جیاوازی چییە لە نێوان فەیلەسوفانی راستەقینە و بەناو رۆشنبیرەکان؟

رۆجێ دروا هەوڵی ئاسانکردنی فەلسەفە دەدات بۆ جەماوەرێکی پان و بەرفراوان

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

سەرسامم بە نووسینەکانی بیرمەندی هاوچەرخی فەرەنسا “رۆجێ پۆل دروا”، هەر بەم بۆنەیەوە، ئەو لەیەک کاتدا، مامۆستای زانکۆیە و توێژەرێکی گەورەیە و رۆژنامەنووسە لە رۆژنامەی “لۆمۆند”، بۆ چەندین ساڵ لەو رۆژنامەیەدا، بەرپرسی بەشی کەلتوریی بووە، یان بەشی رانانی کتێب. دەوترێت لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، زیاد لە هەزار وتاری تێدا بڵاوکردووەتەوە. تا ئێستاش بە شێوەیەکی رێکوپێک، وتارەکانی دەربارەی خوێندنەوەکانی، کەسایەتییەکان، بڵاوکراوە تازەکان کە پێیان سەرسامە، بڵاودەکاتەوە. لە گرنگترین کتێبەکانی، ئەم ناونیشانانەی خوارەوە دەهێنینەوە: “هاوڕێیەتی فەیلەسوفان”، “فەیلەسوفە گەورەکان: بیست فەیلەسوف سەدەی بیستەمیان دروست کرد”، “خۆرئاوا بۆ هەموان شەرحکراوە”، “فەیلەسوفەکان چۆن دەڕۆن”…هتد. دواهەمین کتێبی “مێژوویەکی کورتی فەلسەفە”، ئەمە ئەو کتێبەیەتی لێرەدا هەڵوەستەی لەسەر دەکەین.

بەڵام پێش ئەوەی بڕۆینە ناو کرۆکی بابەتەکەوە، لێگەڕێن با ئەم پرسیارە بخەینەڕوو: کێ فەیلەسوفە؟ ئایا فەیلەسوف  کەسێکی بلیمەتە یان شێتە یاخود هەردووکیانە؟ ئایا کەسێکە رۆچووەتە نێو ژیانی گشتی، یان لە قەڵا بەرزەکەیدا، تەنها و گۆشەگیرە؟ دەی مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، رۆجێ دروا مامۆستای فەلسەفە نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی وا تێدەگەین کە مامۆستای فەلسەفە بێت. فەیلەسوف هەیە و مامۆستای فەلسەفەش هەیە، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەو دووانەدا هەیە. دەکرێت بۆ ماوەی سی یان چل ساڵ، مامۆستای فەلسەفە بیت، بێ ئەوەی ببیت بە فەیلەسوف. بۆ نمونە سۆربۆن، دەیان، بگرە سەدان مامۆستای بەڕێزی فەلسەفە، وانەیان تێدا وتووەتەوە. بەڵام لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو، هیچ یادگارییەکیان نەماوە. مەگەر تەنها ژمارەیەکی زۆر کەمیان نەبێت، وەک بێرگسۆن. کەچی جان پۆل سارتەر، لە هیچ زانکۆیەکدا وانەی نەوتووەتەوە، بەڵام بە یەکێک لە فەیلەسوفە گەورەکان هەژمار دەکرێت.

دانەری کتێبەکە، هەر لە دەستپێکی کتێبەکەیدا، پێمان دەڵێت بە مەبەستی ئاسانکردنی فەلسەفە، بۆ جەماوەرێکی پان و بەرفراوان کە لە فەلسەفە دەترسن، کتێبەکەی بە شێوازێکی جوان و ئاسان نووسیوە. خەڵک پێیوایە فەلسەفە بە سروشتی خۆی، ئاڵۆزە و تێگەشتن لێی زەحمەتە و بە ئاسانی خۆینادات بەدەستەوە. بەڵام دانەری کتێبەکە، پێمان دەڵێت ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە، مەزنترین فەیلەسوف و ئاڵۆزترینیان، دەکرێت بە وشەی سادە و ئاسان، ڕوونبکرێنەوە و شەرحبکرێن. سەرباری ئەوە، فەیلەسوفەکان، بونەوەریی تارمایی نین، لە دەرەوەی گۆی زەوییەوە هاتبن! بەڵکو ئەوانیش وەک ئێمە، لە خوێن و گۆشت پێکهاتوون. دروست وەک ئێمە، دڵخۆشدەبن و ئازار دەچێژن و هەمان هەست و سۆز و ترس و کابوسی ئێمەیان هەیە. لەسەر هەمان ئەم هەسارەیەی زەوی نیشتەجێن کە ئێمەش لەسەری دەژین. پاشان پێویستە ئەوەمان لەبیربێت، کاتێک مێژووی فەلسەفە دەخەینەڕوو، جیهانی فیکر، هەرگیز دابڕاو نییە لە جیهانی ژیان. فیکری فەلسەفی، هەرچەندە زۆر مەزن و بلیمەتیش بێت، منداڵی سەردەمەکەی خۆیەتی، زادەی هەلومەرج و کێشە و نەهامەتی و ئاریشەکانی رۆژگاری خۆیەتی، ناکرێت فەلسەفە لە هەمو ئەوانە داببڕێت. زۆر بە کورتی: فەلسەفە منداڵی سەردەمەکەی خۆیەتی.

بێگومان ئەگەر ڤۆڵتێر لە ئێستادا دەرکەوتایە، ئەوا بە زمانێکی دیکە دەینووسی، بەرگری لە کۆمەڵە تێزێکی دیکە دەکرد، جیاواز لەوانەی لەسەردەمەکەی خۆیدا، بەرگری لێکردوون. هەلومەرجەکە گۆڕاوە، بارودۆخەکە گەشەی کردووە، ئەوەی بۆ سەدەی هەژدەهەم گونجاو بوو، چیتر بۆ سەدەی بیست و یەک گونجاو نییە. ئێمە بە تایبەتی ئەمە دەڵێین، چونکە فەندەمێنیتاڵیزمی مەسیحی، لە ئەوروپادا، ئاوابووە و بوونی لە وجودا نەماوە، خۆ شەڕ لەگەڵ ئاشە هەواییەکاندا ناکات؟ بەڵام فەندەمێنیتاڵیزم لە سەردەمەکەی ئەودا، خاوەنی هێزێکی لەڕادەبەدەربوو، توانای سەرکوتکردن و کوشتن و لێدان و تۆقاندنی هەبوو.

بەڵام جیاوازی چییە لە نێوان فەیلەسوف و کەسێکی سادەی نا فەیلەسوف؟ جیاوازییەکە ئەمەی خوارەوەیە: کەسی سادە، ئەو فیکر و بیرۆکانەی لە خێزانەکەی و ژینگەکەی و تائیفەکەی وەریان دەگرێت، وەک حەقیقەتی رەها وەریاندەگرێت. بگرە لەسەری پەروەدە دەبێت و تێکەڵ بە خوێن و گۆشتی دەبێت، هەرگیز بۆ یەک چرکە چییە، بە خەیاڵیدا نایەت، لەدژی بجەنگێت. بەڵام فەیلەسوف تەواو پێچەوانەی ئەوە دەکات: پێداچوونەوە بە هەمو ئەو فیکر و بیرۆکانەدا دەکات، کە لە خێزان و منداڵی و کڵێسا و مزگەوتەوە…هتد، وەریگرتووە. یەکە یەکە دەکەوێتە شەن و کەو کردنیان. ئەوەی بۆیدەرکەوت باشە، دەیهێڵێتەوە وپارێزگاری لێدەکات، ئەوەشی بۆیدەرکەوت هەڵەیە، رەتیدەکاتەوە و دەستبەرداری دەبێت. تەنانەت ئەگەر زۆر گرنگ و بەهاداریش بێت و لە منداڵییەوە، لەگەڵ شیری دایکی خواردویەتییەوە، یان لە کڵێسا و مزگەوتەکاندا ، وەک شتگەلێکی پیرۆز وەریگرتووە. دیکارت، بە دیاریکراوی، شتێکی ئا لەو جۆرەی فێرکردین: هیچ شتێک وەرمەگرن و پێی رازیمەبن، تەنها دوای ئەوەی لە بێژنگی دەدەن و دەیخەنە سەر تای تەرازوی گومان و توێژینەوە. وەلێ کۆی فەیلەسوفە گەورەکان، ئەوە دەکەن، نەک بە تەنها دیکارت. هەر هەمویان پێداچوونەوەیان بە فیکری سەردەمەکەیاندا کردووە، رەخنەیان لێگرتووە و لەبەریەک هەڵیانوەشاندووەتەوە، ئەمە پێش ئەوەی فیکر و تێزە تازەکانی خۆیانی، بۆ زیاد بکەن کە روخساری جیهانی گۆڕی. لێرەوە فەیلەسوف کەسێکی یاخییە لە سەردەمەکەی و تائیفەکەی و گروپەکەی. کەسێکی یاخییە لە خودی خۆشی! بۆچی ئەوە دەڵێین؟ چونکە دەکەوێتە ململانێیەکی زۆر سەخت، لەگەڵ باوک-کەلتوور. کەواتە فەیلەسوف بە تەواوەتی جیاوازە، نەک تەنها لەگەڵ کەسی ئاسایی، بەڵکو لەگەڵ کەسانی بەناو رۆشنبیریش! ئەو بەناو رۆشنبیرانە، هەرچەندە لە زانکۆکانی خۆرئاوا، بڕوانامەی ئەکادیمی بەرزیان بەدەستهێناوە. تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی دەیان ساڵ، لە پاریس یان جنێف یا لەندەن یاخود نیۆیۆرک… هتد، ژیابن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، هەر پەیوەستدەبن بە بیروباوەڕی گروپەکەی یان تائیفەکەی و هەرگیز بە خەیاڵیدا نایەت، پێداچوونەوەی بۆ بکات، یان رەخنەی لێبگرێت. جیاوازی نێوان رۆشنبیری راستەقینە و بەناو رۆشنبیر، دروست ئا لێرەدایە.

با بۆ روونکردنەوەی ئەوە، بە خێرایی نمونەیەک باس بکەین: ڤۆڵتێر لە فەرەنسا، سەر بە مەزهەبی زۆرینە بوو، واتە مەزهەبی کاسۆلیکی پاپاوییەت. ئەم مەزهەبە، لەو رۆژگارەدا، هەشتا لە سەدی دانیشتوانی فەرەنسای پێکدەهێنا. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ڤۆڵتێر ژیانی خۆی بۆ دژایەتی ئەو مەزهەبە و دژایەتی تائیفەکەی و گروپەکەی، تەرخان کرد. چونکە ئەوان تەنها لەبەر ئەوەی زۆرینەی رەها بوون، کەمینەی پرۆتستانتیان دەچەوساندەوە کە رێژەی لە سەدا بیستی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو رۆژگارەی پێکدەهێنا. ئاشکرایە کاسۆلیکە پاپاوییەتەکان، وەک هەمو زۆرینەیەکی تر، زیاتر موحافیزکار بوون، بە تووندی پابەندی هەڵوێستە نەریتخوازە کوێرانەکەی ئاین و ئاینداریی بوون. لەبەر ئەم هۆکارەیە، دانەری کتێبەکە، لەم کتێبەیدا، بەم ناونیشانە، بەشێکی تەواوی بۆ ڤۆڵتێر تەرخانکردووە: (ڤۆڵتێر لە پێناو حەقیقەت، جەنگی رۆشنبیر دەستپێدەکات). لای ڤۆڵتێر، حەقیقەت لە تائیفە و خێڵ، تەنانەت لە خێزانیش گرنگترە. تایبەتمەندیی فەیلەسوف یان رۆشنبیری راستەقینە، ئا لێرەدایە. هەر ئا لێرەدا بە تەواوی لەگەڵ بەناو رۆشنبیرە غەوغائییەکانی دیکە، جیادەکرێتەوە، ئەوانەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، لە پشتەوەی مێگەل دەڕۆن.

نمونەیەکی تر بۆ هەمان مەبەست دەهێنینەوە، ئەویش سارتەرە. ئەو لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوودا، هەڵوێستێکی تووند و یەکلایکەرەوەی هەبوو، دژ بە ئیمپریالیزمی فەرەنسی لە جەزائیر. هەڵوێستەکەی لەبەرامبەر جەنگی جەزائیر، هێند رادیکاڵانە بوو،  گەشتە ئەو ئاستەی رابەرانی راستڕەوی فەرەنسا، کەوتنە هەڕەشە و چاو سورکردنەوە لێی، داوایان لە دیگۆڵ کرد، بەخێرایی دەمکوتی بکات یان دەستگیری بکات. بەڵام دیگۆل وەڵامی دانەوە و پێی وتن: “کەس ڤۆڵتێر زیندانی ناکات!”، ئەم قسەیەی دیگۆل وەک پەندێکی لێهاتووە. ئەو وتەیە، زیاتر بەڵگەی مەزنی دیگۆل دەردەخات تاکو مەزنی سارتەر. بەم شێوەیە، دەبینین فەیلەسوفی راستەقینە، بۆ یەک چرکەش، دوو دڵ نییە، لە راوەستان دژ بە کۆمەڵەکەی، ئەگەر ستمگەر یان زاڵم یا چەوسێنەر بێت. ئاشکرایە لەو کات و ساتەدا، زۆرینەی گەلی فەرەنسا، بە تەواوەتی لەو بڕوایەدا بوون، جەزائیر فەرەنسییە. هەر کەسێکیش دەستبەرداری ببێت، ناپاک یان بەکرێگیراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سارتەر روبەڕوویان راوەستا و دژ بە هەست و سۆز حەماسەتی میللەت بوو. بگرە پەیوەندی کرد بە خەندەقی دوژمنەووە: واتە پەیوەندی کرد بە بەرەی رزگاریخوازیی نیشتیمانی جەزائیر. ئا ئەمە، یەکێکە لە سیماکانی رۆشنبیری راستەقینە کە ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. لە پێناو حەقیقەت و دادپەروەریی، ژیانی خۆی دەخاتە بەردەم چەقۆ. ئەمە بە شێوەیەک ئەنجامدەدات، بەلای ئەوانی دیکەوە، وەک جۆرێک لە سەرەڕۆیی یان شێتی دادەنرێت. ئا لێرەوەیە، هەندێک پێیانوایە، پەیوەندییەک هەیە لە نێوان فەیلەسوف و شێت. لە راستیدا ئەگەر سارتەر، کەمەکێک “تۆوی شێتی” تیانەبوایە، ئەوا جورئەتی نەبوو، روبەڕووی زۆرینەی بەهێزی گەلی فەرەنسی راوەستێت.

روون و ئاشکرایە، دامەزرێنەری فەلسەفە “سوقرات”، ئەویش “دژ بە میللەت” بوو، بە مانای گێرەشێوێنی وشەکە، یان دژ بە جەماوەر و مێگەل بوو. دەسەڵاتداران بەوە تۆمەتباریان کرد،  گومان لە یەزدان و پیرۆزییەکان دەکات کە میللەت باوەڕیی پێی هەیە. لە دیدی ئەواندا، بیروڕاکانی سوقرات، مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر گەنجان و لاوان. هەر لەبەر ئەوە بوو، ناچاریان کرد ژەهرەکە بخواتەوە. دەکرێت ئەم مەسەلەیە، بۆ فەیلەسوفە گەورەکانی دیکەش، هەر وابێت. هەمویان بە شێوەیەک لە شێوەکان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئاینی، بەریەککەوتن. هەمویان بە شێوەیەکی تایبەت، بەر ئاپۆرای جەماوەر کەوتن. یان بەر ئەو بیروڕا گەورە و زبەلاحانە کەوتن کە کۆنترۆڵی سەدەکەیانی کردبوو، بەو سیفەتەی حەقیقەتی رەهان یان بیرورای پیرۆزن. ئەمە لە کاتێکدا بوو، ئەو بیروڕایانە، بیروڕای هەڵە یان تەقلیدیی چەقبەستوو بوون، چیتر بە کەڵک نەدەهاتن. بەڵام ئەوە تەنها فەیلەسوفە دەزانێت ئەو بیروڕایانە هەڵەن. وەلێ ئەوانی تر، تەنها دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، ئینجا بۆیان دەردەکەوێت ئەو بیرورایانە هەڵەن. ئەمە مانای وایە فەیلەسوف، کەسێکە پێش ئەوانی دیکە، بەئاگادێتەوە و ئەوەی ئەو دەیبینێ، چاوی ئاسایی نایبینێت. فەیلەسوف کەسێکە بەر لە وادەی خۆی دێت، تاکو خەڵکی بەئاگابێنێتەوە و لە خەوی غەفڵەت خەبەریان بکاتەوە. کەچی ئەوان، زۆرجار دەیکوژن، چونکە نایانەوێت بەئاگابێنەوە و خەبەریان ببێتەوە. بەڵکو دەیانەوێت هەر بە بێئاگایی و بە خەوتوویی بمێنەوە، وەک نووستنی یارانی ئەشکەوت. جگە لەوە ئەوان، ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن، گومان لە بیروباوەڕە مەزنەکەیان بکرێت کە لەسەری پەروەدە بوون و لەگەڵ شیری منداڵیدا خواردوویانەتەوە.

سوقرات یەکەم کەس نەبوو، ئەم چارەنووسەی هەبێت، ئەگەرچی ئەو یەکەم شەهیدی مێژووی فەلسەفەیە. ئەرستۆش دەکوژرا و هەمان چارەنووسی دەبوو، ئەگەر لەتاریکی شەودا، راینەکردایە و ئەسینای بەجێنەهێشتایە و وتە بەناوبانگەکەی وت: “لێناگەڕێم تاوانێکی دیکە دژ بە فەلسەفە ئەنجامبدەن، ئەوەندە بەسە ئەوان سوقرات-یان کوشت!”.

لە سەدەی شانزەهەم، جیوردانۆ برینۆ-یان کوشت، چونکە هەندێک عەقیدەی ئاینی زۆر چەسپاوی، رەتکردەوە. دادگاکانی پشکنین، بەشێوەیەکی تابڵێی ترسناک و دڕندانە کوشتیان، زمانیان پارچە پارچە کرد، چونکە کوفری پێکردبوو. پاشان لە ژێرزەمینەکانی ڤاتیکاندا، لاشەکەیان فڕێدایە ناو ئاگرەوە. بەم دوایانەش، زانیمان دیکارت کوژراوە، نەک ئەوەی بەشێوەیەکی سروشتی مردبێت، وەک ئەوەی پێشتر واماندەزانی. ژەهرخواردیان کرد و ژەهرەکە هەناوی داڕزاند. بەم شێوەیە دیکارت بوو بە تەڵەکەوە کە هەمیشە زۆر وریا و ئاگاداریی خۆی بوو، هەمو رێوشوێنێکی سەلامەتی دەگرتەبەر، بگرە بەردەوام خانووەکەی دەگۆڕی، تارادەیەک دوور لە چاوی خەڵکی دەژیا، کەچی هەمو ئەوە هیچ سودێکی نەبوو، لە دواجاردا دۆزیانەوە و گەشتنەسەری و کوشتیان. دیکارت دەیزانی بەشوێنییەوەن و لەژێر هەڕەشەدایە، چونکە بۆمبێکی قوڕمیشکراوی تەقاندەوە و سەرجەم سەدە کۆنەکانی، هەپرون بە هەپرون کرد و دەستپێکی سەدە تازەکانی هێنایەئارا، بە رادەیەک هێگڵ بە یەکێک لە پاڵەوانەکانی فیکری دادەنێت. لێرەوە دیکارت، لەسەر دەستی کۆنەخواز و کۆنەپەرستە ئوسوڵییەکان، باجێکی قورسی بوێرییە فیکرییەکەی دا. هەروەها جان جاک رۆسۆش، باجێکی زۆر قورسی بەرهەمە ناوازکانی دا. ئەوەندە سەریان خستەسەری و راوەدویاننا و بەشوێنییەوە بوون، تا شێتیان کرد. کتێبەکانی رۆسۆ، لە یەککاتدا، لە پاریس و جنێف و ئەمستردام و پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا، دەسوتێنران. بەڵام کتێبەکانی تەنها دوای تێپەڕینی سی ساڵ، بوونە ئینجیلە گەورەکەی شۆڕشی فەرەنسی

سەرچاوە

الشرق الاوسط، سێ شەممە، 1 ئەیلول، 2020

ناردن: