سەفەرێک لە ناوەوە… سەفەرێک لە دەرەوە


وەک چۆن (کارل مای) گەشتنامە و سەرەڕۆییەکانی سەفەر و گەڕانە خەیاڵییەکانی خۆی بە دونیادا نووسییەوە و کردنییە بەرهەمی ئەدەبی وەک ڕۆمان، زۆر دەمێکیشە لە چیرۆکەکانی هەزارویەک شەوەوە سیندبادی بەحری و سەفەرە سەرەڕۆییەکانی (مان بیوستون) و کەسانی وەک ئیبن بەتتوتە و مارکۆ پۆلۆ و ئەولیا چەلەبی، بەسەرهات و گەشتەکانیان وەک گەشتنامە گێڕاوەتەوە، تەنانەت لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەشدا چەندین ڕۆماننووسی وەک (فریدریش گێڕشتێکەر)ی ئەڵمانی و (جەیمس کوبەر)ی ئەمریکی، خەیاڵیان تێکەڵ بەو ڕوداوانە کردووە، کە خۆیان بینیویانە یان تیایدا ژیوان… بە هەمان شێوە نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کرد (ڕەووف بێگەرد)یش، لە کتێبی: بەرەو کەناری شپرزەییدا، سوود لە گەشتێکی کورتی خۆی دەبینێت و لە شێوەی گەشتنامەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشدا بۆمان دەگێڕێتەوە.

بێگومان ناوی نووسەر و  وەرگێڕ (ڕەووف بێگەرد) لە دونیای ئەدەبی ئێمەدا، ناوێکی نامۆ نییە و بەهۆی ئەو بەخششە زۆرەی لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا پێشکەش بە خوێنەران و کتێبخانەی کوردی کردووە، زۆربەمان ئاشنایەتیمان لەگەڵیدا هەیە و دەیناسین.

کەم خوێنەر نووسەر هەیە ئەگەر بە خێڕایی چاوێك بە کتێبخانەکەی ماڵەوەیدا بخشێنێت، ناوی ڕەووف بێگەر لەسەر دەیان کتێب، کە زۆربەیان شاکاری وەرگێڕدراوی جیهانین نەبینێت، ئەمە جگەی لەو ئەزموونە دەوڵەمەند و جوانەی لە بواری نووسینی چیرۆک و کورتە چیرۆکدا هەیەتی.

ڕەنگە ڕۆمانەکانی کازانزاکیس و دۆستۆیفیسکی و چیرۆکەکانی چیخۆف و نامەکانی کافکا و چەندینی تر، جوانترین شوناس بن تا بەرهەمە ئەدەبییە زۆروزەوەندەکانی ئەم نووسەرەی پێ بناسینەوە، ڕەنگە هەر خودی ئەو بەرهەمانەش گەواهیدەری ئەو ڕاستییە بن، کە ئەم نووسەر و وەرگێڕە دەگمەنەی کورد، خاوەنی چ زمانێکی سیحری و چ کوردییەکی پاراو و شیرینە، کە بە بۆچوونی زۆرینەی ئەوانەی کتێبە وەرگێڕدراوەکانی (بێگەرد)یان خوێندۆتەوە، وایان زانیوە لە بنەڕەتدا تێکستەکە هەر بە کوردی نووسراوە.

ئەو زمانپاراوییەی لە کتێبە وەرگێڕدراو و نووسین و چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد دا هەیە، تەواو لە کتێبی (بەرەو کەناری شپرزەیی) دا، ڕەنگی داوەتەوە، خوێنەر لەم کتێبەدا بە ناو چێژی زماندا دەڕوات و بەر دەیان ساتەوەختی خۆش و غەمگین و ڕووداوگەلی جۆراوجۆر دەکەوێت، کتێبی بەرەو کەناری شپرزەیی، بەرهەمی سەفەرێکی نووسەرە بۆ کیشوەری ئەوروپا، گەشتی مرۆڤێکی تەنیایە کە یەکەم جاریەتی سەفەرێکی ئاوا دوورودرێژ بە فڕۆکە دەکات، لە کولتوور و شارستانییەت و وڵاتێک و کیشوەرێکەوە دەفڕێت بۆ سەرزەمینێکی دوور و ڕووناک و کولتوور و شارستانییەتێکی تەواو جیاواز، ئەم کتێبە بینین و خوێندنەوەی نووسەرێکی بە ئەزموون و پڕ لە وردەکارە، بۆ پنت بە پنتی ئەو شوێن و کەسانەی کە دەکەونە قەڵەمڕەوی بینین و گەشتە ڕۆحی و جەستەییەکەیەوە.

بەرەو کەناری شپرزەیی، لە فۆڕمدا تەنها سەفەرنامەیەکە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا چێژی ڕۆمانێکی جوانی هەیە، چونکە جگە لە دەنگی گێڕەرەوە، چەندین دەنگی دیکە بە سیفەت و تایبەتمەندی و ڕەهەندی سایکۆلۆجی و سروشتی مرۆییانەی خۆیانەوە دەبیسترێن و کۆمەڵێک ڕووداو دەگێڕێتەوە کە هەم دەشێت واقیعی و ڕاستی بن، هەم دەشێت بەرهەمی خەیاڵ و فەنتازیای نووسەر بن.

دەستپێکی گەشتەکە لە وڵاتی ئێرانەوە دەست پێدەکات و نووسەر دیمەنی شپرزەیی و خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە ناو تاکسییەکدا، گفتوگۆی نووسەر و شۆفێری تاکسییەکە لە ڕێگای چوون بەرەو فڕۆکەخانەیە کە نووسەر لێیەوە گەشتەکەی بۆ کیشوەری ئەوروپا دەست پێ دەکات، لەو گفتوگۆ کورتەدا قسە لەسەر مێژوو و ئێستا و ئەدەبیات و هونەر و موزیکی فارسی دەکرێت، باس لەو دۆخە ناهەموار و قەیرانە جۆراوجۆرانە دەکرێت، کە وڵاتی ئێرانی تێکەوتووە و مرۆڤەکانی داڕماندووە، سەیر لەوەدایە شۆفێرەکەش وەک نووسەر لە ئاستێکی بەرزی دەربڕین و گوزارشتدا قسە لەسەر شتەکان دەکات و کەسێکە تەواو ئاشنای مێژووی وڵات و ئەدەبیات و هونەرە و خاوەنی هۆشیارییەکی گشتیی ئەوتۆیە، کە خوێنەر خێرا دەزانێت ئەگەر بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێرانەوە نەبوایە، دەبوو ئەم شۆفێرە لە پێگەیەکی بەرزی ڕۆشنبیرییدا بوایە.

نووسەر لە کتێبی (بەرەو کەناری شپرزەیی) دا، بەوپەڕی وردەکاری و سەلیقەی ئەدەبیی کەسێکەوە کە زۆر ئاگاداری شێوازەکانی گێڕانەوەیە، کۆی ئەو ڕووداوانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە چاوی ئەمدا جێی سەرنج بوون، جوانییەکی دیکەی ئەم گێڕانەوەیە لەوەدایە، کە نووسەر پاشخانە ڕۆشنبیریی و مەعریفییەکەی خۆی بەکار هێناوە و هەر کاتێک باس لە وڵاتێک دەکات، ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندە مێژووییەکەی و باسێکی کورت لە کولتوور و ئەدەب و کەڵە نووسەرانی ئەو وڵاتە، تێکەڵ بە گێڕانەوە چڕەکەی دەکات و خوێنەر ئاشنا دەکات بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەو وڵاتە.

وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکی کورتی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، ئەم کتێبە بەرهەمی سەفەرێکی چەند وڵاتێکی ئەوروپا و سەفەرێکی بچووکی ناوەوەی خۆیەتی، دەرەوەیەکی جیاواز لە کرانەوە و کولتوور و شارستانییەت و دابونەریتی خۆی و دەروبەر و وڵاتەکەی، ناوەوەیەکی داخراو و گەمارۆدراوی ئەو ئەڵقە ئاسنینەی سەدان ساڵە لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، ڕەگاژوی ناو و نۆرم و ئاکارەکانە و بەدەگمەن دەستی کردنەوە، یان شکاندنی بۆ براوە، کە وەک ئەنجامی تاکی ئێمەی زەلیل و بێتوانا کردووە و ئیراەی گۆڕان و یاخیبوونی نەهێشتووە.

نووسەر هەر لەو پێشەکییەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە سەفەرەکەی دەرەوەی کورت و سەرپێییە، بەڵام لە هەندێک بڕگەیدا لەژێر کاریگەریی بۆماوەکانی فاکتی دووەمدا جێگەیەک بۆ سەرنج و سەرسامبوون داگیر دەکات، ئەزموونێکە بۆ زیاتر خۆناسین کە لای من مەزنترین بەها و بەخشندەیی سروشتە بۆ مرۆڤ.

جێی ئاماژەیە، لە بەشی کۆتایی ئەم کتێبەدا گفوگۆیەکی من لەگەڵ مامۆستا ڕەووف بێگەرد بڵاوکراوەتەوە کە ماوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش لەگەڵیدا سازم کرد، لەو گفتوگۆیەدا من بەهۆی پرسیارە کونجکوڵییەکانمەوە سەبارەت بە دیوی ناوەوەی دونیای ئەم نووسەر و وەرگێڕە، خستوومەتە سەر کەڵکەڵەی درکاندنی هەندێک نهێنی و تایبەتمەندێتی ژیان و قۆناغی منداڵی و گەنجێتی و سەرەتاکانی دەستبردن بۆ پشکۆی نووسین و خوێندەوە و فەزای ڕۆشنبیری و کولتووری ئەو سەردەمەی ئەو تیایدا وەک نووسەرێکی چالاک دەرکەوت، بۆیە پێم وایە خوێنەر لەم کتێبەدا بەر دوو جۆر سەفەر دەکەوێت، سەفەرێک لە دنیاوە بۆ دنیا، سەفەرێکیش لە ناوەوە بۆ دەرەوە، کە من پێم وایە ئەم سەفەرەی دووەمیان، گەورەترین قەدەری سەفەری نووسەر و هەر مرۆڤێکە کە توانای ئەو سەفەر و گەشتەی ناوەوەی خۆی هەبێت.

بە گشتی نامەوێت لەسەر کۆی ڕەهەند و لایەنەکانی ئەم کتێبە قسە بکەم، ئەم نووسینەش تەنها هەوڵێکە بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەم خۆیان لە چێژ و جوانی و گرنگی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن، چونکە لە لایەکەوە بەر زمانێکی ئەدەبی باڵا و شێواز و تەکنیکێکی بەرزی گێڕانەوە دەکەون، لە لایەکی تریشەوە بە کۆمەڵێک ڕووداوی سەیروسەمەرە ئاشنا دەبن، ڕەنگە لە گەشت و سەفەرەکانی زۆرینەماندا نەبووبنە مایەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردن، نووسەر لێرەدا ئەزموونی نیوسەدە لە خوێندنەوە و تێڕامان و نووسین و کارکردن لە ناو زمان و کولتوورەکانی تردا کۆکردۆتەوە و پێشکەشی خوێنەری کوردی کردووە.

کتێبی بەرەو کەناری شپرزەیی، چاپی دووەمیەتی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

 

ئیدریس عەلی

ناردن: