دەربارەی جەنگ، کە هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە

ڕاهۆز کامەران

بە سیمۆن ئێڤرا ی نێو شانۆنامەی ماراساد پێشکەش بێت.

سڤێتلانە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵەکەیدا..دەربارەی کتێبەکەی   .. war’s Unwomanly face 1992 جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە. دەڵێ:

“من بەدوای پاڵەوانەکاندا نەگەڕاوم. من مێژووم لە ڕوانگەی چیرۆکی ئەو شاهیدو بەشداربوانەوە نووسیوەتەوە کە نەبینراون. هیچ کەسێک هەرگیز نەچووە پرسیاریان لێبکات.”

        ***

لە دێر زەمانەوە هەزاران جەنگی کورت و درێژ ڕویانداوە، وردەکاریی هەندێکیانمان زانیوەو وردەکاریی ئەوانیدیش لە نێو تەرمی قوربانییەکاندا بۆ ئەبەد وون بوونو دیار نەماون.

لە ڕاستیدا ئەو جەنگانەی دووچاری مرۆڤ بوون لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا لە توندترین جەنگە مێژوویەکان و خوێناویترین و ترسناکترینەکان بوون. سوتاندنی دەیان و سەدان ماڵ و کوخ و گوندو شار، کوشتنی هەزاران منداڵ و ژن و پیاو و ئاژەڵ بە توندو تیژانەترین شێواز، بەرهەمی ئەو جەنگانەبوون.

جەنگی جیهانی دووهەم کە بەیانی یەکی ئەیلولی ١٩٣٩ بە پەلاماردانی پۆڵۆنیا دەستی پێکرد لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە بە بڕیاری هیتلەر، بەجەنگی ئەڵمانیا دادەنرێت لەگەڵ جیهاندا. ئەمشەڕە درێژە دەکێشێت تا ساڵی ١٩٤١و تا دەگاتە سنوورەکانی ڕوسییا.

هیتلەر دەربارەی ئەم جەنگە بە جەنەڕاڵ فارلی مۆنت ئەو پسپۆڕە سەربازییەی کە ئەرکی داڕشتنی پلانی هێرش بۆ سەر ڕوسیای پێسپێردرابوو وتبو: ئەم جەنگەی دەست پێدەکات بێ بەزەیی دەبێت.

هەر واشبوو، بێ ئەنداز بێبەزەییانە بوو..

ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، تازە لە خوێندنەوەی کتێبی جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە ی سڤێتلانە تەواو بووم.

سڤێتلانە خانمێکی بێلاڕوسیە. ساڵی ١٩٤٨ لە شاری ستانسلاڤ لەدایکبووە و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی مینسک تەواوکردووە. ڕۆژنامەوان و نووسەرە. کتێبی “جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە”، بەناوبانگترین کتێبی ئەوە. سڤێتلانە سەرەتا ئەم کتێبەی بەش بەش لە گۆڤاری  oktybrی ڕوسی مانگانە بڵاودەکردەوە و پاش چآپبونی نزیکەی دووملیۆن کۆپی لێفرۆشرا.

سڤێتلانە نەوەی دوای جەنگە، ئەو جەنگەی هیتلەر و ستالین دروستیان کردو بەتایبەت مرۆڤە ئەڵمانی و ڕوسییەکان تیایدا بوون بە قوربانی.

ئەم چیرۆکانەی لەم کتێبەدا دەیخوێنیتەوە، هی ئەو مرۆڤانەیە ئەمڕۆیان بە خوێن و دەمارەکانی خۆیان ژیاندوەو گەیاندویانە بە ئێستا و ئێستاش.. یان لە شوقەیەکی هەرزان نشینی مۆسکۆ، یان لە خانوویەکی بچوکی دێیەکی وەک میخالچکۆڤای ڕووسیا لەگەڵ مەدالیاو هەندێک خەوی ناخۆش ناخۆش و چاوەڕوانیەکانیاندا تەنیاو لاکەوتە دەژین.

خوێندنەوەی ئەم گێڕانەوە بێ دەستکاری و واقعیانە. پڕیان کردووم لە تاریکاییەکی ساردی وەک تونێل درێژ،لە غەمگینییەکی چڕ. ڕۆحم لە ناو خوێن و فرمێسک و سەرمادا نوقم بووە، هەست بە ئازاری بڕینەوە و پەڕینی هەردوو دەست و قاچی ژنەکان دەکەم، هی کوڕە گەنج و پڕ هیواکان. مردنی ئاژەڵەکان لەبرسا..

هەست بە خوێن لێهاتنی زۆر و ئامادەیی  تارمایی و بەخشپە هاتنی مەرگ دەکەم بۆ ناوم، خشپە خشپێک گرمەیەکی گەورە تیایدا خۆی حەشارداوە..گرمەی پێکدا کێشانی مردن و ژیان…

جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە چیرۆک گەلێکن، ژنانی  بەشداربووی جەنگی جیهانی دووەم دەیگێڕنەوە و تیایدا باس لە ژیانی خۆیان دەکەن لە جەنگدا. ئەمکتێبە،جیاواز لە کتێبە قەبەو کەڵەگەتەکان کە لەسەر مێژووی سەرکردەو ڕوداوەکانی ناو جەنگەکان نووسراون. کە دەربارەی ئازایەتی نووسراون، کتێبێکە لەسەر هەستی ئەنجامدەرانی ئەوکارانە نووسراوە، کتێبێکە لەسەر ترس و شکستی ڕۆحی مرۆڤ لەجەنگدا..

ئەم جەنگە،لەناو ژورەکەمدا، لە چا خواردنەوەی ساتەکانی خۆ دزینەوەم لە خوێندنەوەی چیرۆکی ژنێکی تردا لەگەڵمدا ئامادەبوو. بەڵام لە هەمان کاتیشدا, هەمان ئەو تیشکە لەئومێد کە لەژنە غەمگینەکانی نێو ئەو ڕۆژگارە تاریکانەدا هەبوو دزەی کردبووە نێوم!

ئەو ئومێدە جارێک منی نەجات دەدا، جارێکی تر هانی دەدام،سەرەڕای ئەو غەمگینییەی لە ئاکامی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانەدا رژابووە نێو دەروونم بەردەوام بم لە خوێندنەوەیان و لە ڕێگایانەوە لە وردەکاری ڕۆژگارێکی ئێجگار پرخەسارەت و شکست بۆ مرۆڤایەتی تێبگەم.

ئەم کتێبە نووسەرو وەرگێڕ هیواقادر لە سویدییەوە کردوێتی بە کوردییەکی ڕەوان و هێمن و بێ گرێ. کوردییەک لەڕێگایەوە چێـژی وشەو چیرۆکەکان دەکەیت، لەجێیەکدا غەمگینی و  لەجێیەکی تردا توندی و نیانیی ساتە هەستیارەکانی جەنگ بەرتدەکەوێت. لە خوێندنەوەیەوە هەست بە وردی و کات بەخشین و هیلاکی وەرگێڕی پشت ئەم کتێبەدەکەیت کە لە پێش دەمتدایە. دەزانیت مرۆڤەکان ڕەنگە لە ڕەنگ و جوگرافیاو ئاین و ئایدۆلۆژیادا لەیەکدی جیاوازبن، بەڵام لە مردن و ئازارکێشاندا نا.

*دەربارەی ئەدەبیات ئازار نەفیسی لە وتارێکیدا دەڵێ: ((ئەدەب هەمیشە دەربارەی ئەوانی ترە. ئێمە دەبات بۆ شوێنگەلێک کە نەمان بینیوە، وە چاومان بەکەسانێک دەکەوێت و هاوسۆزیان لەگەڵ دەردەبڕین کە هەرگیز نەمان ناسیون.))

ئەم کتێبە کە گێڕانەوەی بریندارانەی ڕۆژە تاریکەکانی جەنگە.. هاوخەمییەک دروستدەکات بۆم وەک خوێنەر لەگەڵ گێڕەرەوەی ڕوداوەکانی نێوی. هەمان ئەو کارەدەکات کە نەفیسی پێی وایە ئەرکی ئەدەبیاتەو دەتبات بۆ دوورگە دوورەکانی ڕۆژانێکی قورس و پڕ مردنی تراژیدی.

کۆکردنەوەو نووسینی ئەم کتێبە،نزیکەی ٢٦ ساڵی خایاندووە، چیرۆکی نزیکەی ملیۆنێک خانمی سۆڤێتیە کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەشدارییان کردووە.

 سڤێتلانا تیایدا پرسێکی جەوهەری دەوروژێنێت سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە جەنگدا.

پرسیار دەربارەی ئەوەدەکات بۆچی ئەوژنانەی بەتوندی بەرگریان لە خاکەکەیان کردو لە جیهانێکی پیاوسالاردا شوێن پێی خۆیان چەسپاند، بەرگریان لە مێژووی خۆیان نەکرد؟ کوا قسەکانیان؟ کوا دەنگەکانیان؟ کوا بۆچونەکانیان؟

لێرەدا بەهۆی بێدەنگی ئەوانەوە جیهانێک بەتەواوی ونە و جەنگی ئەوان بە نەزانراوی ماوەتەوە.. سڤێتلانە لە کتێبەکەیدا ئەم جەنگە لەدەست بیرچوونەوەو فەوتان ڕزگار دەکات کە جەنگی ژنە.

گەر دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەو لەبەر ئەو تێڕوانینە جەوهەرییەیی نووسەردا،جاوێک بەو ڕۆژگارانەدا بگێڕینەوە لەسەر هەسارەکەمان گوزەراوە تێدەگەین کە چیرۆکی  تێکشکانی ڕۆحی ئەو لەشکرە ژنەی نێو ئەم کتێبە، تەنیا هەندێک نمونەی کەمە لە مێژوی قوربانیدان و ئازایەتی ژنان لە جەنگەکاندا کە لە ٤٠٠ کانی پێش مەسیجەوە دەست پێدەکات تا ئێستا، هەر ئەمەش وام لێدەکات ڕەخنە لەو ڕوانین و ڕێکەوتنە نێرسالارییەی دونیا بگرم کە هەمیشە پی

اوەکان دەکاتە پاڵەوان و ڕۆڵی ژنەکان، ئەو هەماهەنگییە قوڵ و قوربانی دەرانەیان نادیدە دەگرێت.

لەشوێنێکی تردا ئەوەی بۆم جێگەی وردبوونەوە بوو ئەو خاڵە جیاوازەبوو کە لەنێوان ئەم گێڕانەوانەو ئەو کتێبگەلەی تردایە کە لەسەر جەنگ نووسراون.. گەر بەشێک لە کتێبەکان کە لەسەر جەنگ نووسراون تەنیا بایەخیان بەژیانی ناوجەنگی مرۆڤەکان دابێت، ئەوا ئەم گێڕانەوانە جیاواز لەوانی تر، بایەخیان بە ژیانی دوای جەنگیش داوە، بایەخیان بەو شۆکو چرکەساتە هەم خۆشو هەم بێ ئەنداز غەمگینەی کۆتایی هاتنی جەنگ داوە!

ئەوژنانە کە جەنگ ڕۆحی بەناو هیلاکییەکی چروسامناکدا بردوون و ڕاهاتوون بە ژیانی پڕترس و بیمی نێوسەنگەرو دەوەنەکان، دەگرین کە تێدەگەن دەبێت پۆستاڵەکانیان دابنێن و بۆبۆنەو ئاهەنگەکان ئیتر پێڵاوی بنبەرزو عەزی کورت لەبەربکەن، دەگرین کەنازانن چی لەو دونیا ئازادو بێ مەترسییەی دوای جەنگ بکەن و هەستدەکەن بێکاردەبن لە دوونیایەکی دوور لە زرمەی بۆمب و گولەو هەڕەشەدا!

هەندێک لەوژنانە، هەرگیزنەیان توانی بچنەوە ناو ژیانی کۆمەڵو لەگەڵ مەدالیاو هەندێک وێنەی خێزانە لەدەستچووەکانیاندا، لە شوقەکانیاندا خۆیان شاردەوەو خەریکی سپاردنی ئەمڕۆیان بوون بە سبەینێ! هەندێکی تریشیان بۆ لەبیر خۆبردنەوەی ئەو هەموو تارماییە لە مردن و کوشتن تا ئەبەد ڕایانکرد لە هەر چیرۆکێک کە خاوەنی بوون!

*ڕەزا بەراهەنی گوتەنی

وەک فیشەکێ کە لە کاتی پێکاندا تەنها بەقەد

سەرئەنگوستێ شوێنی دیارە

بەڵام لەولاوە، خەندەکێکی لەتوپەت لە گۆشت و دەمار

و ئێسقان

چێ دەکات_

ئەمەیە ئەو مامەڵەیەی سەردەمی ئێمە لەگەڵ ئێمەدا کردی!

ئەمە هەمان ئەو مامەڵەیە بوو کە سەردەم لەگەڵ ئەو مرۆڤانەداکردی!

ئەم کتێبە، وەک گێڕانەوە چەند تاریک و حەزینە، وەک دانپێدانان و چیرۆکگەلێکی دیکۆمێنتاری کە لە ڕێگایەوە دەتوانین لەزۆر ساتی قورس و پڕخەسارەتی مێژووی تێبگەین، کتێبێکی گرنگی پڕ لە دەنگە.. پڕ لەدەنگی نەوەیەک کە هەڵوەستەمان پێدەکات بەرامبەر ئەو ڕوانینە گشتگیرو جێندەریانە، کە هەمیشە پیاوەکانی کردووە بەخاوەنی مێژووی جەنگەکان. کە لەڕاستیدا دەکرێت ڕۆڵی پیاوەکان زیاتر لە دروستکردنی جەنگەکاندا بووبێت.. پاشان قوربانیدانیان.

ئەم کتێبە بەیەکێک لە باشترین کتێبەکانی دونیا دادەنرێت و بۆزۆرترین زمانەکان وەرگێڕاوە. لە ٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ دا خەڵآتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێبەخشرا.

ڕەزا بەراهەنی نووسەری ئێرانی ە و تێکستی ئیسماعیل کە ئەم پارچەیەی لێدەرهێنراوە، یەکێک لە تێکستە گرنگەکانی ئەوە، جەمال مەڵایی کردوێتی بە کوردی.

ناردن: