دەزگای سەردەم لە دیدی نووسەران و ڕووناکبیرانەوە (بەشی سێیەم)

ئامادەکردنی: دەزگای سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە کایەی کولتوور و ڕووناکبیری و ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیدا کردووە، گرنگیدانی ئەم دەزگایە بە ئەدەب و فیکر و مێژوو و بابەتە زاستی و فەلسەفییەکان، گەواهیدەرن بۆ بەتەنگەوەهاتنی دەزگای ناوبراو و بوونی ئەو خەمە قووڵ و گەورەیەی بۆ ڕۆشنبیری هەیەتی، ئێستاش وێڕای قەیرانە جۆراوجۆرەکان، دەزگای سەردەم لەسەر پێی خۆی وەستاوە و لە گیرفانی بەتاڵی خۆی درێژە بەو خزمەتە دەدات، ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، دید و سەرنجی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر و وەرگێڕی دیاری کوردن کە باس لە گرنگی ئەم دەزگایە و ئاستی کتێبە باشەکانی دەکەن.

سەردار فەتاح ئەمین – هۆڵەندا

خۆم بە بەختەوەر دەزانم، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم دەزگایەوە، کاتی خۆی لە سەرەتای ساڵانی دووهەزار بەدواوە، لە سەردانێکمدا بۆ کوردستان، توانیم چاوپێکەوتن و ڕیپۆرتاجێکی دوورودرێژ لەسەر کۆمەڵێک دامودەزگای ڕۆشنبیری و ئەدەبی شاری سلێمانی ئامادە بکەم و هەر لە کاتی خۆشید، لە بڵاوکراوەی (ژینی نوێ) لە لەندەن و پاشانیش لە دووتوێی نامیلکەیەدا بە ناونیشانی (بزوتنەوەی ڕۆشنبیری لە وڵاتی سلێمانی دا) بڵاوم کردەوە، یەکێ لەو دەزگایانە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو.

 لێرەدا دەمەوێ بە کورتی ڕا و سەرنجی خۆم، وەک خوێنەرێک سەبارەت بە خودی دەزگاکە و بڵاوکراوە و دابەشکردنی کتێبە چاپکراوەکانی ئەم دەزگایە دەرببڕم.

 بێگومان ئەم دەزگایە یەکێکە لە دەزگا پڕ بەرهەم و چالاکەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر نەڵێم لە وەزارەتێکی ڕۆشنبیری چالاکتر نەبووە، کەمتری نەکردووە. دیارە ئێستە ئەمانیش بەهۆی قەیرانی دارایی و گیروگرفتەکانی کوردستانەوە، کە کاریگەری خراپی کردۆتە سەر هەموو جومگەکانی ژیان، بەدەر نین لەو گرفت و قەیرانانە.

سەبارەت بە سایتەکە خوێنەر دەتوانێت زانیاری تەواو لە هەموو ڕوویەکەوە دەربارەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بڵاوکراوەکانیان بزانێت، بەڵام من ناتوانم بەم چەند دێڕە هەڵسەنگاندن بۆ بڵاوکراوەکان بکەم، بەڵکو دەمەوێ بڵیم چۆن بڵاوکراوەکان بگەیەنن بە خوێنەری جدی و دەزگاکە خۆشیان سودمەندبن، ڕەنگە ئێستە زۆربەی کتێب و بڵاوکراوەکانیان بنێرن بۆ کتێبخانەکان و نەشتوانن نەک هەر سودمەندبن، بەڵکو حەقەکەشی وەرناگرنەوە، لەبەر ئەوە دەبێت بیر لە زۆر شێوازی دیکەی دابەشکردن و بڵاوکردنەوە بکەنەوە، تا خوێنەری جدی سود لە خوێندنەوەی بڵاوکراوەکانیان وەربگرێت و هەڵپەی بە خۆڕایی دەستخستنی نەدات، بە مەرجێک دەزگاکەش لە ڕووی مادییەوە سودمەند بێت و زەرەر نەکات، دەبێت کارئاسانی زیاتر بکات.. هەرچەند گرفتی بانک و ناردنی پارە هێشتا لە کوردستان لە ئارادایە. سەبارەت بە کڕین و دەستخستنی بڵاوکراوە و کتێب و چاپکراوەکانی دیکەیان، دەکرێت بە فرۆشتنی ئۆنلاین، یان بە داواکردن و ناردن بۆ خوێنەران، ئێستە ژمارەیەکی بێشومار کورد لە هەموو دنیادا بڵاوبوونەتەوە و ئیماکانیاتی ماددیشیان باشە، دەتوانرێت بە کڕینی پشک یان ئابوونەدان وەک بەشداریی ساڵانەی دەزگاکە، بتوانێت کتێبەکانی دەست بکەوێت، لە ڕێگەی سایتی سەردەمەوە، دەتوانرێت ئەم ئاسانکاریانە بکرێت.

سەبا ئەحمەد:

دەزگای سەردەم ئەو قوتابخانە بوو کە بۆ جیلی ئێمە بوویە قوتابخانەیەکی ئەدەبی و لەسەر دەستی پەروەردە بووین و هەنگاو بە هەنگاو پێی گەیاندین ئەتوانم بڵێم تاکە ڕێگا بوو کە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو جیلە بەهرەی خۆیان تێدا پەروەردەکرد و دەرگایەکی گەورەی بە ڕووماندا کردەوە بۆ ئاشنابوون بە ئەدەب و مەعریفەی نووسەر وئەدیبەکانی دنیا و هەر لەو ڕێگایەشەوە ئاشنابووین بە ناوی چەندین نووسەر و بیریار کە پێشتر هەستمان بە بوونیان نەکردبوو.. لە بواری ئەدەبی منداڵان و ئەدەب و مەعریفە و زانستدا کەبۆ هەر بوارێک بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆی هەبوو. پاشان پرۆژەی کتێبەکانی ئەم دەزگایە تایبەتە بە وەرگێران کە دەکرابە تەنیشت وەرگێڕانەوە کتێبی نووسەرەکانی کوردیش بڵاوبکاتەوە،

لە کۆتایدا ئومێدەوارم دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، هەر بەو نوێکاری و نوێخوازیەی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

ئازاد هاشم:

بەو پێیەی ئەوانەی ئەم دەزگایەیان دامەزراند و پێیەوە هیلاك بوون، کەسانی بەڕێز و ڕۆشنبیری دەستەبژێری گەلەکەمان بوون، چ ئەوانەی ماڵئاوایی یەکجارییان کرد و چ ئەوانەی ماون و درێژەپێدەری ڕێگاکەن، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە شەوق و ڕەونەق و کاریگەری دەزگای سەردەم لەسەر ڕەوتی ڕۆشنبیری و مەعریفی دەزگاکە زیاتر بێت، دەزگای سەردەم یەکێکە لە دەزگا ڕاقییەکان لە گۆڕەپانی کوردی کە ئەوەندە مەبەستی خزمەت کردن بووە، مەبەستی ماددی نەبووە، لە سەرەتادا چاپەمەنییەکان جۆرێک لە هەژاری لە ڕووی چاپکردنی کتێبەکانی پێوە دیاربوو، لە ڕووی دیزاین و تەکنیکییەوە، بەڵام ئێستا کتێبەکانی لە ڕووی کوالیتییەوە زۆر بەرزن….  دەزگای سەردەم لە هەموو بوارەکانی ئەدەبدا جێ پەنجەی دیارە، لە ڕووی کتێبی شانۆ و چیرۆك و ڕۆمان و یادەوەری و شیعر و…  لە ڕێی دەزگای سەردەمەوە ئاشنای چەندین نووسەری بیانی بووین لە ڕێی وەرگێڕانەکانی بەڕێزان (ئەبوبەکر خۆشناو و ئازاد بەرزنجی و عەزیز گەردی) و بەم دواییەش (هیواقادر) و وەرگێڕانی ئەو شاکارانەی زافۆن…. هیوای بەردەوامی بۆ دەزگای سەردەم دەخوازم و هیوادارم لە خزمەت کردن بەردەوام بێت، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی مادی خەڵك و خوێنەران، لە ڕووی داشکاندنی نرخەکانیانەوە، کە ئەمەش بە ئاشکرا بە بڵاوکراوەکانی ئەم دواییەیانەوە دیارە…  بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و ئەو چرایە هەر بەردەوام بێت.

تارا شێخ عوسمان:

زۆربەی زۆری ئەو كتێبانەی لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەردەچن، كتێبی باش و گرنگن، لە ڕووی ناوەڕۆك و ئەو بابەتانەی لە دوووتوێیاندا هەیە. هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنجە ئاستی زمانەوانی لە كتێبەكانی دەزگای سەردەم تا ڕادەیەكی زۆر ئاستێكی باشە و كەمترین هەڵەی زمانەوانی و هەڵەی چاپ بەگشتی لە كتێبەكاندا هەیە. وەك خوێنەرێك، ئەوەی دەیبینین ئێستا فەوزایەكی گەورەی كتێب چاپكردن هەیە، لەو ڕووەشەوە دەزگای سەردەم توانیویەتی خۆی لەو فەوزایە بەدوور بگرێت و بە گیانێكی هەستكردن بە لێپرسراوێتییەوە كتێبی بەكەڵك چاپ و پەخش بكات. هەروەها گرنگییەكی زۆریشی داوە بەوەی سەرجەم چین و توێژەكان و تەمەنەكان فەرامۆش نەكات و بەرهەمی بەپێزیان پێشكەش بكات، ئەوەی پێویستە بوترێت، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە سەرەتای دروستبوونییەوە، خزمەتێكی گەورەی نووسەران و وەرگێڕەكانی كردووە و هەمیشە دەرگاكانی ئاوەڵا بووە بۆیان بە بێ گوێدانە بیروڕای تایبەتی ئەو كەسانە و بێ گوێدانە پاشخانی سیاسییان، هەروەها لە ڕێگەی هەموو ئەو بڵاوكراوانەی كە لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە كتێبخانەی كوردیی پێ دەوڵەمەند كراوە، خوێنەران بە شێوەیەكی گشتیی بە ئەدەب و هونەر و زانستی نوێی جیهان ئاشنا بوون

د. کامەران مەنتک:

  ساڵی 1999 ماسته‌رنامه‌كه‌م (كوردستان له ‌نێوان ململانێی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یدا) ته‌واو كرد و گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، هه‌وڵم دا وه‌كو كتێب چاپی بكه‌م، له ‌هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ قسه‌م كرد، كه‌ به‌رپرسه‌كه‌ كۆنه‌ براده‌رێكم بوو، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون چاپی بكه‌ن، له ‌ڕێگای براده‌رێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌ ده‌زگای سه‌رده‌م، ئه‌وان به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازییان له‌ كتێبه‌کە كرد و بڕیاریان دا چاپی بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ وا هه‌ستم كرد ئه‌و براده‌ره‌‌ی هه‌ولێر زانیبووی كتێبه‌كه‌م ناردۆته‌ سه‌رده‌م، بۆیه‌ گوتیان كتێبه‌كه‌ت بێنه‌ ئێمه‌ بۆت چاپ ده‌كه‌ین، منیش بێده‌نگ بووم و بڕیارم دا بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك بێت بۆ ئه‌وان، هه‌ر واش ده‌رچوو، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م كتێبه‌كه‌ كه‌وته‌ بازاڕ و پێشوازییه‌كی باشی لێ ‌كرا، دوای ئه‌وه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكدا سه‌ردانی ده‌زگای سه‌رده‌مم كرد، چووینه‌ لای (شێركۆ بێكه‌س) ی شاعیر، كه‌ به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه‌ بوو، سه‌ره‌تا منی نه‌ناسی، دواتر كه‌ زانی من خاوه‌نی ئه‌و كتێبه‌م، زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ كرد و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ كورد پێویستی به‌م جۆره‌ توێژینه‌وانه‌ هه‌یه‌ و ڕاشكاوانه‌ هانی دام بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسامییه،‌ دوای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ كه‌وته‌ بازاڕه‌وه‌، ئیدی له‌ كۆلیژه‌كه‌ی خۆم كێشه‌م بۆ دروست ده‌كرا و ڕێگه‌یان نه‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ كۆلیژ، ڕاگره‌كه‌ی ئه‌و كاتی ڕاشكاوانه‌ پێی گوتم، كاكه‌ بۆ له‌ سلێمانی و له‌ ده‌زگای سه‌رده‌م كتێب چاپ ده‌كه‌یت، منیش به‌ڕاستی سه‌یرم به‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ هات، گوتم من مرۆڤێكی ئه‌كادیمیم، كێ كتێبم بۆ چاپ بكات لای من گرنگ نییه‌، ئیدی ئه‌و چاپكردنه‌ زۆر كێشه‌ی بۆ دروستكردم، بووه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی ده‌رفه‌تی خوێندنم له ‌هه‌ولێر نه‌مێنێت، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام ڕووخا، چوومه‌ زانكۆی موسڵ و دكتۆراكه‌م له‌وێ ته‌واو كرد.

ئەمە بیرەوەریی منە لەگەڵ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

ناردن: