەنگ دنیایەکی ژنانە بوو. لە هەر شتێک زیاتر بیرم مابێت ئەوەبوو کە ژنەکان باسی مردنیان نەئەکرد، بەڵکە باسی عەشقیان ئەکرد. باسیان لەوە ئەکرد چۆن دواهەمین ڕۆژ ماڵئاواییان لە خۆشەویستەکانیان کردووە، هەروەها چۆنیش چاوەڕوانیان کردوون، چۆن تاکو ئێستاش چاولەڕێیانن. ساڵەکان چوون و ئەوان هێشتا هەر چاوەڕوانن: “خۆزگە بێ قاچ و بێ قۆڵ بوایە بەس تەنها بگەڕایەتەوە ـ من بەم دەستانەی خۆم هەڵم ئەگرت.” بێ قۆڵ… بێ قاچ… هەستم ئەکرد هەر لە سەردەمی منداڵییەوە زانیوومە کە عەشق چییە…

من لێرە تەنیا گوێ لە هەندێک لەو میلۆدییە غەمبارانە ئەگرم…

یەکەمین دەنگ:

تۆ بۆچی ئەتەوێت ئەمە بزانیت؟ ئەمە زۆر غەمبارە. من پیاوەکەم لە جەنگ بینی. سەربازی زرێپۆش بووم. تاکو بەرلین چووبووم. بیرمە چۆن لە لای بینای پەرلەمانەوە وەستابووین، ئەو دەم هێشتا نەبووبوو بە مێردم، پێی وتم: “ئێمە ئەتوانین هاوسەرگیری بکەین، من تۆم خۆش ئەوێت”. بەڵام من بەو قسانەی ناڕەحەت بووم ـ بە درێژایی جەنگ ئێمە لەناو پیسی و تەپوتۆز و خوێندا ژیابووین و لە چواردەورماندا تەنیا جنێو هەبوو. من وەڵامم دایەوە: “پێش هەر شت تۆ ژنێک لە مندا زیندوو بکەرەوە:  گوڵم بدەرێ، وشەی نەرمونیانم بۆ بکە، هەر ئەوەندەی لە سەربازییش مەرەخەس کرام جلێک بۆ خۆم ئەدرووم.” من هێندە دەهری بووبووم ئەمویست لێی بدەم. ئەو هەستی بە هەموو ئەو شتانە ئەکرد کە باسم ئەکردن، ڕوومەتێکی سووتابوو پڕ بوو بوو لە برین، من بەسەر ئەو برینانەیەوە فرمێسکم بینی ئەڕژا.

“باشە، من شووت پێ ئەکەم.” من وام وت… خۆشم باوەڕم نەئەکرد ئەو قسەیە لە دەمی من هاتبێتە دەرەوە… دەوروبەرمان خۆڵەمێش و خشتی شکاو بوو ـ ئێمە، بە کورتییەکەی بیڵێم، چواردەورمان بە جەنگ دەورپێچ درابوو…”

 

دووهەمین دەنگ:

ئێمە نزیک بە وزەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ ئەژیاین. وەک شیرینەمەنی دروستکەرێک کارم ئەکرد، کێکم دروست ئەکرد. بەڵام پیاوەکەم ئاگرکوژێنەرەوە بوو. تازە هاوسەرگیریمان کردبوو، تەنانەت دەستی یەکتریمان ئەگرت کاتێک ئەچووین بۆ بازاڕ. هەمان ئەو ڕۆژەی کە بنکەی پیتاندنەکە تەقییەوە لە ویستگەی ئاگرکوژێنەوەکە، ئەو لەوێ خەفەر بوو. کاتێک ئاژێرەکە لێیدابوو ئەوان بە پانتۆڵ و جلوبەرگی ئاساییانەوە چووبوون بۆ ئەوێ، تەقینەوەکە لە بەشی وزە ئەتۆمییەکە ڕووی دابوو، هیچ جلوبەرگێکی تایبەتیان بەسەریاندا دابەش نەکردبوو.

ئێمە ئەوەمان ئاوها بەسەر هات… خۆتان ئەزانن… بە درێژایی شەو خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون و ئەو تیشکی ڕادیۆ ئەکتیڤانەشیان بەرکەوتبوو کە بەر هەر کەس بکەوتایە ئەیکوشت. بەیانییەکەی دەمودەست بە فڕۆکە ڕەوانەی مۆسکۆیان کردن. بەر تیشکی ڕادیۆ ئەکتیڤەکە کەوتبوون… مرۆڤ تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوە ئەژی… پیاوەکەی من بەهێز بوو، وەرزشەوان بوو، دواهەمین کەسیان بوو کە مرد. کاتێک چووم بۆ ئەوێ پێیان وتم خستوویانەتە سندووقێکی تایبەتەوە، ناهێڵن کەس بچێتە لای. “من خۆشم ئەوێت، بەدەم پاڕانەوەوە وام ئەوت.” لە ژوورەوە سەربازەکان خزمەتیان ئەکەن. تۆ لەوێ ئەتوانیت چی بکەیت؟

 ـ “من خۆشم ئەوێت.” ـ هەوڵیان دا قەناعەتم پێ بکەن: “تازە ئەو وەک ئەو مرۆڤەی جاران نەماوە کە تۆ خۆشت ویستووە ـ ئەو ئێستا تەنها کەرەستەیەکی زیانبەخشە، تۆ لەم قسەیە تێئەگەیت؟”

بەڵام من بەدەم خۆمەوە تەنها هەر ئەوەم دووبارە ئەکردەوە: خۆشمەوێت، خۆشمەوێت… شەوێ بە پەیژەی ئاگرکوژێنەوەکە سەرکەوتم بۆ لای… پاڕامەوە لە پاسەوانەکانی شەو… پارەم دانێ تاکو بمکەنە ژوورەوە… من ئەوم بەجێ نەهێشت، لەگەڵی بووم تا کۆتایی… دوای مردنی… چەند مانگێک دواتر کچێکی بچکۆلەم بوو… تەنها دوو ڕۆژ ژیا… کچەکەم… هەردووکمان غەریبی هاتنەدنیای ئەومان ئەکرد… بەڵام من خۆم کچەکەمم کوشت… گەرچی ئەو منی ڕزگار کرد… هەموو ئەو تیشکی ڕادیۆ ئەکتیڤانەی ئەوێ بەر ئەو کەوتبوو. ئەو زۆر بچکۆلە بوو… خنجیلانە… من هەردووکیانم خۆش ئەوێت. مرۆڤ ئەتوانێت بەهۆی خۆشەویستییەکەیەوە کەسێکی تر بکوژێت؟ مێردەکەم و کچەکەم بۆ ئەوەندە نزیکی یەکتری بوون ـ عەشق و مەرگ؟ ئەوان ئێستا بە بەردەوامی بەیەکەوەن. کەسێک هەیە بتوانێت ئەمەم بۆ ڕوون بکاتەوە؟ من لەسەر گۆڕەکەی کەوتمە سەر چۆک…”

 

 

 

ناردن: