ئەنشتاین و گۆدێل؛ دوو بلیمەتی هاودژ بە یەکتر

یەکەمیان گەورەترین فیزیاییە دوای ئیسحاق نیوتن، دووەمیان گەورەترین زانای لۆژیکە دوای ئەرستۆ

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لێرەدا دەمانەوێت وێنەیەکی کەسی/ شەخسی یان “پۆترێتێک” سەبارەت بە دوو گەورە بلیمەتی زانست لە سەدەی بیستەم بخەینەڕوو: ئەلبێرت ئەنیشتاین و کۆرت گۆدێل. یەکەمیان گەورەترین فیزیاییە دوای ئیسحاق نیوتن، دووەمیان گەورەترین زانای لۆژیکە/ مەنتق دوای ئەرستۆ. ئەمە مانای ئەوەیە لە مێژوی فیکری مرۆڤایەتیدا، هەردووکیان چ پێگەیەکی مەزن و بەهاداریان هەیە.

هەرچەندە لە رووی تەمەنەوە، چارەکە سەدەیەک لە یەکتریان جیادەکاتەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، هاوڕێیەتییەکی توندوتۆڵ و متمانە پێکراو، لە نێوانیاندا هەبوو. زانای بەناوبانگ “فریمان دایزۆن” سەبارەت بە هەردووکیان دەڵێت: “گۆدێل تاقە کەسە جورئەتی ئەوەی هەبوو، روبەڕوو لەگەڵ ئەنشتاین راوەستێت و مامەڵەی نەیاری لەگەڵدا بکات. هەمو هاوڕێیانی دیکەی زانکۆ، زەندەقیان لە خاوەنی تیۆرەی رێژەگەرایی چووبوو، هەمویان پێشوەختە گوێڕایەڵی بوون، تەنها گۆدێل نەبێت. ئەنشتاین لای خۆیەوە رێزی لە گۆدێل دەگرت و سڵی لێدەکردەوە. هەرچەندە گۆدێل بیست و پێنج ساڵ لەو بچوکتر بوو. ئەنیشتاین بەهاو قورسایی گۆدێل-ی دەزانی لە بواری زانستی لۆژیک و بیرکاری”.

دوای ئەوەی هەردوکیان لە ترسی هێتلەر و نازییەکان، ئەڵمانیا بەجێدەهێڵن و رادەکەن بۆ ئەمریکا، لەوێ هاوڕێیەتییەکی گەورە لە نێوانیان دێتەئارا. ساڵی 1942 بۆ یەکەمجار لە زانکۆی برنستۆن لە ئەمریکا یەکتر دەبینن. ئاشکرایە ئەمریکا زانی چۆن چۆنی پێشوازی لە عەقڵە مەزنەکانی ئەڵمانیا بکات و بۆ پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی سودیان لێوەربگرێت. بگرە توانی لە دروستکردنی پیشەسازی بۆمبی ئەتۆمی سودیان لێوەربگرێت، بەر لەوەی هێتلەر لەو بوارە بکەوێتە پێش ئەمریکاوە. ئەو مەسەلەیە بۆ هەردوو لا، ئەمریکا و ئەڵمانیا، مەسەلەی مان و نەمان بوو. لە راستیدا ئەم چەکە ترسناک و کوشندەیە کە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبوو، ئەو بوو وایکرد لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەمریکا توانی بۆڕی هێتلەر بداتەوە و سەرکەوێت بەسەر ئەڵمانیا و  یابانی هاوپەیمانی ئەڵمانیادا.

لەنێو ئەو زانا گەورانەی کە ئەمریکا لەو سەردەمەدا پێشوازی لێکردن، ئەنشتاین-ی خاوەنی پرۆژەی بۆمبی ئەتۆمی و گۆدێل بوو. خەڵکی ئەنیشتاین-یان لەبیرە، دوای ئەوەی ببوو بە ئەفسانەیەک. بەڵام بە تەواوی بێئاگان لە گۆدێل. بگرە پێیانوایە گۆدێل جوولەکەیە، وەک زۆربەی زاناکانی دیکە هێتلەر ئەویشی دەرکردووە. بەڵام لە راستیدا گۆدێل جوولەکە نەبوو. بەڵکو مەسیحییەکی لۆسەری بوو، واتە سەر بە مەزهەبی پرۆتستانت بوو کە هەژموونی بەسەر باکوری ئەڵمانیادا هەبوو. مەزهەبی پرۆتستانت گەورە چاکسازی ئاینی “مارتن لۆسەر” دایمەزراندبوو. ئاشکرایە ئەڵمانیا بەم دواییانە، یادی مارتن لۆسەری کردەوە، چونکە دروست پێش پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر، فڕوفێڵ و تەڵەکەبازی پیاوانی ئاینی و پسوڵەی لێخۆشبوون/ غفران و هەڵپەیان بۆ کۆکردنەوەی پارە، ئاشکرا کرد.

هەرچەندە هەمو شتێک نێوانی ئەنشتاین و گۆدێل-ی لەیەکتر جیادەکردەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بوونە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی یەک. هەر بۆ نمونە ئەنشتاین لە ڕووی جەستەییەوە، پیاوێکی کەتە و تاڕادەیەک درێژ بوو. کەچی گۆدێل کەسێکی کورت و زۆر سیسەڵە بوو. لە کاتێکدا ئەنشتاین کەسێکی کراوەی دەروون فراوان بوو، متمانەی بە تواناکانی خۆی هەبوو، حەزی لە گاڵتەو گەپ و پێکەنین و دڵخۆش بوو بە ژیان. بەڵام گۆدێل کەسێکی ڕوو گرژی سینە تەنگ بوو، لە لایەنی دەروونییەوە نەخۆش بوو، بگرە کەسێکی زۆر ئاڵۆز بوو. گەورەترین بەڵگە بۆ ئەوە، لە قرچەی هاوین، پاڵتاوێکی زستانەی ئەستوری لەبەر دەکرد! ئەمە بەلای خەڵکەوە جێگای سەرسوڕمان بوو، ئەگەر نەڵێین جێگای گاڵتەپێکردن بوو. ئەنشتاین ژیانی زۆر خۆشدەویست، خواردنی زۆر باش بوو، سەبیلی دەکێشا، ئافرەتی خۆشدەویست، بێ گوێدانە هیچ شتێک منداڵی لە هاوسەرە شەرعییەکانی و ناشەرعییەکانیشی دەخستەوە. لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتوو بوو، هەرگیز کەسێکی ئاڵۆز نەبوو. بەڵام گرۆدێل-ی هاوڕێی تەواو پێچەوانەی ئەو بوو. تەنانەت لە سێبەری خۆشی دەترسا، خۆی لە بینینی خەڵک لادەدا، تەنها ژمارەیەکی زۆر کەمی هاوڕێ دڵسۆزەکانی نەبێت، لەوانەش ئەنشتاین. زۆر بە کورتی: ئەم زانا بلیمەتە، بگرە ئەم زانایە کە بلیمەتییەکەی هیچی لەوەی ئەنشتاین کەمتر نەبوو، لە رووی دەرونییەوە، تا بڵێی ئاڵۆز بوو.

گۆدێل لە کۆتاییەکانی ژیانیدا، دووچاری نەخۆشی “البارانویا”، واتە وڕێنەی مێشک بوو، دواجار هەر بەو نەخۆشییە سەری نایەوە. ئەو رازی نەدەبوو نان بخوات، لە ترسی ئەوەی نەوەکو خواردنەکە بۆگەن بێت یان ژەهراوی کرابێت! لەو بڕوایەدابوو پلانێکی نهێنی هەیە بۆ ژەهراویکردنی، واتە کوشتنی لە رێگەی ژەهر کردنە ناو خواردنەکەیەوە. لێرەوە وایلێهات گومان لە هەمو شتێک بکات. ئیدی ئا بەم شێوەیە و لەبەر کەم خۆراکی و دابەزینی کێشی بۆ سی کیلۆگرام! کۆچی دوایی کرد. دواتر کتێبەکانی مێژوو شتێکی ئاوامان پێدەڵێن: ئەنشتاین شارەزاییەکی باشی لە مۆسیقادا هەبوو، بە تایبەت سمفۆنیای مۆسیقارە گەورەکانی ئەڵمان و نەماساییەکان، لە نموونەی باخ و بتهۆڤن، بە دیاریکراوی مۆزارت. ئامێری کەمانچەی زۆر بە باشی دەژەند. بە هەمو پێداگرییەکەوە هەوڵیدا گۆدێل بەرەو مۆسیقا راکێشێت، وەلێ هەوڵەکانی بێهودە بوو. گۆدیڵ حەزی لە مۆسیقا نەبوو، بە پێچەوانەی هاوڕێ گەورەکەی. بەڵام حەزی لە سینەمای ئەمریکی و ئەفلام کارتۆن بوو، لەسەر شێوازی واڵت دیزنی. ئەوە ئەو شتە بوو کە ئەنشتاین هیچ کەیفی پێنەدەهات. (لە نێوان دوو کەوانەدا، نیتچە دەڵێت: ئەگەر مۆسیقا نەبوایە، ژیان هەڵەیەکی گەورە بوو).

هەندێک خاڵی دیکەی لێکنەچونی نێوان ئەم دوو هاوڕێیە، لەوانە پێکەنینی ئەنشتاین، پێکەنینێکی ئاشکراو گەورە بوو، دەنگی دەدایەوە. کەچی گۆدێل زۆر بە دەگمەن پێدەکەنی. خۆ ئەگەر پێبکەنیایە، ئەوا بە ئاستەم گوێت لە پێکەنینە کپەکەی دەبوو. وەک دەوترێ لە گەروی خۆیدا پێدەکەنی. بە کورتی هەمو شتێک ئەم دوو کەسەی لەیەکتر جیادەکردەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، بوونە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی یەک. ئایا هاو دژەکان بەیەک ناگەن؟ ئایا رێی تێدەچێت کەسێکی وەک خۆت خۆشبووێت؟ ئەنشتاین رۆژانە دەڕۆشت بۆ ماڵی گۆدێل، تاکو پێکەوە بڕۆن بۆ کتێبخانەی زانکۆ، زانکۆی برنستۆن. سەروەختێک دەوام تەواو دەبوو، پێکەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە. خەڵک بە بەردەوام دەیانبینین، لەسەر شەقامەکان لە تەنیشتی یەکترەوە دەڕۆن. لە راستیدا جیاوازی تەمەن، بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکەین، وایکردبوو هاوڕێیەتی نێوانیان گەرم و گوڕتر بێت و زیاتر لەیەک نزیکببنەوە. لێرەدا پێویستە بزانین ئەنشتاین لە ساڵی 1879 لە دایکبووە، واتە ئەو ساڵەی تێیدا دایکی گۆدێل هاتووەتە دونیاوە، پاشان ئەنشتاین ساڵی 1955 کۆچی دوایی دەکات، واتە پێش گۆدێل بە چارەکە سەدەیەک یان زیاتر. مردنی ئەنشتاین شۆکێکی گەورە بوو بۆ گۆدێل، ئەو نەیتوانی لەو شۆکە بێتە دەرەوە و ساڵی 1978 ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ژیان دەکات.

بەڵام با کەمەکێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ساڵی 1879 کتێبێکی گرنگی زانای ئەڵمانی “گۆتلۆب ڤریچ” دەربارەی لۆژیکی بیرکاری بڵاوبوەوە. ئەو کتێبە بە دیاریکراوی بووە هۆی دامەزراندنی ئەم زانستە. ئاشکرایە گۆدێل راستەوخۆ دوای ئەو دێت و پاشان ئەم زانستە دەگەیەنێت بە لووتکە هەرە بەرزەکەی. ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەنشتاین خۆشیدەویست، بەو چاوە لێیدەڕوانی کە هاوڕێیەکی راستەقینەیە لە کایەی زانستی بیرکاری و فیزیادا، دەیزانی وەک خۆی بلیمەتە. ئەنشتاین بۆ حەلکردنی هەندێک لەو کێشە زانستیانەی دەرەقەتی نەدەهات، پێویستی بە گۆدێل بوو، ئەو کێشانەی نەیدەتوانی بە ئامرازە تایبەتەکانی خۆی چارەسەریان بکات. ئەنشتاین هەندێکجار لەبەرامبەر گۆدێل و زیرەکی و بلیمەتییە لە رادەبەدەرەکەی، هەستی بە ترس دەکرد. باشە ئەگەر ئەنشتاین ئاوا لێی ترسابێت، ئەی دەبێ حاڵی ئەوانی دیکە چۆن بووبێت؟

سەبارەت بە لایەنی ئاینی، ئەنشتاین لەسەرەتای ژیانیدا کەسێکی بێباوەڕ/ مولحید بوو. بەڵام هەڵکشانی نازییەت، ناچاریکردووە هەست بە جوولەکەبوونی خۆی بکات. بەم شێوەیە بۆی گەڕاوەتەوە، بێ ئەوەی ئیمانی ئاینی باو و باپیرانی تەبەنی بکات. ئەنشتاین دەربارەی خۆی ئەم پەرەگرافەی وتووە کە پڕە لە هاودژ: من بە قووڵی بێباوەڕێکی ئیماندارم! بەڵام بەلای ئەوەوە موسا پێغەمبەر (سەلامی خوای لێبێت)، گرنگترین کەس نەبووە، وەک ئەوەی لای هەمو جوولەکەکان وایە. بەڵکو گرنگترین کەس لای ئەو سپینۆزای فەیلەسوف بوو کە لە سەدەی حەڤدەهەم ژیاوە و هەر لەو سەدەیەشدا کۆچی دوایی کردووە. ئاشکرایە ئەم فەیلەسوفە گەورەیە- سپینۆزا- وەک ئەنشتاین جوولەکە بوو، بەڵام تائیفەی جوولەکە لە ریزەکانی خۆیان دەریانکرد، بەکافر لە قەڵەمیاندا و خوێنیان حەڵاڵ کرد، چونکە لە بیروباوەڕی باو باپیرانی لایدابوو، چوبووە سەر فەلسەفەی دیکارت و زانستی مۆدرێن، بگرە لایەنگری تیۆرەی یەکێتی بوون/ وحدە الوجود بوو کە دەڵێت: خودا لە هەمو شتێکی سروشتدا دەردەکەوێت. ئەمە لە ئیسلامدا وەک باوەڕی ئیبن عەرەبی لای خۆمان وایە.

هەرچی گۆدێل-ە، هەرگیز کەسێکی بێباوەڕ نەبوو، بگرە لەسەر شێوازی فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانیا “لایبنتز” باوەڕی بە خودا هەبوو. ئاشکرایە لایبنتز عەقڵانییەتی کرد بە بەر ئیمانی ئاینیدا و دەڵێت: خودای گەورەو مەزن، ئەم جیهانەی بە باشترین شێوە دروست کردووە. بۆیە پێویست بە گلەیی و بێزاری ناکات، تەنانەت ئەگەر دووچاری هەمو جۆرە کارەسات و نەهامەتییەکی شەخسی یان گشتی ببینەوە. لە توانادا نییە جیهانێکی لەمە باشتر دروست بکرێت. لایبنتیز بەوە، دیاردەی گەشبینی فەلسەفی لە فیکری ئەڵمانی و بە شێوەیەکی گشتی لە فیکری مرۆڤایەتیدا دامەزراند. زۆر بە تووندی ئیمانی قووڵی ئاینی، بەستەوە بە فەلسەفە گەورەکەی عەقڵانییەت. گۆدێل شتێکی ئاوای دەوت: خەڵک زۆرجار لەبیریان دەچێتەوە، دامەزرێنەرانی جیهانی مۆدرێن، بێباوەڕەکان نەبوون. کۆپەرنیکۆس باوەڕی بە خودا بوو، هەروەها گالیلۆ و ئیسحاق نیوتن-یش. کەواتە ئەم بیرۆکەیە لە کوێوە هاتووە کە دەڵێت هەمو زاناکان کافر یان بێباوەڕ بوون؟ ئەمە هەڵەیە و هەڵەیەکی زەقە. بەڵام وەک زانای بەناوبانگی فەرەنسی “باستۆر” دەڵێت زانستی کەم لە خوا دوورت دەخاتەوە و زانستی زۆر دەتگەڕێنێتەوە بۆ لای!

لە کۆتایدا، ئەوەی کە خرایە ڕوو، دەمانگەیەنێت بەم دەرئەنجامە: کێشەکە نە لە ئیماندایە و نە لە ئاین، پەنا بەخوا. کێشەکە لەو دەمارگیرییە کوێرانەیە و لەو دۆگما چەقبەستووانەدایە کە راستەوخۆ دەمانگەیەنێت بە تەکفیرکردنی ئەوانی دیکە، تەنها لەبەر ئەوەی لەسەر ئاین یان مەزهەبی ئێمە نین. ئەمە مانای وایە ئیمانی دوای رۆشنگەریی، بە شێوەیەکی رادیکاڵ لە ئیمانی پێش رۆشنگەری ناچێت. یان بڵێ ئیمانی مۆدێرنە یا ئیمانی پۆست مۆدێرنە، بە تەواوەتی جیاوازە لە ئیمانی پێش مۆدێرنە، واتە ئیمانی سەدەکانی ناوەڕاست. دروست کێشەکانی کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکانمان ئالێرەدایە کە تا ئێستاش بە تەواوەتی نوقمی تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و ئیمانی داعشی بووە. ئیمانی داعشی ئیمانێکی تەکفیرییە، چونکە بە تەواوی خاڵییە لە رۆشنبیریی زانستی و فەلسەفی. بە پێچەوانەی ئیمانی رۆشنگەر کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی خۆرئاوادا بڵاوە. بەڵام گومانی تێدا نییە، ئیمانی رۆشنگەریی عەربی ئیسلامی، هەر دێت. هاتنەکەشی بە ئەندازەی مەزنی ئیسلام و مێژووە درێژو پان و پۆڕەکەیەتی.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، سێ شەممە، 14 نیسان 2020

تێبینی: (نەخۆشی البارانۆیا  نەخۆشییەکی دەروونییە و هەندێکجار پێیدەوترێت (جنون العظمە)، کەسی تووشبوو پێیوایە مرۆڤێکی زۆر مەزنە و ئەوانی دی رقیان لێی دەبێتەوە، بۆیە بەردەوام گومان لە خەڵکانی دەوروبەری دەکات. هەست دەکات لە لایەن ئەوانی دیکەوە، روبەڕووی چەوساندنەوە و ئازار و راوەدونان دەبێتەوە. هەندێک شت بە مێشکیدا دێت کە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە. هەمیشە چاوەڕوانی روودانی شتێکی خراپ دەکات، باوەڕ و متمانەی بە هیچ کەسێک نییە کە هەوڵدەدات لێی نزیکبێتەوە و یارمەتی بدات، لەو بڕوایەدایە هاوڕێکانی دەیانەوێت ئازاری بدەن. و-ک).

ناردن: