ئەدگار مۆران ڕەخنەی بەربەریەتی سەرمایەداریی خۆرئاوا دەکات

لە سەروبەندی سەد ساڵەی تەمەنیدا، یاداشتنامە قەبەکەی بڵاوکردەوە…

لە سەرەتادا دەڵێم ئەدگار مۆران، خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی ناوازەیە. ئەم پیاوە لە کاتی لەدایکبوونییەوە، لە ساڵی 1929 تا ئێستا، زیندووە و لە ژیاندا ماوە و بەناو تەواوی سەدەی بیستەمدا تێپەڕیوە. لەمەدا ئەو شتەی بە راستی جێگای سەرسوڕمانە، ئەوەیە مۆران گەشتووەتە ئەم تەمەنە زۆرە و هێشتا خاوەنی تەواویی عەقڵی خۆیەتی. بگرە ئەو تابێت زیاتر و زیاتر کامڵتر دەبێت، بە رادەیەک دروست ئا لەم چرکەساتەدا، بووە بە حەکیمی فەرەنسا و هەمو جیهان. ئەوەتا دوێنێ قسەی لەبارەی ئەم ڤایرۆسە تاوانبارەوە کرد کە سەرتاپای جیهانی تۆقاندووە. من هێندە لەم ڤایرۆسە دەترسم و زەندەقم لێی چووە، تەنانەت جورئەتی ئەوەشم نییە ناوی بێنم. ئەدگار دەڵێت جیهان دوای ئەو ڤایرۆسە، وەک هەمان جیهانەکەی پێش ڤایرۆسەکە نابێت، یان ئەو هیوادار و ئاواتە خوازە وابێت و لە جیهانی پێش کۆرۆنا نەچێت.

مۆران داوا لە خۆرئاوای سەرمایەداری رۆح زل و لوت بەرز دەکات، رەفتارو هەڵسوکەوت و شێوازی ژیانی بەرخۆری خۆی بگۆڕێت؛ کە لێوان لێوە لە شەهوانییەت و چێژی پێویست و نا پێویست و پەرستنی گوێرەکە ئاڵتوونییەکە. بگرە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “لە پێناو سیاسەتێکی شارستانی”، داوا دەکات پەیڕەوی لە سیاسەتێکی شارستانی تەواو جیاواز بکات، لەوەی پێشتر و دەڵێت بێ بوونی مەیلێکی مرۆڤدۆستانەی هاریکارخواز کە رێز لە کەرامەتی مرۆڤ بگرێت و هاوسۆزبێت لەگەڵ مرۆڤدا و پەیوەندی برایانە لە نێوان هەمو گەلان و نەتەوەکاندا دروست بکات، شتێک نییە ناوی شارستانیەت بێت. ئێمە هەمومان لەسەر ئەم هەسارەیەی زەوی دەژین، یا ئەوەتا هەمومان پێکەوە لەگەڵ یەک نوقمدەبین، یان ئەوەتا پێکەوە لەگەڵ یەک رزگارمان دەبێت. کارەساتی “کۆرۆنا” کە لە ناکاو یەخەی گرتووین، زۆر بە روونی ئەوەی سەلماند.

ئەدگار مۆران ئەم هەمو هێز و چالاکییەی لە کوێوە هێناوە؟ ساڵی داهتوو تەمەنی دەبێت بە سەد ساڵی رەبەق، کەچی  هێشتا هەر دەنووسێت و بڵاویشیان دەکاتەوە. بگرە لە زانکۆکان و کۆڕبەندەکان وانە دەڵێتەوە، تا ئێستاش روناکییەکانی و تێڕوانینەکانی خۆیمان پێدەبەخشێت، خودا تەمەن درێژی بکات. لە راستیدا ئێمە زۆر پێویستمان پێیەتی. لێرەدا بەخێرایی تەماشایەکی یاداشتنامە قەبەکەی دەکەم کە بەم دوایانە بڵاویکردووەتەوە و زیاد لە 750 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە. بە راستی ناونیشانێکی شاعیرانەی بۆ داناوە: “یادەوەرییەکان دێن بۆ بینینم”. من ئەو کتێبەم لە کتێبخانەی “کلیلە و دیمەنە” کڕی کە دەکەوێتە ناوجەرگەی پایتەختی مەغریب: ریبات-ی ئاوەدان. زۆر دڵم پێیخۆش بوو، بگرە هەر کە بە شەمەندەفەر گەڕامەوە بۆ ماڵەوە لە قونەیتەرە، دەستم کرد بە خوێندنەوەی و بە تەواوی تێیدا نوقمبوون.

پەیوەندی ئەدگار مۆران بە ئەندرێ بریتۆن

کاتێک ئەدگار مۆران بۆ یەکەمجار ئەندرێ بریتۆن دەبینێت، سەرسام دەبێت بە  کەسایەتییە بەهێزەکەی و شکۆمەندی ئیمپراتۆریەتەکەی. وا هاتووەتە پێش چاوی پاشایەکی مەزن و شکۆدارە و لەسەر تەختی سوریالییەت دانیشتووە. بریتۆن لەو کاتەدا کەسێکی شپرزە و توڕە نەبووە کە بە راست و چەپدا جوێن و قسەی زبر و رەق بڵاوبکاتەوە، وەک ئەوەی ئەدگار چاوەڕێی کردووە و لێی ترساوە. ئاخر ئاشکرایە دووەم بەیاننامەی بزوتنەوەی سوریالییەت، بەڵگەیە لەسەر ئەوە، پڕە لە هەڕەشە و گوڕەشە. بریتۆن پێشتر دەسەڵاتی خۆی زۆر بە تووندی بەکارهێناوە، هەڕەشەی دەرکردنی لە هەر کەسێک دەکرد، ئەگەر بێت و لە پرنسیپە گشتییەکانی بزوتنەوەکە لابدات و بچێتە دەرەوە. بزوتنەوەیەک روخساری ئەدەبی فەرەنسی و بگرە جیهان و عەرەبیشی گۆڕی. وەلێ ئەو گڕگانە هەڵچووە، دوای ئەوە وردە وردە هێور دەبێتەوە.

ئەدگار مۆران پێیوایە بزوتنەوەی سوریالیەت، گرنگترین بزوتنەوەی رۆشنبیرییە کە لە سەدەی بیستەمدا دەرکەوتووە. نووسینی لە هەمو ئەو کۆت و بەندانە رزگار کرد کە دەورەیان دابوو یان فشاریان لەسەر دانابوو، ئاسۆی  داهێنانی لەبەردەم نووسیندا کردەوە. بگرە کار گەشتە ئەوەی مومارەسەی نووسینی ئۆتۆماتیکی بکرێت، واتە نوسینی عەفەوی رزگاربوو لە هەمو جۆرە سانسۆرێکی هۆشیاریی دەرەکی سەرکوتکەر و شلکردنی جڵەو بۆ هۆشیاریی ناوەکی. کاتێک ئەدگار مۆران ئەندرێ بریتۆن دەبینێت، بریتۆن تەمەنی 60 ساڵ بووە و بەناو هەمو ئەزمونە شێتانەکەیدا تێپەڕببوو، گەشتبووە قۆناغی پێگەیشتن و متمانەی تەواو بە خود. بریتۆن ئەم پەرەگرافەی دەڵێت: “هەرگیز لە دەرەوەی خۆشەویستی، هیچ چارەسەرێک نییە. لەم جیهانەدا هەمو شتێک راگوزەرو تێپەڕە، تەنها چرکەساتی خۆشەویستی نەبێت”.

ئەمە مانای ئەوەیە بریتۆن قۆناغی هەڵەشەیی و تەقینەوەی یەکەمجاری تێپەڕاندووە، کە لە تەقینەوەی بومەلەرزە و گڕکانەکان دەچوو. لە جیهانە فیکری و ئەدەبییەکەیدا، چەمکی خۆشەویستی بە مانا تەسک و فراوانەکەی، سەرکەوت بەسەر قسەی زبر و جوێن و نەفرەتدا. ئەدگار مۆران پێش ئەوەی چاوی بە بریتۆن بکەوێت، بە قووڵی دەستی کردبوو بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی سوریالی. هەردوو بەیاننامەی یەکەم و دووەمی بزوتنەوەکەی خوێندبوەوە. هەروەها ژمارەکانی گۆڤاری “شۆڕشی سوریالی” خوێندبوەوە، دانی بەوەدا نابوو پڕە لە تێکستی بلیمەتانە. پاشان دەڵێت ئەو هەمیشە سەرسام بووە بە دروشمەکەی بزوتنەوەی سوریالیەت: پێویستە جیهان بگۆڕدرێت! پێویستە جیهان بگۆڕدرێت! جگە لەوە دان بەوەدا دەنێت ئەو لەم بیرۆکەیەدا کە دواتر گەشەی پێدەدات و دەیکات بە بیرۆکەی خۆی، قەرزاری بریتۆن-ە: لە نێوان ژیان وەک ئینشا و ژیان وەک شیعر، دابەشکردنێکی دوو جەمسەری هەیە. بە مانای ئایا ژیان بە شێوەی ئینشا بژین یان بە شێوەی شیعر؟ لە واقیعدا ئێمە ژیان لە هەردوو حاڵەتەکەیدا دەژین و بە نۆرە، ناتوانین تەواوی ژیان هەر هەموی  شیعریانە بژین، چونکە ئەگەر وامانکرد، ئەوا رۆدەچینە نێو وڕێنە خەیاڵییەکان و دێوانەیی و بە تەواوەتی لە جووڵەی واقیع دادەبڕێین. چرکەساتی شیعریەت هیچ مانایەکی نییە، ئەگەر لەناکاو و دوای چرکەساتێکی دوورو درێژی ئینشا نەیەت، بگرە دوای چرکەساتێکی جاڕسکەری دووبارە بووەوە نەیەت. ئاه ژیان چەند جوانە، شاعیرییەتی ژیان چەند جوانە!

پەیوەندی ئەدگار مۆران بە رۆلان پارت

پەیوەندی ئەدگار مۆران بە رۆلان پارت-ەوە، پەیوەندییەکی دۆستانە و جوان بووە و ململانێخواز نەبووە، بە پێچەوانەی پەیوەندی ئەدگار مۆران لەگەڵ سارتەر. ئەدگار مۆران شتێکی ئاوا دەڵێت: ” لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، لەگەڵ پارت زوو زوو یەکترمان دەبینی. لە ساڵانی شەستەکانی هەمان سەدەدا، تادەهات زیاتر و زیاتر رۆدەچووە نێو ئاقاری سیمۆلۆژی یان سیمیائی. پاشان وەک رەخنەگرە فەرەسییەکان، شەپۆلی بونیادگەری زاڵ بوو بەسەریدا. ئەوان لەم ئاقارەدا زیادەڕۆییان کرد. بە شێوازێکی توێکاری وشک و برینگ، مامەڵەیان لەگەڵ ئەدەب دەکرد، رۆحی ئەدەبیان کوشت و کردیان بە شتێکی بێ رۆح و نەزۆک و بێزارکەر. ئەوان ویستیان ئەدەب بگۆڕن بۆ زانستێکی وشک و تووند، ئەمەش مەحاڵ بوو، چونکە رۆحی ئەدەب رۆحێکی زاتی و شاعیرانەیە، هاودژە لەگەڵ میتۆدە زانستییە ژمێریارییە ورد و سارد و سڕەکان. لەبەر ئەوە من زۆر خۆشحاڵ بووم کاتێک رۆڵان پارت لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، دەستبەرداری بونیادگەری بوو، گەڕایەوە بۆ رۆحی راستەقینەی ئەدەب و دەستی کرد بە نووسینی کتێبەکانی لە جۆری “چێژی دەق”.

ئەو قسانەی ئەدگار مۆران زۆر دڵخۆشی کردم! ئاهێکی کردەوە بە بەرمدا! منیش دروست بونیادگەریم بە هەمان شێوە دەبینی. بیرمە کاتێک لە کۆتایی ساڵانی حەفتا، بۆ خوێندنی رەخنەی ئەدەبی، گەشتمە پاریس، ئەم قوتابخانە تەکنەلۆژییە، بە ساردوسڕییەکەی یەخەی گرتم و تا دوا سنور بێزاری کردم. پێشتر سەبارەت بە بونیادگەری نووسیومە و گوزارشتم لە ناڕەزایی و پێناخۆش بوونی خۆم کردووە لە شەپۆلی بونیادگەری، شەپۆلێک بە هەمو لەخۆبایی و فیزێکەوە، یەکەمجار باڵی بەسەر گۆڕەپانی پاریس و دووەمجار بەسەر گۆڕەپانی عەرەبیدا کێشابوو. بونیادگەری تەنها بریتییە لە گەشەکردنی تیۆرەکەی عەبدالقاهر الجرجانی بلیمەت، سەبارەت بە چەمکی “ریتم/ النظم”. جگە لەوە پێویست ناکات زیادەڕۆیی تێدا بکرێت و چێژی دەق لەبیر بکرێت. نابێت لە میانەی زیادڕۆیی بونیادگەرییەوە کە پڕە لە فۆرمگەرایی بەتاڵ و خشتە و ئامار، ستاتیکای دەقەکە لەناوببرێت. سەرباری ئەوە، رۆشنبیرەکانی ئەو رۆژگارەی فەرەنسا، سەرقاڵیان کردبووین بە ململانێ و دروشمی لەم جۆرە: مەرگی مرۆڤ، مەرگی نووسەر… هتد. لە هەمانکاتدا، زۆر پەرۆشی ئەوە بوون تێکستەکانیان و بەرهەمەکانیان، بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە واژۆ بکەن و بڵاویبکەنەوە. باشە بۆچی تیۆرەی مەرگی نووسەر-یان، بەسەر بەرهەمەکانی خۆیان پیادە نەکرد؟ بۆچی پەرۆشی ئەوە بوون ناوی خۆیان بە فۆنتی گەورەو درەوشاوە، لەسەر کتێبەکانیان دابنێن؟ ئەم هاتوهاوارە چییە؟ خۆشبەختانە لە ئێستادا، هەمو ئەوە لە گۆڕەپانی پاریس نەماوە و کۆتایی پێهاتووە. “ئەوەی پاک و پوختە و بۆ خەڵکی بەسودە دەمێنێتەوە، ئەوەشی خڵتە و خاشاکە دەڕوات و نامێنێت”.

ئەدگار مۆران و شارستانیەتی خۆرئاوا

ئێمە پێمانوابوو بە تاقی تەنها هەر جیهانی خۆرهەڵات نەخۆشە، کەچی بۆمان ئاشکرا بوو خۆرئاواش نەخۆشە، ئەگەرچی بە شێوەیەکی تەواو جیاوازتر. ئێمە گیرۆدەی دەستی توندڕەویی و رقلێبوونەوە لە ئاینەکانی دیکە و غەیبانییەت و تایفەگەرین کە هەلا هەلای کردوین و وایکردووە خەونی یەکێتی نیشتیمانی زۆر دوورە دەست بێت. بەڵام خۆرئاوا بەدەست توندڕەوییەکی پێچەوانەوە دەناڵێنێت، توندڕەوییەک رۆچووەتە نێو ئیباحیات و مادییات و راکردنێکی چڵێسانە بە دوای شەهوەت و دەرچوونی تەواوەتی لە نموونە باڵاکان و رۆحانییەت. توندڕەویی و توندڕەویی پێچەوانە. هۆکارەکان فرە جۆرن و مردنیش هەر یەک مردنە. ئەدگار مۆران شتێکی ئاوامان پێدەڵێت: راستە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا، دوای تێپەڕبوونیان بە قۆناغی رۆشنگەریی، قۆناغی ئوسوڵییەتی ئاینییان تێپەڕاندووە. بەڵام توندڕەوییەکی دیکە لە دایکبووە کە لەوەی پێشو ناچێت. راستە تائیفەگەری و مەزهەبگەرایی تێپەڕاندووە و چیتر لەسەر شوناس کەس سەرنابڕدرێت. وەلێ بەربەریەتێکی نوێ لەدایکبووە، دەکرێت ناوی بنێین بەربەریەتی سەرمایەداری کەلەتەزێن. واتە بەربەریەتی حساباتی ساردو سڕ، قازانج و دەستکەوت، گەشەکردنی تەکنەلۆژیا. پێم بڵێ چەند پارەت لە بانک هەیە، پێت دەڵێم تۆ کێیت. چیتر هیچ بەهایەک نەماوە لەسەرەوەی بەها مادییەکان و موڵک و ماڵ و ئەژمار.

مرۆڤ کورت بووەتەوە بۆ ئەژمارێکی بانکی، ئەگەر ئەو ئەژمارەت گەورە بێت، ئەوا تۆ مەزنترین کەسیت، تەنانەت ئەگەر لەلایەنی ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەوە، کەسێکی هیچ و پوچ بیت و نرخی تورێکی قوڕاویشت نەبێت. خۆ ئەگەر ئەژمارە بانکییەت بچوک بێت، ئەوا لە کۆمەڵگانی خۆرئاوا هیچ بەهایەکت نییە، تەنانەت ئەگەر شەریفترین کەسیش بیت! راستە شارستانیەتی مۆدێرن، پێشکەوتنی زەبەلاحی بۆ کۆمەڵگانی خۆرئاوا هێناوەتە ئارا کە باو و باپیرانیان، تەنانەت لە خەونیشدا، خەونیان پێوە نەبینیوە، وەک: رەفاهیەتی مادیی، خۆشگەزەرانی، پێشکەوتنێکی گەورەی پزیشکی، نەخۆشخانەی نایاب، بیمەی تەندروستی، بیمەی کۆمەڵایەتی، حوکمی دیموکراسی، ئازادی بیروڕا و گوزارشتکردن، تەنانەت لە بواری موقەدەسات و کاروباری ئاینیش…هتد. هەر هەمو ئەوانە شتگەلێکی مەزنن و بە پارە ناکڕدرێن، تەنها ئەوانە گرنگی و بایەخەکەی دەزانن کە لێی بێبەشن (بە شێوەیەکی گشتی تەماشای جیهانی عەرەبی و ئیسلامیمان بکە). بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەم خۆشگوزەرانییە مادییە، وەک پێویست خۆشبەختی ناهێنێت. ئێمە بە شەکەتبوونی دەروونی، ماندووبوون، زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی شەراب و مادەی هۆشبەر، بۆشایی ناوەکی، یان بەتاڵییەکی قووڵی ناوەکی، باجێکی گەورەمان دا. ئا ئەمەیە مرۆڤی خۆرئاوا.

لە هەمو ئەوانەش، جۆرەکانی نائومێدی و عەدەمییەت و بگرە خۆکوشتن بەرهەمدێت. ئا لێرەوە و لەسەر ئاستی کەسی، خۆرئاواییەکان هێشتا کەسانی ئەنانین، بگرە بە جۆرێکی دیکە بەربەرین. ئەو پرسیارەی لێرەدا دەخرێتە ڕوو، ئەمەیە: بۆچی هەست دەکەین بەربەریەت، ئامادەیە لە قوڵایی مرۆڤی شارستانییەوە بێتەدەرەوە کە قۆناغەکانی فێندەمێنیتاڵیزم و تاریکبینی سەدەکانی ناوەڕاستی تێپەڕادووە؟ بۆچی ئەوە لە راقیترین کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا روودەدات کە لە لایەنی ئاوەدانی و پیشەسازی و مادیی و تەکنەلۆژی و شارستانییەت، لە هەمو کۆمەڵگاکانی دیکە پێشکەوتوترە؟ وەڵامی فەیلەسوفە گەورەکە ئەدگار مۆران ئەگەر بە باشی لێی تێگەیشتبم، ئەمەی خوارەوەیە: چونکە پەیامی هاوسۆزی گەردونی و بیرۆکەی برای مرۆڤایەتی و هەمو بەها نموونەییە باڵاکان، نەیتوانیوە سەرکەوێت بەسەر کرۆکە پتەوەکەی بەربەریەتی ناوەکی، کە لە قوڵایی مرۆڤدا جێگیر بووە. سوپاس ئەدگار مۆران!

سەرچاوە:

الشرق الاوسط، پێنج شەممە، 7 ئایار 2020

ناردن: