دواجار جان دۆرمیسۆن کۆچی دوایی کرد! ئێمە لەو بڕوایەدا بووین تا تەمەنی نەگات بە 100 ساڵ نامرێت. دۆرمیسیۆن خۆشی بەوپەڕی دڵنیایی و متمانەوە پێیوا بووە تا تەمەنی نەگاتە 100 ساڵ نامرێت، لەم بارەیەوە وتوویەتی نازانم چۆن خۆم لە مەرگ بپارێزم و بگەمە ئەو تەمەنە. بەڵام ئیرادەی یەزدان وایویست بە گەنجی و لە تەمەنی 92 ساڵیدا بمرێت! ئەو  ژیانێکی تا بڵێی خۆش ژیا. ڕەنگە ئەو دوای ڤۆڵتێر، دواهەمین نووسەر بێت کە بە خۆشی و بەختەوەری ژیاوە.  لەبەر ئەوەیە سەروەختێک ئەجەل دێت و لێی نزیکدەبێتەوە، زۆری پێناخۆشە. دەوڵەمەندی خۆشگوزەران کە لە نێو کۆشک و تەلارەکانی پاریسدا دەژی، جیاوازە لەو هەژارە قوڕبەسەرەی دەڵێت: خوایە لەم ژیانە نەجاتماندە، خودایە پەلە بەکە و بمانبەرەوە بۆ لای خۆت!

بەڵێ ئەم هاوڕێیەمان لە کەسە هەرە دەوڵەمەندەکان بووە، سەر بە چینی باڵای ئەرستۆکراتی کۆمەڵگای فەرەنسا بوو، هاوڕێی سەرۆک و ڕابەرەکان بووە، لە جۆرج بۆمبیدۆوە بۆ جیسکار دیستان و لەوێشەوە بۆ سارکۆزی، بگرە تەنانەت هاوڕێی میتێران-یش بووە. هەندێکجار لە پێگەی نەیارەوە قسەی لەگەڵدا کردوون. دۆرمیسۆن سەرنووسەری ڕەسەنترین ڕۆژنامەی فەرەنسا (ئەلفیگارۆ) بوو، لە یونسکۆ فەرمانبەرێکی گەورە بوو، سەرپەرشتی دەرچوونی گۆڤاری (دیوجین)ی ڕەسەن بوو کە باشترین زانا و ڕۆشنبیرانی ئەوروپا تێیدا دەیاننووسی. لە ساڵی 1973وە، ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسا بووە. ڕقێکی زۆری لە جان پۆل سارتەر بوو، چونکە ئەو خۆی ڕاستڕەو بووەو سارتەر چەپڕەو بووە. لە دوای مردنی چەندین بەرهەمی جێهێشتووە کە ناکرێت نادیدە بگیرێن.

من لەم ساڵانەی دوایدا، هەندێک یان زۆرێک لەو بەرهەمانەیم خوێندووەتەوە و چێژێکی زۆرم لێوەرگرتوون و لێرەو لەوێ قسەم لەسەر هەندێکیان کردووە. بەڵام ئەوەی قسەم لەسەر نەکردووە، ئەو کتێبەیەتی کە لەسەر ژیاننامەی سۆزداری شاتوبریان نووسیویەتی و ئەم ناونیشانەی هەیە (خۆشەویستەکەم دواهەمین خەونم لە پێناوی تۆیە). لەم کتێبەدا باس لە زنجیرەیەک چیرۆکی خۆشەویستی نووسەری مەزنی فەرەنسا شاتوبریان لە نێوان سەدەی هەژدە و نۆزدە دەکات. ئاشکرایە شاتوبریان نموونەی باڵای جان دۆرمیسۆن بووە و تەنها بە ناوی ئەو سوێندی خواردووە. پێیوابووە شاتوبریان لووتکەی ئەدەبی فەرەنسایە. کەچی سارتەر بە ئەندازەیەک ڕقی لێی بووە تفی کردووەتە سەر گۆڕەکەی کە دەکەوێتە دورگەرەکی بەردینی بچووک لە بەرامبەر شاری سان مالۆ. کاتێک ئاوی ڕووبارەکە دێتەوە یەک، دەتوانن بە پێ بڕۆنە سەر گۆڕەکەی. من سەروەختێک بۆ یەکەمجار سەردانی گۆڕەکەیم کرد، جێگای گۆڕەکەو جوانییە سیحرئامێزی شوێنەکە سەرسامی کردم. بە سەرسوڕمانەوە پرسیم: ئەم شوێنە کوێیە؟ ئەم دوورگە بچووکە چییە؟ وەڵامیان دامەوە: بۆ نازانیت؟ ئا لێرەدا شاتوبریان ڕاکشاوە، ئەمە گۆڕەکەیەتی لەژێر سێبەری درەختەکانە و ئاوی ڕووبارەکەش لە هەموو لایەکەوە دەورەیداوە. دیمەنی لەوە جوانتر نییە! وای لەو گۆڕە جوانە. ئەوە جوانترین گۆڕە لە ژیانمدا بینیومە. ئەو پێش ئەوەی بمرێت، وەسیەتی کردووە لەوێدا بینێژن و هەرگیز ڕازینەبووە بەوەی لە پاریسی پایتەخت بینێژن. ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ زادگای لەدایکبوونی. عەشق تەنها بۆ خۆشەویستی یەکەمە. بەهەرحاڵ، سارتەر بە دەستی ئەنقەست گۆڕەکەی پیس کرد، چونکە پێیوا بووە نووسەرێکی کۆنەپەرست بووەو بەکرێگیراوی پاشا لویسی هەژدەهەم بووە کە دژی ناپلیۆن بووە. وەلێ مستەر سارتەر، کێشەکە ئەوەیە نووسەرێکی کۆنەپەرستی ڕاستەقینە، باشترە لە نووسەرێکی پێشکەوتووخوازی دەخەزار. سارتەر لەو ڕۆژگارەدا، لە قۆناغی چەپی تووندڕوییەکەیدا دەژیا ودەی وت: هەر کەسێک نەیاری کۆمۆنیست بێت، سەگە! ئەم هێرشە ناڕەوا یان ڕەوایەی من دەیکەمە سەر سارتەر، هەرگیز مانای ئەوە نییە جان دۆرمیسۆن لەسەر هەمان ئاستی سارتەر دادەنێم، ئەوە شورەییە!

لەم ژیاننامە سۆزدارییەدا، بۆمان دەردەکەوێت شاتوبریان مێبازێکی عەجایب بووە. عاشقەکانی لە هەموو لایەکەوە خۆیان دەخستە ئامێزی. چونکە ناوبانگ وەک دەسەڵات، ژنان زۆر ڕادەکێشێت. لێرە لە پاریس، هەر کەسێکی ناودار، ژمارەیەکی زۆر عەشیقەی هەیە، تەنها دیگۆڵ نەبێت، ئەو هەرگیز خیانەتی لە هاوسەرەکەی نەکرد. شاتوبریان لە غەرناتە، بە رێکەوت دەگات بە یەکێک لە خۆشەویستەکانی دڵەکەی، ئەویش (ناتالی) بوو. وەک ئەوەی نزار قەبانی دەڵێت:

لەساحەی سوور یەکترمان بینی

خۆشە بێ مەوعید یەکتر ببینین

شاتوبریان زۆر بەختەوەر بوو، ژنان زۆریان خۆشدەویست. ئەویش هەندێکجار ئیستیغلالی دەکردن  یان گاڵتەی پێدەکردن یا پاش ئەوەی کاری خۆیدەکرد، بەجێیدەهێشتن و دوور دەکەوتەوە لێیان. دوای ئەوەی لە یەکێکیان تێری دەخواردو لێی بێزار دەبوو، وەک پەپوولە دەڕۆشت بەسەر یەکێکی دیکەوە دەنیشتەوە. هەموویانی هەڵخڵەتاندبوو، بەوەی تەنها ئەو خۆشەویستی دڵەکەیەتی، فێڵبازو قەسەزان و دەملوس بوو. یەکێک لە ژنەکان لەبەر خاتری شاتوبریان، وازی لە هاوسەرەکەی هێنا. یەکێکی دیکەیان شێت بوو. دانەیەکی دی خۆی کوشت یان خەریکبوو خۆی بکوژێت. کەچی ئێمە تا ئێستا تەنها فرمێسکێک چییە بۆیان نەڕشتووین، باوەڕیش ناکەم لە ئایندەشدا شتی وا رووبدات. بەڵام ئاخۆ ئەو حاڵەتانە ویژدانی شاتوبریانییان ئازار نەداوە؟ ئەو کاتێک پیربوو، چووە ساڵەوەو کەوتە ژێر باری قورسی یادەوەرییەکانییەوە، سەبارەت بە دۆست و هاوڕێکانی دەیتووت: هەمووان مردن.. هەمووان کۆچیان کرد.. تەنها هەر من ماومەتەوە.. کەی ئەم جیهانە جێدەهێڵم و ئیسراحەت دەکەم؟ پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەگەر ئازاد بوومایە، ئەوا لە تەنهایی و دوورە پەرێزییەکی رەهادا دەژیام، تەنها پێویستیم بە بیابانێک و کتێبخانەیەک و یەک عەشیقە هەبوو.

وەلێ من لێرەدا زیادڕەویی دەکەم و وێنەی شاتوبریان سەبارەت بە ئافرەت، دەشێوێنم. لە راستیدا ئەو تا دوا سنور هەستیار بوو، بۆ خۆشەویستی لە دەستچووی بە کوڵ دەگریا. سەروەختێک کتێبەکە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین ئەو مرۆڤێکی راستەقینەیەو شەیدا خۆشەویستی بووە. بەشی دووەمی کتێبەکە بخوێننەوە کە تەرخانکراوە بۆ چیرۆکی خۆشەویستی شاتوبریان و خانمێک ناوی پاولین-ە، تا دوا ساتەکان لەگەڵ ئەو خانمە ماوەتەوە. کاتێک پاولین نەخۆشدەکەوێت، شاتوبریان بەجێیناهێڵێت و هەموو شتێک لە پێناو چابوونەوەیدا دەکات. سەروەختێک پاولین لە گیانەڵادا دەبێت، ئەو لە ژورەکەی تەنیشتییەوە دەکەوێتە ناڵە و هاوارو بە کوڵ بۆی دەگری. لێرەوە داوای لێبوردن دەکەن لەسەر ئەو قسانەی پێشووم کە وتم شاتوبریان پیاوێکی فێڵباز بووەو یاری بە دڵی ئافرەتان کردووە. ئەوە تەنها نیوەی راستییەکانە.

ئێستا من چیتر باسی شاتوبریان ناکەم، بەڵکو باسی قوتابییە خانەدانەکەی دەکەم: جان دۆرمیسیۆن کە پێش هەفتەیەک لەمەوبەر، لە یەکێک لە گەڕەکە راقییەکانی پاریس، ماڵئازایی لێکردین. فەرەنسا لە رێوڕەسمێکی نیشتیمانی شکۆداردا بەخاکی سپارد، وەک ئەوەی پێشتر بۆ فیکتۆر هیگۆ ئەنجامیدابوو. ئیمانوێل ماکرۆن و گەورە کەسایەتییەکانی فەرەنسا، بەشداربوون لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنیدا. ئیدی حاڵی دونیا ئاوایە، دێڕە شیعرێکی عەرەبی هەیە دەڵێت(ئێمە لێرەدا ئەم دێڕە شیعرە کوردییە لە بری دادەنێین کە هەمان مانای هەیە):

هەزار ساڵ پاشای ئەستەنبووڵ بیت

ئاخیری میوان قەبری قووڵ دەبیت.

سەرۆک ماکرۆن وتارێکی فەلسەفەی گرنگی پێشکەش کرد، تەنانەت نموونەی بە نیتچە هێنایەوە، من نازانم ئەو ئەم هەموو رۆشنبیرییەو ئەم هەموو قووڵییەی لە کوێوە هێناوە؟ ئاخۆ وتارەکە خۆی نووسیویەتی یان راوێژکارو یاریدەدەرەکانی بۆیان نووسیوە؟ لە راستیدا پێدەچێت خۆی نووسیبێتی. پێویستە بیرمان نەچێت ماکرۆن قوتابی فەیلەسوفی گەورە پۆل ریکۆر بووە، لەوانەیە سکرتێریشی بووبێت. ئەمەش مانای وایە لەسەر دەستی ئەو فەیلەسوفە گەورەیە، رۆشنبیرییەکی فەلسەفی بەرفراوانی وەرگرتبێت. کەواتە ئەگەر هۆکارەکە بزانێت سەرسوڕمانت نامێنێت. نیتچە وتیەکی هەیە دەڵێت: هێندە قووڵن، گریک لە چاویان رووکەشن! ماکرۆن ئەو وتەیەی بۆ ستایشی دۆرمیسۆن هێنایەوە، چونکە ماکرۆن لە گۆڕەپانی پاریسیدا، لەلایەن نەیارو رکابەرەکانییەوە بە کەسێکی رووکەش و سوکەڵە تۆمەتبار دەکرا.

ئەو بەرهەمانەی جان دۆرمیسۆن چین کە بە راستی چێژم لێوەرگرتن و سودم لێبینین؟ ئەو بەرهەمانەی زۆر زۆرن و ناتوانم ناوی هەر هەموویان بێنم. بەڵام جگە لەو کتێبە نایابەی پێشتر باسمکردو دەربارەی ژیانی سۆزداری شاتوبریان بوو، کتێبێکی دیکەی سەرەکی هەیە سەرنجی راکێشام و ئەم ناونیشانە لەخۆدەگرێت: مێژوویەکی دیکەی ئەدەبی فەرەنسی، لە دوو بەش پێکدێت. ئای ئەم کتێبە چەند نایابە! چەند بەسودە بۆ کەسێک بییەوێت فیکرەیەکی دەربارەی ئەدەبی فەرەنسی،  لە مێژووە دوورو درێژەکەیدا هەبێت! ئەم کتێبە بۆت دەسەلمێنێت جان دۆرمیسۆن زۆری حەز لە ئەدەب بووە، ئەدەبی پەرستووە. لەوانەیە لەبەر ئەم هۆکارەبێت من رێزیدەگرم. ئەو سەروەختێک شیعرێکی ڤێرلین یان رامبۆ یا ئاراگۆنی کۆمۆنیست دەخوێنێتەوە کە لە رووی چینایەتی و ئایدۆلۆژیاشەوە نەیاریەتی، بە تەواوی لەناو شیعرەکەدا دەتوایەوە. ئەدەب هەموو سنورو بەربەستەکان دەبڕێت. ئەدەب لەسەرەوەی هەموو دابەشبوونە ئایدۆلۆژی وحیزبییەکانە. لە پێشەکی بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا شتێکی ئاوا دەڵێت: (کتێبم خۆشدەوێت. هەرچیەک  تایبەتە بە ئەدەب خۆشمدەوێت و دەڵم بۆی لێدەدات. نووسەرەکانیم خۆشدەوێت، پاڵەوانەکانیم خۆشدەوێت، لایەنگرانیم خۆشدەوێت، نەیارەکانیم خۆشدەوێت، ململانێکانی و گڕگرتنەکانیم خۆشدەوێت).پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (لەم سەردەمەدا کتێب، لە رێگەی شتێکی بەربەری ئاڵۆزەوە، هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، ئەم مێژووە تازەیەی ئەدەبی فەرەنسی کە هەنووکە دەیخەمە بەردەستی ئێوە، ئامانجی تەنها یەک شتە: هاندانی خوێنەرە بۆ ناسینی کەسایەتییەکانی ئەدەبی فەرەنسی. لێرەدا ئەو کەسایەتییانە یەک لە دوای یەک دەناسێنم، ئەگەر کتێبەکەم لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە خوێنەرێک هانبدات تەنها کتێبێکی ستندال یان ریمۆن کینۆ یا ئاراگۆن بکاتەوە، ئەوا من ئامانجەکەی خۆم پێکاوە).

جان دۆرمیسۆن لە پێشەکی بەشیدووەمی کتێبەکەیدا دەڵێت: (ئەو میتۆدەی لێرەدا و لەم بەشی دووەمدا بەکاریدەهێنم، هەمان ئەو میتۆدەیە لە بەشی یەکەمدا بەکارمهێناوەو بیرتییە لە: یەکەم ناساندنێکی کورتی نووسەرو بەرهەمەکانی. پاشان دەرخستنی گەنجییەتی ئەم ئەدەبە و سیما تازەگەرییەکەی دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە بەسەر بەرهەمهێنانیدا. دووەم من کاتێ قسە لەسەر نووسەرە مردووەکان دەکەم، وەک نووسەرێکی زیندوو قسەیان لەسەر دەکەم کە هێشتا لە ژیانداماون. بۆ نموونە لای من راسین یان ڤۆڵتێر یا بۆدلێر و فلۆبێر جارێ نەمردوون و هەر هەموویان زیندوون. زەمەن کۆن و بەسەردەچێت، بەڵام شاکارە نەمرەکانی ئەوان کۆن نابن و بەسەرناچین. چرچ و لۆچی رۆژگار ناتوانێت بەسەر روخسارو ناوچاوانی ئەواندا زاڵبێت).

ئا بەم شێوەیە، جان دۆرمیسۆن لە سەردەمە هەرە کۆنەکانەوە تا رۆژگاری ئەمڕۆ، گەورە کەسایەتییەکانی ئەدەبی فەرەنسی دەخاتەڕوو. ئا بەم شێوازە جوان و نایابەی باسی فیکتۆر هیگۆو لاماریتن و بلزاک و رامبۆو رینیە شارو دەیانی دیکەمان بۆ دەکات. سودی ئەم کتێبە لەوەدایە تەنها بیرۆکەیەکت لەسەر بلیمەتە گەورەکان پێنادات، بەڵکو گرنگی و بایەخی ئەوانت لە کاتی ئێستادا بۆ دەردەخات. جگە لە جان دۆرمیسۆن کێی تر دەتوانێت ئەوە بکات؟ بە مانایەکی دی، ئەو کەسایەتییەکان لە سەردەمەکەی خۆیاندا هەروەها لەم سەردەمەی ئێستاشماندا جێگیر دەکات: واتە چییان لێماوەتەوەو چییان لێمردووە یان کۆن بووەو بەکەڵک نایەن. بەڵام من لەوەی خۆشنابم کە لە هەڵسانگاندنی بۆ جان جاک رۆسۆ بە هەڵەدا چووە.

دواهەمین وتەکانی

دواجار تاقە کچەکەی جان دۆرمیسۆن کە ناوی (هیلۆیز دۆرمیسۆن)ە، لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆەکانەوە دەرکەوت و باسی هەواڵ و دوا ساتەکانی باوکی پێش مردنی، بۆ جەماوەر کرد. لە کچەکەیەوە دەزانین جان دۆرمیسۆن بە ماوەیەکی زۆر کەم پێش مردنی، توانیویەتی دواهەمین کتێبی تەواو بکات. ئەوە هەواڵێکی خۆشە. چونکە زۆرجار نووسەرە گەورەکان، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکەن، دواهەمین بەرهەمیان بە نیوەو ناچڵی و ناتەواوی بە جێدەهێڵن،  ئەوان لە ناکاو دەمرن و دوابەرهەمیان تەواو ناکەن. بگرە لەنووسینگەکەی جان دۆرمیسۆن، رەشنوسی کتێبە تازەکەی دۆزراوەتەوە، ئەو لەسەر شێوازی کۆن بە دەست دەینووسی. پێش مردنی بە تەنها سێ رۆژ، لە لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەیدا کە پاش مردنی بڵاودەبێتەوە، بە دەستوخەتی خۆی نووسیویەتی: (پانتاییەکی نا کۆتایی، هەموو شتێک راگوزەرە، رۆژێک دێت  هەموو شتێک کۆتایی دێت. هەموو شتێک دەڕواو نامێنێت. من کە پێموا بوو بۆ هەتا هەتایە دەژیم، چیم لێ دێت؟ مەحاڵ نییە…. دەی هەرچۆنێک بێت، من لەم جیهانەدا ژیام کە ئێوەش تێیدا ژیان. ئەمە حەقیقەت و جوانییە کە بۆ ئەبەد بە نەمری دەمێننەوە. تەنانەت لە ئێستاوە چیتر مەرگیش ناتوانێت هیچ شتێک لە دژی من بکات).

جان دۆرمیسۆن ئەم دەربڕینەی (مەحاڵ نییە…) تەواو نەکردووەو لە دوایەوە چەند خاڵێکی جێهێشتووە، مەبەستەکەی ئەوەیە: مەحاڵ نییە لە دوای مردن شتێکی دیکە هەبێت. بەم شێوەیە لە بەهەشتی پاریسی سەر زەوییەوە دەڕوات بۆ بەهەشتی ئاسمانی بەرزو بڵند. ئەوە بەو پەڕی حەزو تامەزرۆییەوە مەبەست و هیواو ئاواتی بوو، بێ ئەوەی لەوە دڵنیابێت کە دوای مەرگ شتێکی دیکە هەیە. لەم چەند ساڵە کەمەی دواییدا، بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ لە دوای مەرگ چی هەیە و چی نییە. هەموو کتێبەکانی ئەم دوایانەی، لە دەوری ئەو خاڵە دەسوڕانەوە.

سەرچاوە: الشرق الاوسگ، یەک شەممە، 24 دێسەمبەر، 2017.

ناردن: