دەمەتەقێیەکی سەرپێییانە، لەگەڵ شاعیری کۆچکردوو (عیرفان ئەحمەد)دا

سازدانی: ئیدریس عەلی

مێژووی ئەم دیمانەیە، یاخود بڵێم ئەم دەمەتەقێ سەرپێیانەم لەگەڵ هاوڕێی شاعیری کۆچکردووم (عیرفان ئەحمەد) دا، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پاییزی ساڵی ٢٠٠٤، من بە ئێستاشەوە پێم وایە ئەگەر ژیان لەگەڵ ئەم شاعیرەدا سەرڕاست و بەئەمەک بوایە، ئەگەر سەرەڕۆیی و سەرلێشێواوییەکانی ڕۆژگار، دەستیان لە بەرۆکی گیر نەکردبا، ئەوا ئاستێکی باڵاتر و جوانییەکی واوەترمان لە شیعری کوردیدا، لەسەر دەستی عیرفان دەبینی، هاوکات مردنەکەشی بەو شێوە تراژیدییە نەدەبوو… بڵاوبوونەوەی ئەم چاوپێکەوتنە لەم سەرەتای پاییزەدا، دەبێت بە یادێک لەو ڕۆحە جوان و دەنگە ناسکەی شیعری کوردی، هاوکات دووبارە ناساندنەوەیەکی کاک عیرفان دەبێت بە نەوەیەک کە ئەویان تەنها بە ناو ناسیوە و ئاگاداری تێڕوانینەکانی نین بۆ ژیان و شیعر.

ئیدریس عەلی: هەموو شتێک سەرەتایەکی هەیە… دەمەوێت بزانم سەرەتای تۆ کەی بوو کە هەستت بە شاعیربوونی خۆت کرد و ئەو وزەیەت لە خۆتدا دۆزییەوە؟

عیرفان ئەحمد: کە خوێندکاری سەرەتایی بووم، لە سەرەتای حەفتاکاندا لە تیپی سروودی قوتابخانە بووم، نایشارمەوە من  پڕ بە دڵی منداڵانەی خۆم، حەزم دەکرد هۆنراوەی ئەو سروودانە من بمنووسینایە و هی من بوونایە، من پێش ئەوەی گوێم لە وشەی شیعر بێت و بزانم شیعر چییە، هەستم دەکرد و دەمزانی  شتێک لە ڕۆحمدا هەیە و بەڵام ناوی نازانم، واتە نەمدەزانی ئەو شتە چییە کە لە ڕۆحمدایە و بۆم پێناسە نەدەکرا، هەستم دەکرد من ئەندامێکم لە جەستەم زیاترە لە خەڵکانی تر، ئەندامێک کە بە چاو نابینرێت، بە دەمارە هەستەوەرەکانی سەری پەنجە ناگیرێ، هاوکات ناتوانی پیشانی خەڵکی ئاسایی بدەیت، هەستم دەکرد جگە لەو تەزووانەی کە بایەکی سارد بە جەستەدا دەیبا و دەیهێنێ، من تەزوویەکی دیکە شک دەبەم لە خۆمدا، کە شیعر دەیخولقێنێت، تەزوویەک کە کەس سەرچاوەکەی نازانێ و ناتوانێ لە ئاستیدا خامۆش نەبێتەوە، من وا هەست دەکەم پێغەمبەرەکان، یان فەیلەسووفەکان لە نهێنی ئەو تەوژمەوە، مرۆڤەکانیان هەڵداوەتە ناو شەپۆلەکانی خۆیانەوە، من هەست دەکەم شیعر تا بڵێی ژنێکی جوان و جادووگەرە، بە شەقامەکاندا ڕەت دەبێ، دەچێتە سەیران و بە ناو خەڵکدا لەنجە دەکات، بەڵام لەو کاتەدا تەنها شاعیر دەیبینێت.

ئیدریس عەلی: شیعر دەکەوێتە کوێی ژیانەوە… ئایا شیعر لەگەڵ هەموو دیاردەکانی ژیاندا هەڵدەکات؟

عیرفان ئەحمەد: شیعر لەگەڵ شتە زبرەکان و دیاردە دزێوەکاندا هەڵناکات، ناتوانێ دەستلەملانی هەموو ڕووداو و دیاردەیەک ببێت، لەو جۆرە شوێنانەی کە ژینگەی ڕۆح پیس دەبێت، شیعر ئیدی بار دەکات بۆ سەر لوتکە بەرزەکانی هەست، کەنارە زیوینەکانی ئاخافتن، چرپەی دوو دڵداری دوای نیوەشەو، جوڵەجوڵی کوکوختییەک لەناو سنەوبەرێکی چڕوپڕدا، یاخود پیلانی پشیلەیەک بەسەر دیوارێکەوە، دواجار دەمەوێ بڵێم شیعر دەکەوێتە زۆر شوێنی ژیانەوە، هاوکات ناشکەوێتە زۆر شوێنی دیکەی ژیانەوە.

ئیدریس عەلی: بێدەنگی و تەنیاییەک لە شیعرەکانتا قوڵپ دەدەن، ئەو بێدەنگی و تەنیاییەی ناو شیعر، چ جۆرە پەیوەندییەکی بە تەنیایی و بێدەنگییەکی دەرەوەی شیعرەکانتەوە هەیە؟

عیرفان ئەحمەد: لە ڕاستیدا شیعر دەنگ و هەندێ جاری دیکەش گەڕانەوەیە بۆ خودی بێدەنگی، جۆرە پرسیارێکە لەگەڵ هاتنی مرۆڤ بۆ ناو پانتایی ژیان، ئەویش هاتووە، تەنیایی و شاعیر، وەکو ڕەگ و گەڵا وان، یان وەکو گەشتی بێپەروای مانگەشەو بە ناو وەرزەکاندا، دواجار دەمەوێ بڵێم تەنیای شاعیر، لە تەنیایی ماسییەک دەچێت لە حەوزێکی ڕەنگاوڕەنگدا، کە بێگومان خودی حەوزەکەش جگە لە خەیاڵ چ شتێکی دیکە نییە، دەکرێ و دەشێ هەندێ جار قووڵ بێت و دەشکرێ هەندێ جار تەنک بێت، شیعر لە دەرەوە بدوێ یان لە ناوەوە، یان لە هەردووکیاندا، هەر شیعرە دەتوانێ هەموو ڕەنگە جیاوازەکان کۆبکاتەوە، بەبێ ئەوەی ڕەنگی خۆی بگۆڕێت، کە بێگومان ڕەنگی تەنیاییە.

ناردن: